فاتمییەکانی ئەڤغانستان و زەینەبییەکانی پاکستان؛ ئەو هێزانەی ئێران بۆ بەهێزکردنی شورای ئەمنی سودیان لێوەردەگرێت

٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٢:٠٠ پاش نیوەڕۆ

فاتمییەکانی ئەڤغانستان و زەینەبییەکانی پاکستان؛ ئەو هێزانەی ئێران بۆ بەهێزکردنی شورای ئەمنی سودیان لێوەردەگرێت

پەنجەرە

چەکدارانی لیوای فاتمییەکانی ئەڤغانستان لەلایەن ئێرانەوە و لەچەند شار و شەقامێکی ئەو وڵاتە بڵاوەیان پێدەکرێت، ئەمەش بۆ پاڵپشتیکردنی سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج.

ڕۆژی شەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا کاروانێکی ئۆتۆمبێلی فاتمییەکان دەردەکەون کە ئاڵای تایبەت بەخۆیان هەڵکردبوو. ئەوان لەرێگەی نمایشێکی گەورەی سەربازییەوە هاوسۆزیی خۆیان بۆ ئیران پیشاندا.

لیوای فاتمییەکان لە ساڵی 2013ەو لەلایەن سوپای قودسەوە دامەزرێنرا، ئەمەش لەچوارچێوەی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی و بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوریا و عێراق و لوبنان.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، کاروانی سەربازیی و چەکدارانی فاتمییەکان لە تارانی پایتەخت و ناوچە گرنگەکانی دیکەی وەک پارێزگای خوزستان و شاری ئابادان جێگیرکراون.

ئەمە لەکاتێکدایە راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران حەشدی شەعبی و لیوای زەینەبییەکانی پاکستان بەکار دەهێنێت بۆ بەهێزکردنی شورای ئەمنیی وڵاتەکەیی و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییە سەربازییەکان.

چاودێران پێیانوایە پشت بەستنی تاران بە چەکدارانی بیانی گوزارشت لە نیگەرانیی بەرپرسانی ئێران دەکات، لە بارەی پەرەسەندنی گرژییەکان و پڕ کردنەوەی بۆشاییەکان کە بەهۆی کەمی هێزەوە دروستبوون.

فاتمییەکان

سوپای قودسی ئێران لە کاتی سەرهەڵدانی  د۱عـ.،ـش لە سوریا و عێراق، لیوای فاتمییەکانی دامەزراند و لیواکە لە کۆچبەرە ئەڤغانییەکانی تاران و چەکدارە شیعە ئەڤغانییەکان پێکدێن.

عەلی ڕەزا تەوەسلی ناسراو بە ئەبو ئەحمەد، دامەزرێنەر و فەرماندەی یەکەمی لیوای فاتمییەکانی ئەفغانستان بوو . ناوبراو لە ساڵی 2014 کوژرا، هێزی فاتمییەکان شانبەشانی هێزەکانی ئەسەد لە سوریا دژی د۱عـ.،ـش جەنگان و  هێشتا گومان دەکرێت ژمارەیەکیان لە سوریا مابن.

بەپێی راپۆرتەکان، سەرباری ناکۆکی نێوان تاران و بزووتنەوەی تاڵیبان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان و جیاوازی مەزهەب، تاران سودمەندە لە پاڵپشتی لیوای فاتمییەکان کە بەرەچەڵەک ئەڤغانین.

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی “بروکینگز”، ئێران بەردەوامە لە وەرگرتنی چەکداری ئەفغانی و زیادکردنی ژمارەی چەکدارەکانی لیوای فاتمییەکان، پێناچێت تاڵیبانیش لاری لەم هەنگاوە هەبێت.

بۆ وەرگرتنی چەکداری ئەڤغانی و زیادکردنی ژمارەی چەکدارانی فاتمییەکان، سوپای قودس کە باڵی دەرەوەی سوپای پاسدارانە دروشمی "بەرگریکردن لە مەزارگەی سەیدە زەینەب"ی لە نێو کۆچبەرانی ئەڤغانی دانیشتووی ئێراندا بەکارهێنا.

چەکدارانی فاتمییەکان موچەی مانگانە و پاڵپشتی دارایی دەکرێن، بەڵێنی مافی مانەوەی هەمیشەیی و تەنانەت پێدانی رەگەزنامەی ئێرانیش بەچەکدارانی فاتمییەکان دراوە. هەرچەندە بەشێک لەو چەکدارانە دوای برینداربوونیان لەشەڕی  د۱عـ.،ـش گەڕانەوە ئەڤغانستان و رەگەزنامەیان پێنەدرا.

ئاماری وردی ژمارەی ئەندامانی لیوای فاتمییەکان کە بەشدارییان لە بەرگریکردن لە ڕژێمی ئەسەد کردووە، بڵاونەکراوەتەوە. بەڵام زوهێر موجاهید ئەفسەری لیواکە، لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕایگەیاندبوو نزیکەی ٢٠٠٠ ئەندامی لیوای فاتمییەکان لە سوریا و عێراق کوژراون و نزیکەی ٨ هەزار کەسیش برینداربوون.

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢١ هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان لەکاتی گەڕانەوەیان لە ئێرانەوە بۆ ئەڤغانستان، ژمارەیەک ئەندامی لیوای فاتمییەکانی دەستگیرکرد و زیندانی کردن.

دەستگیرکراوەکان دوای ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستان و گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات ئازاد کران، دواتر بەشێکیان گەڕانەوە و چوونەوە ڕیزەکانی لیوای فاتمییەکانەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو