هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دۆستەکانیشی نیگەران کرد
٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرەڕای پەیوەندییە توندوتۆڵەکان، هێرشە سەربازییە فراوان و خوێناوییەکانی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان، شەپۆلێکی توندی نیگەرانی و سەرکۆنەکردنی لای نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل دروستکردووە، بەتایبەت لەلایەن بەریتانیا و فەڕەنساوە.
دوێنێ سوپای ئیسرائیل توندترین هێرشی ئاسمانی لە دەستپێکی گرژییەکانەوە ئەنجامدا. تەنها لە ماوەی ١٠ خولەکدا، فڕۆکە جەنگییەکان ١٠٠ ئامانجیان لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان پێکاوە. هێرشەکان ناوەندی بەیروت (ناوچەکانی بەستە و زوقاقولبەڵات)، گەڕەکەکانی باشووری پایتەخت، شارەکانی سەیدا و سور لە باشوور و ناوچەی بیقاعیان کردە ئامانج.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەم هێرشە کتوپڕانە بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٢٥٠ کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە. حکومەتی لوبنانیش بەهۆی قەبارەی زیانە گیانییەکانەوە، ماتەمینی گشتی لە وڵاتدا ڕاگەیاند.
هەڵوێستی توندی هاوپەیمانان
ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، هێرشەکانی بە "وێرانکەر" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە توندی نیگەرانە لە پەرەسەندنی هێرشەکان و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر.
کوپەر جەختی کردەوە کە پێویستە ئاگربەست لوبنانیش بگرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی زیاتر.
لەلایەکی دیکەوە، ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و بە "قبوڵنەکراو" ناوی بردن.
بارۆ هۆشداریدا کە ئەم هێرشانە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئاگربەستی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران تێکدەدەن.
ڕاشیگەیاند کە نابێت لوبنان ببێتە "قوربانیی" ململانێیەکی فراوانتر.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل دەڵێت ئامانجەکان بنکە و سەرکردەکانی حـ..ـیـ..ـزبـ..ـوڵڵا بوون، بەڵام زیانەکان زۆرێکیان ناوچە و خەڵکە مەدەنییەکانی گرتووەتەوە. بەتایبەتی کە واباس دەکرێت توندترین هێرشە لەدوای هێرشەکانی ساڵی ١٩٨٢ـەوە.