هێرشی راستەوخۆ و فشاری سیاسیی؛ هەرێمی کوردستان لەنێوان بەرداشی تاران و واشنتۆندا
١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەرکات ئاڵۆزیی لەناوچەکەدا رووبدات هەرێمی کوردستان دەبێتە یەکێک لە ئامانجەکانی ئێران و میلیشیا شیعەکان و هێرشی دەکرێتەسەر، لەکاتێکدا بەرپرسانی هەرێم پاساوی هێرشەکان بەنالۆژیکی دادەنێت و رەتیدەکەنەوە.
هۆکاری هێرشی ئێران و میلیشیا شیعەکان تەنها رەهەندی سەربازییان نییە، بەڵکو بەگوێرەی کاتی هێرشەکان رەهەندی سیاسی و ئابووریی و ستراتیژیشیان تێدەکەوێت.
فشاری سیاسی
ئێران و هەندێک لایەنی ناو حەشدی شەعبی، هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەک دەبینن کە زۆرکات لەگەڵ سیاسەتەکانی تاراندا لە ناوچەکە هاوتەریب نییە و هەندێکجاریش وەکو سەرچاوەیەکی پیلانگێڕیی لێیدەڕوانن.
کاتێک لە ساڵی ٢٠١٧ هەرێم ریفراندۆمی بۆ “سەربەخۆیی” ئەنجامدا، تاران و میلیشیا شیعەکان هەنگاوەکانیان لە گوتارەوە بۆ کردار گۆڕی، ئەوکاتەی هێرشی سەربازییەکان کردە سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان.
بۆیە ئێران و میلیشیا شیعەکان لەرێگەی هێرشەوە هەوڵی ناچارکردنی هەرێم دەدەن بۆ پاشەکشە کردن لەو بڕیارە سیاسیانەی کە دژی بەرژەوەندییەکانی "بەرەی ئێران"ن.
پێگەی هەرێمی کوردستان وەک کێبڕکێکارێکی سیاسی لە چوارچێوەی عێراقدا بەلای ئێران و هێزە شیعەکانەوە مایەی نیگەرانییە، بۆیە لاوازکردنی پێگەی هەرێم و زاڵکردنی عێراق بە بەشێک لە ستراتیژی خۆیان دەزانن.
بەکارهێنانی عێراق بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ستراتیژی تاران، ئەمەش وایکردووە هەندێکجار بەرپرسانی هەرێم بۆ رێککەوتن لەگەڵ عێراق روو لە تاران بکەن.
بوونی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات
پاساوێکی سەرەکی ئێران بۆ هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی، بوونی بنکە و بارەگاکانی پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. تاران وای دەبینێت ئەم هێزانە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و هەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەک بەکار دەهێنن.
هەرچەندە جگە لەپژاک هێزە کوردییەکانی ئێران لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کۆنترۆڵکراون و رێگە لە جوڵەیان بە ئاراستەی ئێران دەگیرێت، بەڵام ئەم هەنگاوانەی هەرێم نەبوونەتە مایەی رازیکردنی ئێران.
ئێران بەچەند ئاراستەیەک لە دژی هێزە کوردییەکان جوڵە دەکات، جوڵەی هێرشی درۆنی و موشەکی بۆ سەریان کەبەو هۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگەیان شەهید و برینداربوون.
فشارخستنە سەر هەرێم بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری ئەو هێزانە بەشێکە لە پلانی هەمیشەیی ئێران، بەردەوام هەرێم لەژیر فشاری تاراندایە بەهۆی ئەو هێزانەوە.
هەروەها بەکارهێنانی کارتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و رێگرتن لە جوڵەی ئەو هێزانەو پەڕینەوەیان بۆ ناو ئێران، ئەمەش لەرێککەوتنی ئەمنی و ناردنی هێزی زیاتری پاسەوانی سنوردا خۆی دەبینێتەوە.
فشارەکانی سەر هەرێم بەهۆی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتەوە چڕتر بوونەوە، کاتێک هێرشی ئێران و میلیشیاکان چڕتر بوونەوە و سەرۆکی ئەمەریکاش ناردنی چەکی بۆ ئەو هێزانەو گلدانەوەی لەلایەن هەندێک لایەنەوە ئاشکرا کرد.
تۆمەتی سیخوڕیی
ئێران بەردەوام هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕێگەی داوە بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل (مۆساد) کە بنکەیان هەبێت.
هەرچەندە حکومەتی هەرێم ئەمە بە توندی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام ئێران ئەمە وەک شەرعیەتێک بۆ هێرشەکانی بەکاردەهێنێت، بەتایبەت کاتێک لە ناوخۆی ئێراندا ئاڵۆزیی ڕوودەدات.
ئێران هەمیشە بە گومانەوە لە هەرێمی کوردستان دەبینێت و وەک سەرچاوەی مەترسی لەسەر وڵاتەکەی لێیدەڕوانێت، لەکاتێکدا بەرپرسانی هەرێم ئەمە وەکو بیانوو دەبینن.
لەکاتی شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریکادا تاران زۆرترین هێرشی بۆ سەر ناوچە سنورییەکان و ئەو شوێنانە ئەنجامدا کە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و موبایلیان لەسەر جێگیرکرابوو، بەگومانی جێگیرکردنی راداری هاوپەیمانان.
ئەم گومانانەی لەکاتی ئاڵۆزیدا هەمیشە سەرهەڵدەدەنەوە، بەڵام نە ئێران توانیویەتی تۆمەتەکان بسەلمێنێت و نە هەرێمیش سەرکەوتوو بووە لەرەواندنەوەی گومانەکانی تاران.
ململانێی وزە
هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە، بەتایبەت لەرێگەی فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆرەوە.
لەکاتێکدا ئێران پەرەسەندنی کەرتی غازی هەرێم بە مەترسی دەبینێت بۆ سەر هەژموونی غازی خۆی لە ناوچەکەدا، بۆیە هەمیشە لەرێگەی میلیشیاکانەوە کۆرمۆری کردووەتە ئامانج.
دوورخستنەوەی ئەمەریکا
گرووپەکانی حەشدی شەعبی بەردەوام داوای چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن لە عێراق، لەکاتێکدا هەولێر و بنکەی هەریر یەکێکن لە پێگەکانی هاوپەیمانن.
میلیشیا شیعەکان لەرێگەی هێرشەکانەوە تەکنیکی بێزار کردنی ئەمەریکا بەکار دەهێنن، هەروەها لەرێگەی هێرشەکانەوە دەیانەوێت وا لە ئەمریکا بکەن تێچووی مانەوەی لە عێراقدا زۆر بێت.
بەپێچەوانەی خواستی میلیشیا شیعەکان ئەمەریکا گەورەترین کونسوڵخانەی لە هەولێر بونیاتنا، دەیەوێت لەرێگەی ئەم ناوەندەوە ئیدارەی ناوچە ئاڵۆزەکان بدات.
بۆیە هێرشەکان پەیامێکی سیاسیی توندن بۆ حکومەتی هەرێم و لایەنە کوردییەکان، بەوەی نابێت لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا لە بەرەیەک بن کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران بێت.