رێکخراوی هەنگاو: حەشد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و زەینەبی و فاتمییەکان لە سیستان بەلوچستان و خوزستان جێگیرکراون

٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٢:٣٤ پاش نیوەڕۆ

رێکخراوی هەنگاو: حەشد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و زەینەبی و فاتمییەکان لە سیستان بەلوچستان و خوزستان جێگیرکراون

پەنجەرە 

بەپێی ڕاپۆرتێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران هێزە پرۆکسییەکانی لە شارە سنوورییەکانی ناوچەکانی کوردستان، سیستان و بەلووچستان و خوزستان بڵاو کردووەتەوە.

ئامادەبوونی هێزە پرۆکسییەکانی وەک حەشدی شەعبی و زەینەبی و فاتمییەکان، لە چوارچێوەی مانۆڕی سەربازیی و جێگیربوون لە شوێنە گشتییەکانی شارەکاندا ئەنجام دەدرێت، ئەمە بەشێکە لە ستراتیژیی ئەمنیی حکومەت بۆ دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن.

ئەم هێزە پرۆکسییانە «زەینەبیوونی پاکستان»، «فاتمییەکانی ئەڤغانستان» و هێزەکانی «حەشدی شەعبی»، لە پارێزگاکانی وەک سیستان و بەلووچستان، خوزستان، خوراسانی ڕەزەوی، تاران و شارە سنوورییەکانی ناوچەکانی کوردستان بینراون.


جێگیربوونی هێزەکانی زەینەبیوون لە سیستان و بەلووچستان

هێزەکانی سەر بە لەشکری «زەینەبیوون» لە شارە جیاوازەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەوانە زاهیدان، زابول و چابەهار بینراون. ئەم هێزانە بە شێوەی چەکداری و بە هەڵگرتنی ئاڵاکانی سەر بەم لەشکرە لە شەقامەکاندا دەستیان داوەتە ڕێپێوان و نیشاندانی هێز.

لە هەندێک لەو وێنانەی کە لەلایەن میدیا و ئاژانسە هەواڵییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە بڵاوکراونەتەوە، منداڵان کە چەکیان بەدەستەوەیە بینراون. هەروەها ئەم هێزانە لە هەندێک حاڵەتدا وێنەی کەسایەتییە حکومەتییەکانیان بەدەستەوە بووە و دروشمی پشتگیریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وتووەتەوە.
 

جێگیربوونی حەشدی شەعبی  ناوچە سنوورییەکانی کوردستان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ناوچە و شارە سنوورییەکانی کوردستان، بەتایبەت کرماشان، ڕوانسەر، جوانڕۆ و مەریوان، هێزەکانی حەشدی شەعبی چالاکییان هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان لە مەریوانەوە، بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی «حەشدی شەعبی»ی عێراق چوونەتە ناو مەریوان و لە مزگەوت و هۆڵە وەرزشییەکاندا نیشتەجێ کراون.

هاوکات لەگەڵ جێگیربوونی هێزە نیابەتییەکان لە ناو شاردا، مەریوان دۆخی عەسکەرتارییەتی بەخۆوە بینیووە و دەیان تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بۆ نزیک سەربازگەکان لەوانە لە گوندە سنوورییەکانی ئەسکۆڵ و سیاناو، گواستراونەتەوە.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڤیدیۆی ئامادەبوونی ئەم هێزانە لە ڕوانسەر بڵاوکراوەتەوە کە دەرخەری ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازییە بە مەبەستی دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە نێو خەڵکدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە هاتووچۆی ئەم هێزانە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی خەسرەوی، سوومار و مێهرانەوە ئەنجام دەدرێت.


جووڵەی هێزە پرۆکسییەکان لە تاران، خوزستان و خوراسانی ڕەزەوی

لە تاران-یش ڤیدیۆی هاتنی کاروانی هێزەکانی فاتێمییوون و حەشدی شەعبی بڵاوکراوەتەوە. ئەم هێزانە لە هەندێک ناوچەی تاران لەوانە دەوروبەری مەیدانی ئازادی دەستیان داوەتە ڕێپێوان . هەروەها لە بازگە پشکنینەکانی ئەم شارەدا هەندێک لە ئەندامانی چەکداری لەشکری فاتیمیون نیشتەجێ کراون.

وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشانی دەدەن کە هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بە تێپەڕبوون لە سنووری ئێران و عێراق چوونەتە ناو شارەکانی پارێزگای خوزستان لەوانە ئەهواز، ئابادان و خوڕەمشار و لە کاتی هاتنیاندا لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە پێشوازییان لێکراوە.

ئامادەبوونی ئەم هێزانە تەنیا لە تاران و خوزستان سنووردار نەبووە و ڕاپۆرتگەلێکیش لەسەر جێگیربوونیان لە مەشھەد بڵاوکراوەتەوە؛ بە جۆرێک کە سەرچاوە ئاگادارەکان لە ئامادەبوونی هێزەکانی فاتێمیوون لە سنووری بلواری وەکیل ئاباد و بەشداریکردنیان لە چالاکییە ئەمنییەکاندا لە تەنیشت هێزەکانی بەسیج هەواڵیان داوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو