سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی دەستور دەخاتەڕوو
١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٢٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایدەگەیەنێت،کێشەی جێبەجێنەکردنی دەقە دەستوورییەکان بە یەکێک لە دیارترین ئەو بابەتانە دادەنرێت کە ڕووبەڕووی بنیاتنانی دەوڵەتی مۆدێرن لە عێراق دەبێتەوە، چونکە کێشەکە لە نەبوونی دەستووردا نییە، بەڵکو لە لاوازیی پابەندبووندایە بە جێبەجێکردنی لە واقیعدا.
فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەڵێت: دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005 هات بۆ ئەوەی بناغەکانی سیستمێکی دیموکراسی لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان دابڕێژێت، بەڵام واقیعی کردەیی دەریخست کە کەلێنێکی ڕوون لە نێوان دەقە دەستوورییەکان و جێبەجێکردنی کردەییدا هەیە.
دەشڵێت: عێراق دوای جەنگی ساڵی 2003 بە قۆناغێکی سیاسی ئاڵۆزدا تێپەڕی، ئەمەش بووە هۆی بنیاتنانی سیستمێکی سیاسی نوێ کە پشتی بە فرەیی بەست، بەڵام لە هەمان کاتدا لەژێر کاریگەری چەندین هۆکاردا بوو، کە دیارترینیان پشکپشکێنەی سیاسی و دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزە جیاوازەکان بوو. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر پەکخستنی هەندێک ماددەی دەستووری، کە دیارترینیان دواکەوتنی جێبەجێکردنی ئەو دەقانە بوو کە دەستوور وادەی زەمەنی ڕوونی بۆ دیاریکردبوون.
جەجتیکردەوە: بەردەوامبوونی ئەم کێشەیە چەندین شوێنەواری مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە، لەوانە: پاشەکشەی شکۆی دەوڵەت، دووبارەبوونەوەی قەیرانە سیاسییەکان، و پەکخستنی کاروانی گەشەپێدان و سەقامگیری.
بەپێی وتەی فایەق زەیدان، دادوەر بە حوکمی وەزیفەکەی، پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسا، و دەستووریش لە لووتکەی هەرەمی یاساییدایە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی یاسادانان سەرپێچیی حوکمەکانی دەستوور دەکات و دەقێکی ڕوونیش نییە کە میکانیزمی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سەرپێچییە یان سزای جێبەجێنەکردن دیاری بکات، دادوەر خۆی لەناو تەنگژەیەکی ڕاستەقینەدا دەبینێتەوە. ئەو لە لایەکەوە ناتوانێت چاوپۆشی لە سەرپێچییەکە بکات، و لە لایەکی دیکەشەوە پشتیوانییەکی دەستووریی نییە کە ڕێگەی پێ بدات جێبەجێکردن بسەپێنێت یان شوێنەوارە یاساییە ڕوونەکان ڕێکبخات.
ناوبراو وتی: ئەم بۆشاییە یاساییە جۆرێک لە شڵەژانی یاسایی دروست دەکات و دەبێتە هۆی لاوازکردنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا. لەم حاڵەتەدا، دەستوور لە ئامرازێکی پابەندکەرەوە دەگۆڕێت بۆ تەنها بەڵگەنامەیەکی تیۆری.
فایەق زەیدان لە بابەتەکەیدا کە لاپەڕەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاویکردووەتەوە، نوسیویەتی: چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە دەستێوەردانێکی دەستووری یان یاسایی ڕوون هەیە، ئەویش لە ڕێگەی چەسپاندنی میکانیزمی پابەندکەر بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانی دەستوور، و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و سزاکان لە کاتی پێشێلکردنیاندا.
نەتوانینی دادوەر بۆ چاکسازی لە کاتی نەبوونی دەقدا، بە کەمتەرخەمی لە ڕۆڵی ئەو دانانرێت، بەڵکو دەرەنجامێکی سروشتیی پابەندبوونیەتی بە پرەنسیپی شەرعییەت و ڕێزگرتنی بۆ بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
جەختیکردووەتەوە: دەستەوەستانیی دادوەر بەهۆی نەبوونی دەقی دەستووری بۆ چارەسەرکردنی جێبەجێنەکردنی دەستوور، بە کەلێنێکی قووڵ لە پێکهاتەی سیستمی یاساییدا دادەنرێت. چونکە ڕێزگرتن لە دەستوور تەنها بە نووسینەوەی بەدی نایەت، بەڵکو بە دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی فیعلیی دەبێت، ئەمەش پێویستی بە کۆمەڵە یاسایەکی تەواوکاری هەیە کە ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە و شکۆ و پێگەی دەستوور بگێڕێتەوە.
دەتوانرێت بوترێت کە دەستووری عێراق چوارچێوەیەکی یاسایی پێشکەوتوو بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر نیشان دەدات، بەڵام سەرکەوتنی بەندە بە ئیرادەی سیاسی ڕاستگۆیانە لە جێبەجێکردنیدا و بە هۆشیاریی کۆمەڵگا بەرامبەر گرنگییەکەی.