ستراتیژیی "سەرلێشێواندن"؛ شیکارییەک بۆ زمانی سیاسی و دیپلۆماسیی دۆناڵد ترەمپ
١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دیپلۆماسی وەک هونەری بەکارهێنانی "زمانی ورد و حساب بۆکراو" دەناسرێت، مەودایەکی فراوانی بۆ مانۆڕکردن و سازشکردن تێدا دەهێڵرێتەوە. بەڵام دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، ئەم تێڕوانینە نەریتییەی گۆڕی.
ترەمپ پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی ( Truth Social) گۆڕی بۆ گۆڕەپانێکی شەڕی زمانەوانی و جیۆپۆلەتیکی، کە تێیدا وشە وەک چەکێکی کاریگەر بەکاردەهێنرێن.
تیۆری سەرلێشێواندن
بە پێچەوانەی ئەو باوەڕەی کە دەڵێت تووڕەییەکانی ترەمپ هەڵچوونێکی کەسین، زۆرێک لە پسپۆڕان، لەوانە جۆرج لاکۆف (مامۆستای زانستی مەعریفی لە زانکۆی بێرکلی)، پێیان وایە ئەمە ستراتیژییەتێکی هەمەلایەنەیە.
ترەمپ زمان بەکاردێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی گێڕانەوەی سیاسیی ، بۆیە بەکارهێنانی دەستەواژەی توند و نادیپلۆماسی لە بەرامبەر ئێران یان کێشەی گەرووی هورمز، تەنها هەڵچوون نییە، بەڵکو ئامانج لێی دروستکردنی حاڵەتێکی "نادیاریی ستراتیژییە".
کاتێک نەیار نەتوانێت پێشبینی کاردانەوەکانت بکات، ناچار دەبێت بە هەستیارییەکی زۆرەوە مامەڵە بکات، ئەمەش وا دەکات هاوسەنگیی بیرکردنەوەی ستراتیژیی نەیار تێکبچێت، ترەمپ ئەم رێگەیە بەکار دەهێنێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دامەزراوەی بروکینگز و گۆڤاری دێر شپیگڵ، "زمانی ترەمپ" خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندییە، لەوانە:
١- زمانی سادە و ڕاستەوخۆ: بەکارهێنانی وشەیەک کە هەستی مرۆڤ دەجوڵێنێت، لاکۆف ئەمە بە "زمانی منداڵانی قوتابخانە" ناو دەبات. ئەمە وادەکات پەیامەکە بە خێرایی لەناو جەماوەردا بڵاو ببێتەوە.
٢- بەکارهێنانی "ڕەهاکان": بەکارهێنانی وشەی وەک (هەمیشە، هەرگیز، تێکشکاندنی تەواو). ئەم شێوازە وێنەی "جەنگاوەر یان ڕزگارکەر" لە مێشکی بینەردا جێگیر دەکات و گومان ناهێڵێتەوە.
بۆیە دووبارەکردنەوەی چەمکەکان وادەکات "ڕاستییە جێگرەوەکان" لە مێشکی خەڵکدا وەک واقیعێکی مەعریفی جێگیر ببن.
٣. دیپلۆماسیی زۆرەملێ و لێواری جەنگ
لەکاتی شەڕدا ترەمپ هەڕەشەی بەئامانج گرتنی ژێرخانی ئێران و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی کرد، ئەمەش بۆ ترساندنی ئێران و پیشاندانی جدیەتی هەڕەشەکە.
پاشان ترەمپ هەڕەشەی لەناوبردنی شارستانیەتی ئێران و گێڕانەوەی بۆ چاخی بەردین کرد، ئەمە وەک ئامرازێک بۆ هێنانە سەرمێزی ئێران بەلاوازی، نەک لەپێناو جێبەجێکردنی هەڕەشەکە.
گۆڕانی خێرایی هەڵوێستەکانی لە هەڕەشەوە بۆ نەرمی یەکێکە لە شێوازەکانی مامەڵەی ترەمپ، بەتایبەت لەلایەک هەڕەشەی وێرانکاری دەکات، لەلایەکی دیکەوە کتووپڕ باس لە "شانسێکی باش" بۆ ڕێککەوتن دەکات.
ئەم دووفاقییە بەشێکە لە ستراتیژیی "سەرلێشێواندن". ئامانجەکە ئەوەیە پێگەی نەیار لاواز بکرێت و بخریتە ناو دۆخێکی دەروونیی ناسەقامگیرەوە پێش ئەوەی دانوستانێکی ڕاستەقینە دەست پێ بکات.
ئامانجی ترەمپ
زمانی ترەمپ تەنها کۆمەڵێک دەربڕینی نادیپلۆماسی نییە، بەڵکو چەکێکی جیۆپۆلەتیکی نوێیە. ئەو بە تێکەڵکردنی "جەنجاڵی سیاسی" و "هەڕەشەی سەربازیی"، ڕێساکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی گۆڕیوە. جیهان ئێستا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە؛ ئایا ئەم جۆرە دیپلۆماسییەتە شەڕانگێزە دەبێتە هۆی سەقامگیرییەکی نوێ لە ڕێگەی فشارەوە، یان ناوچەکە بەرەو پێکدادانێکی خراپ دەبات؟