هەواڵگیریی ئەمەریکا ئێرانی فریوداوە؛ گومان دەکرێت ئەمەریکا هەوڵی بردنی یۆرانیۆمەکەی ئێرانی دابێت
٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:١٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەرپرسانی ئێران رایدەگەیەنن ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکا بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانی دووەمی فڕۆکەیەکی جەنگی کە لە نێو وڵاتەکەیان کەوتووەتە خوارەوە، ڕەنگە رووپۆشێک بووبێت و بەشێک بێت لە هەوڵی “دزینی یۆرانیۆمە پیتێنراو"ەکەیان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە، ڕایگەیاند: ئەمەریکا دووەم فڕۆکەوانی فڕۆکەی جەنگی F-15E ی ڕزگارکردووە کە هەینی ڕابردوو لە ئێران کەوتووەتە خوارەوە، ئەمەشی بە ئۆپەراسیۆنێکی "بوێرانە" وەسفکرد.
بەڵام هێزەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنەکەیان بە "فێڵ و هەڵهاتن" وەسفکرد و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "شکستی هێناوە".
ئیسماعیل باغایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئەو ناوچەیەی کە گوایە فڕۆکەوانە ئەمەریکییەکەی لێ بووە، زۆر دوورە لەو ناوچەیەی کە فڕۆکەکانی ئەمەریکا هەوڵی نیشتنەوەیانداوە.
ئێران گومانی هەیە لەوەی ئۆپەراسیۆنەکە پلانی فریودانی لە پشتەوە بووبێت، لەوکاتەی هەوڵی رزگارکردنی فرۆکەوانەکە دراوە.
بەرپرسەکەی ئێران وتیشی: رەنگە ئۆپەراسیۆنێکە فێڵی لە پشتەوە بووبێت و بۆ دزینی یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت. ئۆپەراسیۆنەکەشی بە “کارەساتبار” بۆ واشنتۆن وەسفکرد.
چەند ڕۆژێک پێش ئۆپەراسیۆنەکە، میدیاکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو سوپای ئەمەریکا لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ پلانێکی تۆکمەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران ئامادە کردووە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمەریکا پلانێکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی ٤٥٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ کردووە.
ئەو دوو سەرچاوەیە ڕوونیان کردەوە، پلانەکە بریتییە لە بەکارهێنانی ئامێری کونکردن و دروستکردنی ڕێڕەوی فڕین بۆ فڕۆکە بارهەڵگرەکان بۆ گواستنەوەی ماددە تیشکدەرەکان بۆ دەرەوەی وڵات.