ئەمەریکا و ئێران لەسەر مێزی گفتووگۆ باسی چی دەکەن؟

١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٣٠ پاش نیوەڕۆ

ئەمەریکا و ئێران لەسەر مێزی گفتووگۆ باسی چی دەکەن؟

پەنجەرە 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کەشتییە جەنگییەکانی وڵاتەکەی پڕ کراون لە “باشترین تەقەمەنی"، وەک ئامادەکاریی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران لەحاڵەتی شکستهێنانی دانوستاندا لە پاکستان. ئاماژەی بەوەش کرد، ئاراستەی گفتوگۆکان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەردەکەون.

ترەمپ بە ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ی ڕاگەیاندووە: کەشتییە جەنگییەکان بە باشترین چەک پڕ دەکرێن، چەکەکان لەوانەی پێشتر مەترسیدارترن کە بەکار هێنراون.

 وتی: ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتن، ئەوا بەکاریان دەهێنین، زۆر بە کاریگەریش بەکاریان دەهێنین..

بەپێی قسەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، بڕیارە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەیانی ڕۆژی شەممە بە کاتی ئیسلام ئاباد دەست پێبکەن. جەی دیڤانس جێگری سەرۆک، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و جارید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ، پێکهێنەری وەفدی ئەمەریکین.

تاران بە فەرمی ناوی وەفدەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڕاپۆرتە میدیاییە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرۆکایەتی وەفدەکە دەکات، کە کەسایەتییەکی دیاری ناو دەسەڵاتە و وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لە کاتی جەنگدا دەرکەوتووە، بەتایبەتی دوای کوژرانی چەندین سەرکردەی ئێرانی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەکاتی شەڕدا.

تەوەری گفتووگۆکان

بەهۆی رێکنەکەوتنی هەردوولا لەسەر وردەکارییەکانی ئاگربەست، دیاریکردنی تەوەری گفتوگۆکان ڕەنگە کارێکی قورس بێت، ئەمەش بەگوێرەی کەناڵی CNN.

ترەمپ ئاماژەی بە "پێشنیازێکی ١٠ خاڵی کرد کە لەلایەن ئێرانەوە پێشکەش کراوە" و بە "بنەمایەکی شیاو بۆ دانوستان" وەسفیکرد. 

بەڵام ئێران دواتر لیستێکی ١٠ خاڵی بڵاوکردەوە کە هەندێک لە خاڵەکان بەلای واشنتۆنەوە قەبوڵنەکراو بوو، وەک دانپێدانان بە کۆنتڕۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمز، پێدانی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ و هەڵگرتنی هەموو سزاکان.
لە بەرامبەردا، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕوونیکردەوە کە ترەمپ ئاماژەی بە پلانێکی جیاواز کردووە کە "لۆژیکیترە".

ترەمپ و تیمەکەی پێشنیازێکی ١٥ خاڵییان هەیە کە بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پابەندبوونی ئێران بە نەبوونی چەکی ئەتۆمی، ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو ،سنووردارکردنی تواناکانی بەرگریی و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز لەخۆدەگرێت.

ئایا گفتوگۆکان سەرکەوتوو دەبن؟

بەرپرسانی ئەمریکا بە خێرایی کار دەکەن بۆ ئامادەکاری بۆ دانوستانەکان، ئەمەش بەپێی وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ CNN. 
دیڤانس وتی: کشانەوەی ئێران لە گفتوگۆکان "کارێکی گەمژانەیە بەڵام ئەوە بژاردەی خۆیانە."

سەرەڕای ناکۆکییەکان، ترەمپ گەشبینی خۆی نیشاندا بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی، وتیشی کە سەرکردە ئێرانییەکان لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا نەرمتر دەردەکەون.

لە بەرامبەردا، پەیامە گشتییەکانی ئێران جیاوازن، میدیا فەرمییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە وڵاتەکە "سەرکەوتنێکی گەورەی" بەدەستهێناوە بەهۆی خۆڕاگری لە بەرامبەر هێرشەکان و ناچارکردنی واشنتۆن بۆ دانوستان.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستانەکانی ئاگربەست، چاوەڕوان دەکرێت ئەمە یەکەم خول بێت لە زنجیرە دانوستانێکی چڕ کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو