کارایی پرۆژەیی ئێرانی، تورکی و ئیسرائیلی: وڵاتانی عەرەبی پرۆژەیان بۆ ناوچەکە نییە

٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٠١ پاش نیوەڕۆ

 کارایی پرۆژەیی ئێرانی، تورکی و ئیسرائیلی: وڵاتانی عەرەبی پرۆژەیان بۆ ناوچەکە نییە

پەنجەرە

لەکاتێکدا ئەوەی لەناوچەکەدا دەگوزەرێت تەنها ململانێیەکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی نییە، بەڵکو وەرینی سیستەمێکی ناوچەییە کە لەمێژە پشتی بە گەرەنتی ئەمەریکا و کاردانەوەکانی ئەو وڵاتە بەستووە.

دەیان ساڵە هاوپەیمانە نەریتییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکەدا بە تایبەت وڵاتانی کەنداو و ئوردن و میسر بەشێوەی تاک مامەڵەیان لەگەڵ قەیران و پێشهاتەکاندا کردووە، هەندێکجار هەماهەنگی یەکتر و هەندێکجاریش ناکۆک بوون.

لەکاتێکدا هێرشکردنە سەر ئێران ئاڵەنگارییەکانی بەردەم ئەو وڵاتانەی لە تاکەوە بۆ کۆ گۆڕیی و هێرشکرایە سەر حەوت وڵاتی عەرەبی، بۆیە وەزیری پێشووی دەرەوەی ئورد رایگەیاند: بۆشاییەکی گەورە لە جیهانی عەرەبیدا هەیە و هەمووان پڕی دەکەنەوە جگە لە عەرەبەکان.

مەروان مەعشەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئوردن دەڵێت: پرۆژەی ئێرانی و پرۆژەی فراوانخوازیی ئیسرائیل و پرۆژەی تریش هەن بۆ لە قاڵبدانی ناوچەکە، بەڵام هیچ پرۆژەیەکی عەرەبی بوونی نییە.

پرۆژەی ئێرانی پشت بە ناردنە دەرەوەی شۆڕش بۆ دەرەوە و بەکارهێنانی گۆروپە چەکدارە پرۆکسییەکان دەبەستێت، ئامانج لەم پرۆژە فراوانکردنی هەژموونی ئێرانە لەناوچەکە و رێگریکردنە لەگەیشتنی پریشکی ئاگرەکە بۆ ناوخۆی ئێران، گەرچی دواتر ئاڵۆزییەکان گەیشتنە ناوخۆی ئەو وڵاتە.

لەکاتێکدا پرۆژەی تورکیا پشت بە هێزی نەرم و بونیاتنانی کاریگەری سیاسی درێژخایەن دەبەستێت، دەیەوێت لەرێگەی کلتور و ئاینەوە رۆڵ لەناوچەکەدا بگێڕێت.

ئیسرائیلیش لەرێگەی هێزەوە دەیەوێت هەژموونی لەناوچەکەدا بچەسپێنێت، سنور و واقیعی سیاسی سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە و کێشەی فەلەستین لەسەر حسابی میسر و ئوردن چارەسەر بکات.

عەرەب و بێ پرۆژەیی 

شرڤەکارانی عەرەب دەڵێن هاوبەشیکردنی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئەمەریکا نەیتوانی لە هێرشەکانی ئێران بیانپارێزێت، ئەمەش وایکرد ئاسایشی دەرەوەی کەنداو "لەرزۆک" دەربکەوێت.

بەبڕوای شرۆڤەکاران ئەمەریکا بۆ هەڵگیرسانی شەڕ بەرژەوەندی کەنداوی بەهەند وەرنەگرت و لەکاتی شەڕەکەشدا بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی پێشخست، ئەمەش وایکردووە کەنداو هەست بە تەنهایی بکات.

بەرپرسێکی کەنداو دەڵێت: ئێمە لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ئەمەریکا هەبوو، بەڵام کاتێک ئێران هێرشی کردە سەرمان، ئێمە بەجێهێڵراین و قورسایی شەرەکە کەوتە سەرشانمان.

وڵاتانی عەرەبی نزیکایەتی لەگەڵ ئەمەریکا وەکو بەشێک لە "سیاسەتی نەرم" وێنا دەکەن، لەکاتێکدا نەیارانیان وەکو جێبەجێکاری ئەجێندای رۆژئاوا و سەرچاوەی بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە لێیان دەڕوانن.

وڵاتانی عەرەبی لە سەر زۆر پرس ناکۆکن بەڵام لەسەر دژایەتی ئێران و دۆسیە ئەتۆمییەکەی تەبان، هەرچەندە شەڕ زیانی گەورەی پێگەیاندوون و قۆناغی هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی دوای شەڕیش بۆ ئەوان مایەی مەترسییە.

وڵاتانی عەرەبی ترسیان لەدووبارە بوونەوەی ئەزموونی عێراقیش لەناوچەکەدا هەیە، کاتێک رژێمی بەعس لەلایەن ئەمەریکاوە رووخێنراو سیستەمێکی تایەفی یاخی جێگەی گرتەوە.

داڕمانی ئێران و دروستبوونی ناسەقامگیری لەناوچەکەدا بۆ زۆربەی وڵاتان مایەی مەترسییە، لەکاتێکدا مانەوەی دەسەڵاتی ئێرانیش دیسانەوە مایەی گرفتە و دەتوانێت لە رێگەی هێزە پرۆکسییەکانەوە گرفت دروست بکات.

عەرەب تەنها گیرۆدەی دەست ئێران نییە، بەڵکو جموجۆڵی فراوانخوازیی ئیسرائیل کێشەی ئەوانی هێندەیتر قوڵتر کردووەتەوە’، بەتایبەت ئیسرائیل جگە لە وێرانکردنی غەزە کار بۆ فراوانکردنی زیاتری سنورەکەی دەکات لەسەر حسابی ئەوان.

بەرای شرۆڤەکارانی سیاسی عەرەب، ئەوەی بۆ وڵاتانی عەرەبی پێویستە هاوپەیمانی سەربازیی نییە، بەڵکو چوارچێوەیەکی سیاسی و ئەمنییە کە توانای دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی و هەڕەشە هاوبەشەکانی هەبێت و مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

بەبڕوای شرۆڤەکارانی عەرەب، دەبوو وڵاتانی عەرەبی لەسەر هەڕەشەکانی ئێران هەڵوێستی یەکگرتوویان هەبووایە، بەوەی بەروونی دژی توانا سەربازیی و ئەتۆمییەکانی ئێران جوڵەیان کردبا تا کۆتایی بە هەڕەشەکانی سەریان بێت.

بەرپرسێکی باڵای عەرەب دەڵێت: ئەگەر شەڕی دژ بە ئێران ئامانجەکەی بەدی نەیەت، کاریگەری لەسەر کەنداو زیاتر دەبێت و ئێران شەڕانگێزتر دەبێت.

دەشڵێت: دەبێت خۆمان بۆ قۆناغی دوای جەنگ و تۆڵەی ئێران ئامادە بکەین.
جەختیکردەوە: ئەمەریکا و ئیسرائیل بەجێمان دەهێڵن، بەبیانووی ئەوەی بەشداری شەڕمان نەکردووە.

دژایەتی عەرەب بۆ لکاندنی کەناراوەکانی رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە و ئاوارەکردنی زۆرە ملێی فەڵەستینییەکان، بەلای دەستەبژێری عەرەبییەوە دەبێت وەکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و پاراستنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان، هەروەها کەمکردنەوەی پشت بەستن بەو وڵاتە خواستێکی تری دەستەبژێری عەرەبییە.
 لەپاڵ مەترسی ئێران و هەڕەشەی فراوانخوازیی ئیسرائیل، نائارامی سوریا و عێراق بۆ وڵاتانی عەرەبی مایەی گرفتە، 
بەرپرسێکی باڵای ئوردن دەڵێت: کارتمان هەیە و دەبێت بەکاری بهێنین، گرنگترین شت بەکارهێنانی کارتی وزەیە لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە.

دەستەبژێری عەرەبی پێیوایە وڵاتانی عەرەبی دەتوانێت وزە وەکو فشار بەکار بهێنێت، بەڵام ئێرادەیان نییە و هاوهەڵوێست نین، بۆیە ناتوانن ببنە یاریکەری سەرەکی لەنێو گۆڕەپانی ناوچەکەدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو