هاتوچۆ چیتر بێبەرامبەر نییە؛ ئێران تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز دەکاتە پارە
٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئێران هەنگاوە یاسایی و پەرلەمانییەکانی دەستپێکردووە بۆ سەپاندنی باج و ڕەسمی دارایی بەسەر ئەو کەشتی و تانکەرە نەوتانەی کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن. ئەم هەنگاوە کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.
"تێچووی ئاسایش"؛ پاساوی تاران
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، پەرلەمانی ئێران خەریکی تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسایەکە بۆ وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر "تێپەڕبوونی ئارام"ـی کەشتییەکان بە گەرووی هورمز دا.
لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە، پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز تێچوویەکی دارایی زەبەلاحی لەسەر شانی تاران دروستکردووە، بۆیە پێویستە ئەو وڵاتانەی بە "دوژمن" پۆلێن دەکرێن، باجی زیاتر بدەن.
هەروەها بەرپرسانی ئێران کردنەوەی تەواوەتی گەرووەکە و کۆتاییهێنان بە سنووردارکردنی گەشتە دەریاییەکان، دەبەستنەوە بە وەرگرتنی قەرەبووی زیانەکانی شەڕ لە ڕێگەی ئەم باجانەوە.
میکانیزمی وەرگرتنی باجەکە: بیتکۆین و یوانی چینی
زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕی باجەکە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە بە تانکەرەکاندا دەگوازرێتەوە، دەگاتە (١) دۆلار، یان وەرگرتنی بڕە پارەیەکی بڕاوە کە بۆ هەندێک تانکەری گەورە دەگاتە (٢ ملیۆن) دۆلار.
بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا و چاودێری دارایی نێودەوڵەتی، ئێران مەرجی داناوە کە دەبێت ئەم باجانە بە دراوە دیجیتاڵییەکان (وەک بیتکۆین) یان بە "یوانی چینی" بدرێن.
تەنها ئەو کەشتیانەی کە خاڵین لە بار، لەم باجە دەبەخشرێن و سەرنجی سەرەکی لەسەر تانکەرەکانی وزە و کەشتییە بازرگانییەکانە.
بەربەستە یاساییەکان و هەڵوێستی نێودەوڵەتی
ئەم بڕیارەی ئێران لەگەڵ ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکاندا یەکناگرێتەوە، کە مافی "تێپەڕبوونی سەلامەت" بەبێ بەرامبەر بۆ هەموو وڵاتان زامن کردووە.
لەسەر ئاستی ناوچەییش، وڵاتانی دراوسێ وەک "سوڵتاننشینی عومان" ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئەم هەنگاوە بە مەترسی بۆ سەر بازرگانی جیهانی دادەنێن.
لە لایەکی ترەوە، باس لەوە دەکرێت کە ئیدارەی ئەمریکا پێشنیاری دابەشکردنی ئەو باجانەی کردووە لە ژێر ناوی "پاراستن و ڕێکخستن"، بەڵام ئەمە هێشتا مشتومڕێکی زۆری لەسەرە.
لێکەوتە ئابوورییەکان
ئەم ئاڵۆزییانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان کردووەتە سەر بازاڕی وزە، شارەزایان پێشبینی دەکەن سەپاندنی باجی یەک دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، نرخی نەوت لە ٥٪ بۆ ١٠٪ بەرز بکاتەوە.
هاوکات کۆمپانیاکانی دڵنیایی دەریایی، نرخی بیمەیان لەسەر ئەو کەشتیانەی بە گەرووەکەدا دەڕۆن تا ٢٠٠٪ زیاد کردووە.
لەلایەکی ترەوە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (Maersk) خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ بەکارهێنانی ڕێگەی جێگرەوە یان بۆرییە نەوتە وشکانییەکان بۆ دوورکەوتنەوە لەم باجە و مەترسییەکانی.
کارتی فشار؟
تائێستا ئێران ئەم نیازە جێبەجێ نەکردوە، بەڵام هەر لەگەڵ باسکردنییدا ترس و نیگەرانییەکی جیهانیی دروستکرد. ئێستا جیهان چاوەڕێی ئەوەیە تا بزانێت، ئایا تاران ئەم یاسایە بەهەموو هێزییەوە جێبەجێ دەکات، یان وەک کارتێکی فشار بۆ وتووێژەکان بەکاریدەهێنێت؟