سوپای پاسدارانی ئێران؛ لە چەسپاندنی پایەی ئایەتوڵاکانەوە بۆ ململانێی نێودەوڵەتی
٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٢:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەندێک لە شرۆڤەکاران لەیەکچوویی لە نێوان سوپای پاسدارانی ئێران و فەیلەقی یەنیچەری سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەخەنە ڕوو، لەڕووی ڕۆڵیان لە پاراستنی سیستەم و چەسپاندنی دەسەڵاتدا.
یەنیچەرییەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی سەربازیی نوخبە و ڕێکخراودا دامەزرێنرابوون، ئەمەش بۆ پارێزگارییکردن لە خودی سوڵتانی ئەوکاتی عوسمانی.
فرێدریک وێری، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی ئەمەریکی، لە کتێبەکەیدا بە ناوی "سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوەوە" باس لەوە دەکات سوپای پاسداران سەرەتا لە گروپی نارێکخراو پێکهاتبوون و تێکەڵەیەک بوون لە خەڵکانی ئاینی و شۆڕشگێڕ، ئامانجیان پشتیوانیکردن بوو لە ئایەتوڵڵا خومەینی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە ساڵی ١٩٧٩دا لە تاران.
لەو ماوەیەدا زیاتر لە میلیشیایەکی ناراهێنراو و هەماهەنگ دەچوو، کە بە خێرایی لە وەڵامی بۆشایی دەسەڵاتدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی شا پێکهاتبوو.
وێری، لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و عێراق خاڵی وەرچەرخانێکی چارەنووسساز بوو لە ڕێڕەوی سوپای پاسداراندا، کە لە گرووپە شۆڕشگێڕە ناڕێکخراوەکانەوە گۆڕا بۆ هێزێکی سەربازیی بونیاتنراو کە شانبەشانی سوپای ئاسایی ئێران کاردەکات.بەڵام ئەم هێزە بنەمای ئایدۆلۆژیی خۆی پاراست و بووە هاوشانی دامەزراوەی سەربازیی ئێران نەک ژێر دەستەی.
لەبارەی فەیلەقی یەنیچەرییەوە، مێژوونووسی تورک یەڵماز ئۆزتونا، لە کتێبی "مێژووی دەوڵەتی عوسمانی"دا ئاماژە بەوە دەکات یەنیچەرییەکان تەنها هێزێکی سەربازی نەبوون، بەڵکو ئامرازێک بوون بۆ چەسپاندنی پڕۆژەی دەوڵەتی ئیمپراتۆریی و ناسنامەکەی.
ئەوان لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی ڕێکخراودا دامەزرێنران، کە ڕاستەوخۆ خزمەتی سوڵتانیان دەکرد و دڵسۆزی خۆیان بۆ دەسەڵاتی عوسمانی پیشان دەدا.
بە پێچەوانەی ئەم مۆدێلە، فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر بنەمای ناسیۆنالیستی یان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی سەقامگیردا پێکنەهێنراوە، بەڵکو وەک ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی پڕ لە گێژاوی ئێران لە سەردەمی شادا دەرکەوت،کە بە قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و یاخیبوونی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی چەکداریی دەناسرێت.
ئەم ژینگەیە هۆکاربوو بۆ داڕشتنەوەی ڕۆڵی پاسداران وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی دەسەڵاتی نوێ، نەک تەنها لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکو لە ڕووی ئەمنی و ئایدۆلۆژیشەوە، لە نێو ئەو ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی کە دوای شۆڕش دروستبوو.
پاسداران توانی چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لەناو ئێراندا کۆنترۆڵ بکات، ناڕەزایەتی و توڕەییان لە سەردەمی شادا گۆڕا بۆ خزمەتکردنی ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی.
سوپای پاسداران لەنێو ململانێی ناوخۆیی و دەرەکیدا لەدایکبوو، بۆیە توانای خۆ گونجاندنی لەگەڵ بارودۆخ و ژینگە ئاڵۆزەکەی ئێراندا هەبوو. ئەمەش وایکرد توانای گۆڕانی بۆ هێزێکی سەربازیی ڕێکخراوتر و ستراتیژیتر ببێت.
ئەم گۆڕانکارییە بەدیاریکراوی لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق و لە دوای شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١دا دەرکەوت، کاتێک پێگەی خۆی وەک یەکێک لە گرنگترین پایەکانی دەسەڵات لەناو ئێراندا پتەوتر کرد.
دوای ئەوەی سوپای پاسداران لە میلیشیایەکی ئەمنی ناوخۆییەوە گۆڕا بۆ هێزێکی سەربازی چالاک لە ناوخۆ و لە دەرەوەی ئێران، پێگەی خۆی لە چوارچێوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی وڵاتدا چەسپاند.
ئایەتوڵا خومەینی کە دەسەڵاتی فراوانی بە سوپای پاسداران دابوو بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، ئەمەش وایکرد ببێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ چەسپاندنی بنەماکانی شۆڕشی ئێران.
دواتر رۆڵی سوپای پاسداران فراوانتر کرا کاتێک ئەرکی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی پێ سپێردرا، لە ناوخۆشدا رۆڵی چەسپاندنی پایەکانی دەسەڵاتی لەرووی هێز و ئایدۆلۆژییەوە پێدرا.
بە تێپەڕبوونی کات کاریگەریی پاسداران تەنها لە بواری ئەمنی و سەربازیدا سنووردار نەبوو بەڵکو بۆ ئابووری درێژبووەوە. بوونی خۆی لە چوارچێوەی دامەزراوە جێبەجێکارییە کاریگەرەکاندا بەهێزتر کرد، لەوانە ئەوانەی پەیوەندییان بە گەشەپێدانی گوندەکان و ژێرخانەوە هەبوو، ئەمەش وایکرد ببێتە یەکێک لە کارەکتەرە دیارەکان لە داڕشتنی سیاسەتە ئابوورییەکان، جگە لە ڕۆڵە سیاسی و سەربازییەکانی.
بەرپرسانی سوپای پاسداران توانیان لەرێگەی پێناسەکردن و جیاکردنەوەی ڕۆڵەکانەوە، سوپاکە بکەن بە هێزێکی تۆکمە و یەکگرتوو. لقی ئاسمانی و دەریایی و چەندین لقی تر بۆ ئەم هێزە زیاد کرا، کە ئەرکیان کارکردن بوو بۆ بەهێزکردنی سوپاکە لەناوەو دەرەوە.
بەهۆی بانگەشەی درێژەدان بە ڕێبازی ئاینی ئایەتوڵا خومەینی سوپای پاسداران بەهێزتر کرا، لە رێگەی دامەزراندنی دەزگای تایبەتمەند و دروستکردنی دامەزراوە پیشەسازییە سەربازییەکان، هەروەها بەرزکردنەوەی توانا لۆجستییەکان لەڕێگەی دامەزراوە چاودێرییەکانی پەیوەست بە کەرتی بەرگریی و پێکهێنانی یەکە تایبەتمەندەکان بۆ بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتوو.