شەڕی دژ بە ئێران؛ هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بێ رۆڵ دەکات

٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٠٥ پاش نیوەڕۆ

 شەڕی دژ بە ئێران؛ هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بێ رۆڵ دەکات

پەنجەرە

زیاتر لە مانگێک شەڕی ئەمەریکا دژی ئێران بەس بوو  بۆ پیشاندانی رۆڵی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان، کە وەکو میکانیزمی ناوچەیی تەواوکەری نەتەوە یەکگرتووەکان بووبووە بەشێک لە سیستەمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم. 

دیارترین ئەو ڕێکخراو و هاوپەیمانێتییانەی کە بەهۆی شەڕەوە کاریگەرییان لەسەر دروستبووە، بریتین لە ناتۆ، ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو ، یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی. 

دەوڵەتانی کەنداو، بێلایەنییان لەبەرامبەر شەڕی ئێران هەڵبژارد، بەڵام دواجار هێرشیان کرایە سەر و خەریکە وڵاتەکانیان دەبێتە گۆڕەپانی درۆن و موشەک.

شەڕەکە بۆ وڵاتانی ئەوروپا هۆشداریی ئامێزبوو، بەهۆی دابەزینی ڕۆڵی ئەمریکا وەک هێزی سەربازی باڵادەست لەسەر کیشوەرەکە. سەبارەت بە جیهانی عەرەبی، شەڕەکە کاریگەری قوڵی لەسەر کۆمکاری عەرەبی نەبوو، تەنها ئەوە نەبێت کە دووبەرەکی تێدا دروستکردووە سەبارەت بە هەڵوێستەکانی.

ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو 

دەیان ساڵە دەوڵەتانی کەنداو خۆیان لە ملانێی راستەوخۆ بەدوور دەگرن، ئەمەش ئەو تێڕوانینەی دروستکرد ئەنجومەنەکە ئەنجومەنێکی گەشەپێدانە نەک ئەمنیی.

هەروەها تێڕوانینێکی دژبەیەکیشی دروستکرد لەنێوان پشت بەستنی ئەوان بە توانای ئەمەریکا و هۆکاری دامەزراندنی ئەنجومەنەکە کە لەبنەڕەتدا بۆ بەرگرتن بە هەڕەشەکانی ئێران پێکهێنراوە.

زۆربەی وڵاتانی کەنداو بەردەوام لەرێگەی سیاسییەوە دژی ئێران جوڵاون، لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رژێمە با وریاییەوە تا ئاستی نزیکبوونەوە و دانوستان مامەڵەیان کردووە.

شەڕی دژ بە ئێران و هێرشەکانی سەر ئەندامانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، گرفتی گەورەی ئەو وڵاتانەی دەرخست کە بایەخ نەدان بوو بە ئاسایشی بە کۆمەڵ، لەکاتێکدا 85%ی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەوان و تەنها 25%ی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بوون.

ساڵح خەتلان، چاودێری سیاسی دەڵێت: هەڕەشەکانی ئێران لەسەر کەنداو گۆڕاون بۆ هەڕەشەی راستەقینە و راستەوخۆ، بەتایبەت ئەمە یەکەمجارە بەمجۆرە هێرش دەکرێتە سەر ئەو وڵاتانە.

دەشڵێت: عومان پارێزگاریی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران کردووە و جیاواز لە وڵاتانی تری کەنداو هەنگاوی ناوە، چی لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق و چی لە ڕێگەی ڕۆڵی دواتری لە نێوەنگیری کردن لە نێوان ئێران و ئەمەریکا.

خەتلان پێشبینی دەکات شەڕەکە یەکخستنی هەڵوێستی کەنداوی لێبکەوێتەوە، ئەمەش لە پێناو داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لەڕووی دیپلۆماسی و ئەمنی و سەربازییەوە.

ناوبراو وتی: چڕیی و بەردەوامی هێرشەکانی ئێران و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی، سەرباری بێلایەنی وڵاتانی کەنداو دەبێت هەڵوێستی کەنداو یەکبخات.

 ئەو توێژەرە ئاماژە بە دوو پرس سەبارەت بە دیاریکردنی هەڵوێستی کەنداو. یەکەم: شەڕەکە هێشتا بەردەوامە و هێشتا نازانرێت چۆن کۆتایی دێت، ئەمەش دیاریکردنی هەڵوێستی دەوڵەتانی کەنداو بەرامبەر بە ئێران لە دوای جەنگ قورس دەکات.
دووەم: ئاماژە سەرەتاییەکان دەرخەری ئەوەن ڕەنگە جیاوازی لە هەڵوێستی ئەو وڵاتانەدا دروست ببێت، هەندێکیان پێیانوایە ئێران بووەتە رژێمێک مامەڵەکردن لەگەڵیدا قورسە.

شەڕ متمانەی نێوان ئێران و کەنداوی بەتەواوەتی نەهێشت، بەهۆی ئەو هێرشانەی کرایە سەریان.

کۆمکاری عەرەبی

شەڕەکە سنورداریی کاریگەریی کۆمکاری عەرەبی زیاتر دەرخست، کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٤٥، کۆمکارەکە ڕۆڵی خۆی وەک چوارچێوەیەکی هەماهەنگی و سەکۆیەک بۆ ڕاوێژکاری سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی ونکرد.

گوتاری کۆمکاری عەرەبی سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران ڕەخنەی زۆری لێگیرا و بە لاواز وەسفکرا، بەتایبەت دوای هەفتەیەک لە هێرشەکان داوای کۆبوونەوەی کرد و ئەمە بە درەنگ زانرا.

وەزیری دەرەوەی کوەیت لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ١٦٥ی کۆمکاردا ڕەخنەی لە کۆمکار گرت و ڕایگەیاند: ئەزموون دەریخست کاری پێکەوەیی عەرەب لاواز و سنوردارە.

وتیشی: کۆمکاری عەرەبی بێ توانایی خۆی دەرخست لەبەرامبەر پاراستنی ئاسایشی عەرەبی و ئیدانە کردن هەڵوێستێکی لاوازە.

وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش ڕایگەیاند:کۆمکاری عەرەبی لە دۆخێکدایە، دەبێت هاودەنگی پڕ لە دووفاقی پیشان بدات یان بێ کاریگەر بێت.

وتی:هەموو وڵاتانی عەرەبی و ناعەرەبی هاودەنگی خۆیان لەگەڵ ئێمەدا ڕاگەیاندووە، بەڵام بە پلەی جیاواز، جیاوازی دەکەین لە نێوان ئاستی پشتیوانی و سروشتی هاودەنگی، هەروەها لەنێوان ئەوانەی پەلەیان کرد بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازیی.

لای خۆیەوە سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی، دەڵێت: هەڵوەشاندنەوەی کۆمکاری عەرەبی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێران و زلهێزەکان دەکات. لانیکەم رێکخراوەکە پاڵپشتی بەدەست دەهێنێت بۆ بەرگریکردن لە مافە عەرەبییەکان. بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی باڵێکی سەربازیی و دانی نا بە سنوورداری بژاردەکانیاندا.

ناتۆ

 کاریگەری شەڕی ئێران لەسەر ناتۆ زیاترە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی کشانەوەی لە هاوپەیمانێتییەکە کرد، ئەمەش پاش ئەوەی ئەندامانی ناتۆ رەتیانکردەوە بەشداری لە کردنەوەی گەروی هورمزدا بکەن.

بە لەبەرچاوگرتنی قورسی ڕازیکردنی کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە ناتۆ، پێناچێت ترەمپ بتوانێت لەو هاوپەیمانێتییە بکشێتەوە، بەڵام دەتوانێت گرفت بۆ ئەندامەکانی دروست بکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو