سەرۆک کۆمار؛ پۆستێکی تەشریفاتی یان گرنگ و هەستیار؟
١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق کە بڕیارە سبەینێ شەممە ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی هەڵبژاردنی کۆببێتەوە، جارێکیتر سەرنجەکان دەچنەوە سەر پۆستێک کە زۆرجار وەک پۆستێکی تەشریفاتی لێیدەڕوانرێت.
لە سیستەمی پەرلەمانیدا کە زۆرترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لای سەرۆکوەزیرانە، وا دەردەکەوێت پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی تەواو سیمبوڵی بێت، لەکاتێکدا وردبوونەوە لە دەستوور و ئەزموونی حوکمڕانی دوای ساڵی ٢٠٠٣، واقیعێکی جیاوازتر دەردەخەن.
سەرۆکایەتی لە عێراقدا تەنها تەشریفاتی نییە، بەڵکو کلیلە بۆ هاوسەنگی سیاسی، گەرەنتی سەقامگیری دەوڵەت و ناوەندێکی کاریگەرە لە پرۆسەی یاسادانان و جێبەجێکردندا.
دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار
* کۆبوونەوەی پەرلەمان: بەپێی مادەی (٥٤)ی دەستوور، سەرۆک کۆمار یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دوای هەڵبژاردنەکان دیاری دەکات و ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە ڕێکخستنی قۆناغی سەرەتایی کاری یاسادانان.
* دەسپێشخەریی یاسایی: سەرۆک کۆمار مافی پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاساکانی هەیە، ئەمەش دەسەڵاتێکی ستراتیژییە بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر سیاسەتە گشتییەکان.
* پەسەندکردنی یاسا و پەیماننامەکان: هەر یاسایەک لە پەرلەمان دەربچێت یان هەر پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی، پێویستی بە واژۆی کۆتایی سەرۆک کۆمار هەیە.
* باری نائاسایی و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان: سەرۆک کۆمار بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی شەڕ یان باری نائاسایی هەیە. هەروەها دەتوانێت بە ڕەزامەندی سەرۆکوەزیران یان سێیەکی پەرلەمان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات.
* عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی دەڵێت: دەسەڵاتەکانی وەک ( دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی تایبەت، پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان، فەرماندەیی شەرەفیی هێزە چەکدارەکان و وەرگرتنی باڵیۆزان) وایانکردووە سەرۆک کۆمار نوێنەری شکۆی دەوڵەت بێت لە ناوخۆ و دەرەوە.
پارێزەری دەوڵەت
یەکێک لە هەستیارترین دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار لە مادەی (٨١)ی دەستووردا چەسپێنراوە، ئەویش ئەوەیە کە سەرۆک دەتوانێت ئەرکەکانی سەرۆکوەزیران لە ئەستۆ بگرێت ئەگەر ئەو پۆستە بە هەر هۆکارێک چۆڵ بێت. ئەمەش وای لێدەکات ببێتە "گەرەنتیکاری بەردەوامیی دەوڵەت".
بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەم ڕاستییەیان زیاتر چەسپاند. لە کاتێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت بڕیاری ستراتیژی وەک دامەزراندنی پلە باڵاکان یان پێشنیارکردنی یاسا بدات، بەڵام سەرۆک کۆمار بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییە تەواوەکانی، ئەمەش ڕێگری کرد لە دروستبوونی پەککەوتنی تەواوەتی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
سەرۆکایەتی و هاوسەنگی
لە ڕووی سیاسییەوە، پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بەشێکە لەو نەریتە سیاسییەی کە بە "دابەشکردنی دەسەڵاتەکان" ناسراوە، تێیدا پۆستی سەرۆکایەتی بۆ کورد، سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شیعە دیاری کراوە.
خالید عەلاوی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان دەڵێت: پۆستی سەرۆک کۆمار تەنها پێگەیەکی ڕەمزی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو هاوسەنگییە سیاسییەیە کە لە نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراقدا هەیە.
ئەم پێگەیە تەنها نوێنەرایەتی پێکهاتەیەک ناکات، بەڵکو بووەتە "الصمام الامان" بۆ ڕێگریکردن لە تاکڕەوی لە بڕیارە سیاسییەکاندا.
ئاڵەنگاریی
سەرەڕای گرنگیی پۆستەکە، ناکۆکی لایەنە کوردییەکان لەسەر کاندیدی پۆستەکە، زۆرجار پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی دواخستووە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە دەکرێت بە دوو کاندید بچنە ناو پەرلەمان و ڕێز لە بڕیاری زۆرینە بگرن، لە کاتێکدا یەکێتی نیشتمانی پۆستەکە بە پشکی خۆی دەزانێت و داوایدەکات.
سەرباری ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکە و لاوازی رۆڵی لەدوای جەلال تاڵەبانییەوە، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار
پرۆسەیەک نییە بۆ گۆڕینی کەسەکان، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی نوێیە بۆ سەقامگیریی سیاسی عێراق.
سەرۆکایەتی کۆمار وەک "پارێزەری دەستوور" لێیدەڕوانرێت، یاخود کلیلێک کە دەتوانێت پرۆسەی سیاسی بەهێز بکات یان لە کاتی قەیراندا ڕێگری لە داڕمانی دامەزراوەیی بکات.