راگرتنی شەڕی ئێران؛ هەمووی خۆی بە براوە دەزانێت

٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٢:٣٣ پاش نیوەڕۆ

راگرتنی شەڕی ئێران؛ هەمووی خۆی بە براوە دەزانێت

پەنجەرە

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتیی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان واشنتۆن و تاران، دیمەنێکی دەگمەن لە ناوچەکەدا دەبینرێت؛ هەموو لایەنە ناکۆکەکان بەیەکدەنگ و لە یەک کاتدا بانگەشەی "سەرکەوتنی تەواوەتی" دەکەن و خۆیان بە براوەی یەکەمی ئەم جەنگە دادەنێن.

واشنتۆن: سەرکەوتنێکی ١٠٠٪

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەی بە "سەرکەوتنێکی گشتگیر و تەواوەتی" بۆ وڵاتەکەی وەسف کرد و ڕایگەیاند کە هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەمریکا ١٠٠٪ سەرکەوتووە.

هاوکات کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکات کە فشاری سەربازیی سوپای ئەمریکا وایکردووە تاران مل بدات بۆ گفتوگۆ و ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن.

تاران: سەرکەوتنێکی مەزن

لەلایەکی ترەوە، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت "سەرکەوتنێکی مەزن"یان بەدەستهێناوە.

بە گوتەی تاران، ئەمریکا ناچار کراوە پێشنیازە ١٠ خاڵییەکەی ئێران قبوڵ بکات کە تێیدا هاتووە دەبێت هەموو سزاکان هەڵبگیرێن و داراییە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن. 

ئیسرائیل: تێکشکاندنی پیشەسازیی چەکی ئێران

بەرپرسانی نزیک لە نەتانیاهو پێیانوایە ئامانجە سەربازییەکانیان پێکاوە، لەوانە تێکشکاندنی بەشێکی فراوانی پیشەسازیی چەکی ئێران و کوشتنی سەرکردە باڵاکان .

تەلئەبیب دەڵێت تەنها مەلەفی ئەتۆمی ماوەتەوە کە ئێستا لەژێر دەستی ترەمپدایە.

ئیمارات: وڵاتەکەمان سەرکەوت

ئەنوەر قرقاش، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە جەنگێکدا سەرکەوت کە نەیویستووە تێی بکەوێت.

ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئیمارات بە "بەرگرییەکی قارەمانانە" توانیویەتی سەروەری و دەستکەوتەکانی خۆی لە بەرانبەر دەستدرێژییەکان بپارێزێت و ئێستا بە ئەزموونێکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ناوچەکە دەکات.

جیهان لە چاوەڕوانییدا

لە کاتێکدا هەموو لایەک بە زمانی "سەرکەوتن" دەدوێن، جیهان چاوەڕێی کۆبوونەوەکەی ئیسلام ئاباد دەکات تا دەربکەوێت ئەم ئاگربەستە کاتییە دەبێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاڵۆزییانە یان تەنها پشوویەکی کورتە بۆ جەنگێکی سەخت تر.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو