بۆ یەکەمجار کوردێک دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەن؛ چوارچێوەی هەماهەنگیی لە 'واست' کودەتا دەکات

٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٦ پاش نیوەڕۆ

بۆ یەکەمجار کوردێک دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەن؛ چوارچێوەی هەماهەنگیی لە 'واست' کودەتا دەکات

پەنجەرە

نیسانی ٢٠٢٦ بۆ پارێزگای واست بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی، ئەو لیستەی زۆرینە و دەسەڵاتداری ئەنجومەنی پارێزگا بوو، چواچێوەی هەماهەنگی کودەتایەکی سپییان بەسەردا کرد و بوو بە کەمینە و لە دەسەڵات خرا.

گۆڕانکاریی لە لوتکەی دەسەڵات و پشکە نوێیەکان

دوێنێ (٨ـی نیسانی ٢٠٢٦)، ئەنجومەنی پارێزگای واست لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا روخسارە نوێیەکانی حکومەتی خۆجێیی بەمشێوەیە دیاریکرد:

پارێزگاری نوێ: عەلی حوسێن سەلیمون (ڕێکخراوی بەدر/ هاوپەیمانی نەبنی) کە پێشتر سەرۆکی ئەنجومەن بوو، بە مەرسومێکی کۆماری وەک پارێزگار دەستبەکاربوو.

سەرۆکی ئەنجومەن: عادل محەمەد کازم (دەوڵەتی یاسا)، کە نوێنەری پێکهاتەی کوردانی فەیلییە.

سکرتێری ئەنجومەن: عەدنان جەحێشی (هاوپەیمانی خەیمە)، وەک نوێنەری پێکهاتەی سوننە.

نەخشەی هێز و قورسایی لایەنەکان

ئەنجومەنەکە کە لە (١٥) کورسی پێکدێت، لە ئێستادا دابەشبووە بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا:

١. هاوپەیمانی "خزمەتگوزاریی" (١٠ کورسی - زۆرینەی دەسەڵاتدار):
ئەم بەرەیە پێکهاتووە لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانیان کە توانیویانە زۆرینەی ڕەها پێکبهێنن و بریتین لە: دەوڵەتی یاساـی مالیکی ٣ کورسی، ڕێکخراوی بەدرـی عامری ٢ کورسی، هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت (حیکمە و نەسر) ٢ کورسی، ئەندامە جیابووەوەکان (سەلام و خیتام عەجیلی) ٢ ئەندام و پێکهاتەی سوننە ١ کورسی.

٢. کوتلەی "واست ئەجمەل" (٥ کورسی): ئەم کوتلەیە بە سەرۆکایەتی محەمەد جەمیل مەیاحییە. مەیاحی کە پێشتر حاکمی ڕەهای واست بوو و لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ـدا ٧ کورسی بەدەستهێنابوو، بەهۆی جیابوونەوەی "عەجێلییەکان" و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ لیستی "خزمەتگوزاریی"، ئێستا تەنها ٥ کورسی بۆ ماوەتەوە و کەوتووەتە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە.

ململانێی دادگا

ئەم گۆڕانکارییانە بێ کێشە نەبوون. پێش هەڵبژاردنی پارێزگارە نوێیەکە، دادگای کارگێڕیی لە ٥ـی نیسانی ٢٠٢٦ بڕیارێکی "وەلائی/ سالاریی" بۆ ڕاگرتنی لادانی پارێزگاری پێشوو (هادی حەمماشی) دەرکردبوو. بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا بێ گوێدانە بڕیارەکە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی عەلی سەلیمونی تەواو کرد. 

ئێستا مەیاحی و کوتلەکەی تانەی یاساییان لە مەرسومی کۆماری و شەرعییەتی دانیشتنەکە گرتووە و پڕۆسەکە بە "هەرزەکاریی سیاسی" ناودەبەن.

هۆکارەکانی ئەم وەرچەرخانە سیاسییە چی بوون؟

ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە ئەنجامی چەند هۆکارێکی کەڵەکەبوو هاتە کایەوە؛ لە لایەکەوە، تۆمەتبارکردنی محەمەد جەمیل مەیاحی بە "تاکڕەوی لە بڕیاردان" و پەراوێزخستنی ئەندامانی ئەنجومەن، کە بووە هۆی دروستبوونی درز لە ناوخۆی کوتلەی "واست ئەجمەل".

لە لایەکی تریشەوە، هەوڵی جیدیی جەمسەرەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" لە بەغدا بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی مەیاحی و گەڕاندنەوەی واست بۆ ژێر ڕکێفی هێزە تەقلیدییەکان.

هەروەها، مەترسیی ئەندامانی ئەنجومەن لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، وایلێکردن پەنا ببەنە بەر هاوپەیمانییەکی نوێ (خزمەتگوزاری) بۆ مسۆگەرکردنی بودجە و بەردەوامیی پڕۆژەکان، کە ئەمەش "کودەتایەکی سپی" بەسەر زۆرینەی پێشوودا کرد.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو