لەنێوان هەناسەدان و شکستدا؛ ئیسرائیل چۆن لە ڕاگرتنی شەڕی ئێران دەڕوانێت؟
٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمەریکا و ئێران، ناوخۆی ئیسرائیل بووەتە گۆڕەپانی کێشمەکێشێکی توندی سیاسی و جەماوەریی. لە کاتێکدا حکومەتەکەی نەتانیاهۆ هەوڵدەدات ئەم هەنگاوە وەک "وەستانێکی تاکتیکی" وێنا بکات، ئۆپۆزسیۆن و بەشێکی زۆری شەقام بە "هەلێکی لەدەستچوو" و "شکستێکی دیپلۆماسی" ناوی دەبەن.
دابەشبوونێکی سیاسی
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاشکرای کرد کە لەژێر فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕازیی بووە بەم ئاگربەستە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە کۆتایی شەڕ نییە و تەنها وێستگەیەکە لە ڕێگادا.
نەتانیاهۆ هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران نەبرێتە دەرەوە، ئیسرائیل دەگەڕێتەوە ناو جەنگ.
لە بەرامبەردا، یائیر لاپید، ڕێبەری ئۆپۆزسیۆن، هێرشێکی توندی کردە سەر نەتانیاهۆ و ڕایگەیاند کە سەرەڕای خۆڕاگریی سوپا و گەل، نەتەنیاهۆ نەیتوانیوە هیچ کام لە ئامانجە ستراتیژییەکانی شەڕ بەدی بهێنێت.
توندڕەوەکانی ناو حکومەتیش، وەک تسیفیکا فۆگڵ، بە توندی دژی ڕێککەوتنەکەن و تەنانەت ڕەخنەی توندیان ئاراستەی سەرۆک ترەمپیش کردووە.
ئەڤیگدۆر لیبەرمان-یش هۆشداری دەدات کە ئەم کاتە دەرفەت دەداتە تاران بۆ خۆڕێکخستنەوە و گەڕانەوە بۆ شەڕێکی گرانتر.
پاشەکشەی گەشبینی
ئامارە نوێیەکانی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە ئیسرائیل نیشانی دەدەن کە جۆش و خرۆشی شەقام بۆ بەردەوامیی شەڕ ڕووی لە پاشەکشە کردووە. ڕێژەی پشتیوانی لە بەردەوامیی شەڕ لە ٩٣٪ـوە بۆ ٧٨٪ دابەزیوە. هەروەها ئەو کەسانەی بڕوایان وابوو ڕژێمی ئێران دەڕوخێنرێت، لە ٦٣٪ـوە بۆ ٤٥.٥٪ کەمیکردووە.
ڕۆژنامە گەورەکانی ئیسرائیلیش بە گومانەوە دەڕواننە دۆخەکە.
"یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" دۆخەکە بە "تەڵەی ئاگربەست" ناو دەبات و دەڵێت ئیسرائیل لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە دەستبەستراو دەبێت ئەگەر بیەوێت هێرشەکان دەست پێ بکاتەوە.
"هائارتس"ـیش تیشکدەخاتە سەر ماندووبوونی گشتی و زیادبوونی زیانە مرۆیی و ماددییەکان.
سەرکەوتن یان پاشەکشە؟
کۆدەنگییەک لەناو ئیسرائیلدا نییە کە ئەم ئاگربەستە بە "سەرکەوتن" بناسرێت. تێڕوانینی باڵادەست ئەوەیە کە ئیسرائیل نەیتوانی "سەری مارەکە" کە ئێرانە پان بکاتەوە، لە کاتێکدا هێشتا مەترسیی حزبولڵا لەسەر سنوورەکانی باکوور وەکخۆی ماوەتەوە.
بەڵام زۆرینەی چاودێران لەو بڕوایەدان کە ئەمە تەنها "دواخستنی" شەڕێکی گەورەتر و خوێناویترە، نەک کۆتاییهاتنی ململانێکان.