ئاسمانی هەرێمی کوردستان؛ لە دیمەنی دڵڕفێنی فڕۆکە مەدەنییەکانەوە بۆ دەنگی سامناکی فڕۆکە جەنگییەکان
٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٢:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێش هەڵگیرسانی شەڕی دژ بە ئێران و دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان رێڕەوێکی سەرەکی فڕۆکە مەدەنییەکان بوو، بەڵام ئێستا دیمەنەکان بۆ تێپەڕینی فڕۆکە جەنگییەکان گۆڕاون.
تێپەڕینی فڕۆکە مەدەنییەکان بە ئاسمانی هەرێم دا، بەشێکبوو لە جوڵەی فڕۆکەوانی وڵاتانی کەنداو کە فڕۆکەکانیان بەردەوام لەنێوان کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقادا سەرنیشینیان دەگواستەوە.
هەڵگیرسانی شەڕی دژ بە ئێران دۆخی فڕۆکەوانی کەنداو و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکەی خستە گێژاوەوە، ئەمەش وایکرد هێڵی ئاسمانی وڵاتانی رۆژاوا جێگەیان بگرێتەوە.
هێڵە ئاسمانییەکانی وەک لوفتانسای ئەڵمانیا و هێڵی ئاسمانی بەریتانی و گروپی ئایر فەرەنسا-KLM، هەوڵی راکێشانی سەرنیشینان دەدەن و بۆ وڵاتانی هیندستان و تایلەند و سەنگافورە دەیانگوێزنەوە.
هێڵە ئاسمانییە ئەوروپییەکان هەوڵدەدەن دۆخەکە بقۆزنەوە و ئەو بۆشاییەی لە کەرتی فڕۆکەوانیدا دروستبووە پڕی بکەنەوە، بەڵام ناچارن نرخی بلیت بەرز بکەنەوە بەهۆی گرفتی وزەوە.
ڕۆب واکەر، شرۆڤەکاری فڕۆکەوانی ICF بە بلومبێرگ-ی وتووە: کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واز لە خواستەکانیان ناهێنن و هەوڵی گەڕانەوە دەدەن. “ئەوروپییەکان پێویستە دەرفەتەکە بقۆزنەوە تا ئەوکاتەی شەڕ بەردەوامە.”
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای Flightradar24، هێڵە ئاسمانییە گەورەکانی وەک هێڵی ئاسمانی یونایتد و هێڵی ئاسمانی دێڵتا گەشتە دوور مەوداکانیان بە ڕێژەی لەسەدا ١١ و ١٢ زیادکردووە.
لە کاتێکدا هێڵە ئاسمانییە ئەمریکییەکان گرفتی بەرزبوونەوەی نرخی وزەیان هەیە، بەڵام مانگی ڕابردوو سوودیان لە زیادبوونی خواستی گەشتکردن وەرگرتووە، چونکە گەشتیاران پەلەیان کردووە لە کڕینی بلیت پێش ئەوەی نرخەکان بەرزببنەوە.
ساڵانێکی زۆر هێڵە فڕۆکەوانییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بینەری پڕ لە جوڵەی هێڵە ئاسمانییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون، کە بە فڕۆکەی نوێ و پێشکەوتوو هاتووچۆیان بە سەرنیشینەکان دەکرد.
ئیمارات و هێڵی ئاسمانی قەتەر گۆڕەپانی جوڵەی ئاسمانییان کۆنترۆڵ کردبوو، ئەمەش بەسود وەرگرتن لە جوگرافیای گرنگی وڵاتەکانیان کە کەوتووەتە نێوان کیشوەرەکانی ئەوروپا، ئەفریقا و ئاسیا.
ئەو هاوکێشەیە لە شەوێکدا و لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئێراندا گۆڕا و بووە هۆی داخستنی هێڵە ئاسمانییەکان و ئەم هێڵانەی خستە ناو گێژاوەوە.
لەگەڵ دابەزینی توانای کارکردنی کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشتە دوور مەوداکان بە گشتی کەمیانکرد، لەکاتێکدا هێڵە ئاسمانییەکانی ڕۆژئاوا دەستیانکرد بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.