چەکی ئەتۆمی تاکتیکی؛ ئەو چەکە مەترسیدارەی ترس هەیە دژی ئێران بەکار بهێنرێت
٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەپاڵ ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر دوورگەکانی ئێران، باسیش لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە دژی ئێران دەکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی کردنەوەی دەرگای دۆزەخی بەرووی ئەو وڵاتەدا کرد.
چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بەو چەکە دەوترێت کە لە گۆڕەپانی شەڕدا بەکار دەهێنرێت و وێرانکەری شارەکان نییە. ئەم چەکانە لە دەرەوەی چوارچێوەی پەیماننامە ستراتیژییەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک بەکار دەهێنرێن.
ئەمەریکا و ڕوسیا خاوەنی گەورەترین پشکن لە کۆگای ئەتۆمی تاکتیکی، هەروەها هیندستان، پاکستان، چین، کۆریای باکوور و ئیسرائیلیش خاوەنی ئەو جۆرە چەکانەن.
زۆرجار چەکی تاکتیکی لە شێوەی موشەکی بالیستی کورت مەودا، موشەکی کروز کە لە زەوی و دەریا و ئاسمانەوە هەڵدەدرێن یان بۆمبی کێشکردن کە لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە هەڵدەگیرێت.
جیاوازی نێوان چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و ستراتیژیی
چەکی ئەتۆمی تاکتیکی کە بە چەکی ئەتۆمی ناستراتیژیش ناودەبرێت، لە بەرەکانی شەڕدا بەکار دەهێنرێت و مەودایان کورتترە لە چەکی ئەتۆمی ستراتیژیی، یان مەودا دوور کە بۆ لێدانی ڕاستەوخۆی خاکی دوژمن دروستکراون.
چەکی ئەتۆمی تاکتیکی پانتایی تەقینەوەکەی کەمترە لە چەکی ستراتیژیی، ئەمەش وادەکات لە ڕووی سەربازییەوە بەکاربهێنرێت و ناڕەزایەتیی و لێکەوتەی سیاسی کەمتر بێت.
چەندین چەکی تاکتیکی ڕووسی و ئەمریکی هەن پانتایی تەقینەوەیان زۆر زیاترە، بەراورد بەو بۆمبەی کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا هێرۆشیمای پێکرایە ئامانج و زیاتر لە ٧٠ هەزار کەسی کوشت.
لە سەردەمی شەڕی سارددا ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت ژمارەیەکی زۆر چەکی تاکتیکییان عەمبار کردو بەشێک لەو چەکانەیان لە ئەوروپا جێگیر کرد، ئێستا هەرچەندە کۆگاکانیان بچووکترە بەڵام توانای وێرانکاریی زیاتریان هەیە.
مەترسیداری ئەتۆم
ئەمەریکا و روسیا خاوەنی ٩٠%ی کۆگای ئەتۆمی جیهانن کە دەکاتە نزیکەی ١٣ هەزار کڵاوەی ئەتۆم. هەردوو وڵات لەوە تێدەگەن هەر جۆرە بەکارهێنانێکی چەکی ئەتۆمی ستراتیژیی دەبێتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕی ئەتۆم و مرۆڤایەتی وێران دەکات.
چەکی ئەتۆمی تاکتیکی ئاڵۆزیی زیاد دەکات و بۆ لێدانی ئامانجێکی سەربازیی دیاریکراوە، بەراورد بە ئەتۆمی ستراتیژیی قوربانی کەمتر لێدەکەوێتەوە.
هەندێکجار چەکی ئەتۆمی تاکتیکی وەکو نمایش و بۆ هەڕەشە کردن بەکار دەهێنرێت، وەکو ئەوەی روسیا چەکی ئەتۆمی لەنێو دەریای ڕەشدا تەقاندەوە بۆ ئەوەی وڵاتانی ناتۆ لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا ئاگادار بکاتەوە.
شرۆڤەکارە جەنگییەکانی ئەمەریکا پێیانوایە هەر ململانێیەک بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی تێبکەوێت، رەنگە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت.
جۆرەکانی ئەتۆمی تاکتیکی ئەمەریکا و روسیا
ئەمەریکا خاوەنی نزیکەی ٢٠٠ چەکی ئەتۆمی تاکتیکی کێشکردنە، کە تێیاندایە ١١ جار لەو بۆمبە بەهێزترە کە هێرۆشیمای پێ وێرانکرا. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا نزیکەی 100 لەو بۆمبانەی کە بە B61 ناسراون لە پێنج وڵاتی ئەوروپیدا جێگیر کردووە کە بریتین لە ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، تورکیا، بەلجیکا و هۆڵەندا.
لە بەرامبەردا ڕووسیا خاوەنی نزیکەی ٢٠٠٠ چەکی ئەتۆمی تاکتیکییە، بەڵام هاوشێوەی ئەوانەی ئەمەریکا بەهێز و مەترسیدار نین. ئەم چەکانە دەتوانرێت لە ئاسمان و دەریا و وشکانییەوە هەڵبدرێن و هەندێکیان توانای هەڵگرتنی چەکی ئاسایییان هەیە.