پێدانی رەگەزنامە بە کورد؛ ئەحمەد شەرع دەیەوێت هەنگاوێکی درەنگوەختی ئەسەد بەردەوامی پێبدات

٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١١ پاش نیوەڕۆ

پێدانی رەگەزنامە بە کورد؛ ئەحمەد شەرع دەیەوێت هەنگاوێکی درەنگوەختی ئەسەد بەردەوامی پێبدات

پەنجەرە  

ساڵی 2011 رژێمی ئەسەد بۆ هەڵمژینی ناڕەزایەتییەکان فەرمانیکرد بە پێدانی "رەگەزنامە" بەبەشێک لە دانیشتوانی حەسەکە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێنەکرا و لە ئێستادا حکومەتەکەی شەرع دەیەوێت بەو رێگەیەدا هەنگاو بنێت.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە دەست بە وەرگرتنی داواکاری هاوڵاتیان بۆ پێدانی رەگەزنامە کراوە، پرۆسەکە لەرێگەی نوسینگەکانی تۆماری مەدەنی ولایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەڕێوەدەچێت.

رێکارەکان بە پێشکەشکردنی داواکاری و سەلماندنی سوری بوون دەست پێدەکات، دواتر پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەوتۆمارەکاندا دەکرێت و پاشان بڕیاری کۆتایی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەدرێت.

ئوسامە ئەحمەد، رۆژنامەنوسی سوری دەڵێت: پرۆسەکە بەرێکاری ئیداریدا تێپەڕ دەبێت نەک رێوشوێنی سیاسی.

مەرجی پێدانی رەگەزنامە بە کوردانی سوریا بریتییە لە پێشکەشکردنی تۆماری خێزان و لەدایکبوون، بڕوانامە و بەڵگەنامەی نیشتەجێبوون، ئەمە جگە لەوەی پشت بە بەڵگەنامەی پەروەردەیی و تەندروستی و خزمەتگوزاریشدا دەبەسترێت. لە ئەگەری کەموکوڕیدا لە بەڵگەنامەکان قسەی شاهیدەکانیش بەهەند وەردەگیرێت.

ئوسامە دەڵێت: دەسەڵاتی نوێی سوریا هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێکهاتەکان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون دابڕێژێتەوە، بەوپێیەی هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت سەقامگیر بێت، تا دانی یاسایی بە بەشێک لە هاوڵاتییەکانی خۆیدا نەنێت.

روونیشیکردەوە، پێدانی رەگەزنامە پێکهاتەکان تێکەڵ بەژیانی گشتی دەکاتەوە و مافی خوێندن و کار و خاوەندارێتی موڵک و ماڵ و ئازادی هاتووچۆیان پێدەبەخشێت.

هاوکات شێروان محەمەد چالاکوانی کوردی سوریا ئاماژە بەوەدەکات، شەقامی کوردی بە ئەرێنی و هەستیارییەوە لە بڕیاری پێدانی رەگەزنامە بەکورد دەڕوانێت، چونکە یەکلایی کردنەوەی ئەم بابەتە دەمێکە هیوای بۆ دەخوازرێت.

ئەو دەڵێت: ترسێک هەیە و ترسەکە لە جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی رابردووەوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆیە مەسەلەکە دەوەستێتەوە سەر جدیەت و خێرایی و جێبەجێکردنی بڕیاری پێدانی رەگەزنامە.

بەبڕوای شێروان محەمەد پێدانی رەگەزنامە بە کورد هەنگاوێکی دادپەروانە و مێژوییە بەڵام کۆتایی رێگاکە نییە، چونکە کێشەکان تەنها پەیوەست نین بەرەگەزنامەوە، گرنگ گەڕانەوەی مافە مەدەنییەکانە و ئەمەش پێویستی بە گەرەنتی یاسایی و کارگێڕییەوە هەیە.

ئەو وتی: گەورەترین لەمپەر لەبەردەم پێدانی رەگەزنامە ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆرە بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر، بۆیە سەرگرتنی بڕیارەکە پەیوەستە بە توانای دەوڵەت بۆ رێکخستنی رێکارەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵک.

هەروەها وتیشی:هاوڵاتیانی کورد هەست بە دان پێدانانی یاسایی بکەن، ئەمە وادەکات گرژییەکان کەم ببێتەوە و متمانەی هاوڵاتی بەهێز بێت.

لایخۆیەوە محەمەد سوکەری توێژەر لە ناوەندی سوریای سەردەم باسلەوە دەکات، بڕیاری پێدانی رەگەزنامە بەکورد لە ساتێکی هەستیاری سیاسی و ئەمنیدا دراوە، ئەمەش لەپێناو رێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان کورد و دەسەڵاتی سیاسی.

محەمەد سوکەری وتی: بڕیارەکە ململانێکان لە ململانێی ئەمنییەوە دەگۆڕێت بۆ ململانێی سیاسی، چونکە دەرگا بۆ چالاکی حزبی و نوێنەرایەتی سیاسی واڵا دەکات، رێگە خۆشکەریش دەبێت بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سیاسی کوردی لە ژیانی سیاسی سوریادا.

بەبڕوای سوکەری پێدانی رەگەزنامە پێویستی چەسپاندن هەیە لە دەستوردا، چونکە رێگە خۆش دەکات بۆ بوونی نوێنەری کورد لەناو دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا، واش دەکات کورد هەست بە پەراوێزخستن نەکات.

بەڵام تەها عۆدە ئۆغڵۆ، راوێژکاری سیاسی و لێکۆڵەری تورکی، دەڵێت:کردنەوەی فایلی پێدانی رەگەزنامە بەکورد رەنگە بەلای ئەنقەرەوە ئاڵۆزترین دیمەنی سوریا بێت، بەوپێیەی تورکیا پێیوایە بابەتی گرنگتر هەیە تا ئەولەویتی پێبدرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو