متمانەی کەنداو بە ئەمەریکا لاوازبووە؛ لەمەودوا وڵاتانی عەرەبی چۆن خۆیان لە هەڕەشەی ئێران دەپارێزن؟
١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، وڵاتانی کەنداو هەنگاو دەنێن بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمە ئەمنییەکەیاندا لەبەر ڕۆشنایی ئەو جەنگەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەنجامیاندا؛ بە جۆرێک ئەم وڵاتانە هەوڵ دەدەن هاوبەشە ئەمنییەکانیان هەمەجۆر بکەن، هاوکات لەگەڵ بونیاتنانەوەی ئابوورییە زیان لێکەوتووەکانیان و مامەڵەکردن لەگەڵ تارانێکدا کە دوای جەنگەکە چاوکراوەتر و بوێرتر دەرکەوتووە.
چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی کەنداو بەردەوام بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی ئێران و کۆگا مووشەکییە پڕ لە موشەکەکانی، بەوپێیەی بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکانیان، وایکردووە ببنە ئامانجی ڕاستەوخۆی ئێران.
هاوکات وڵاتانی کەنداو دەڵێن رازی نابن ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات، کە زۆربەی بازرگانی ئەو وڵاتانە بە گەروەکەدا تێپەڕ دەبێت.
گەرووی هورمز
ئابووریی وڵاتانی کەنداو بە شێوەیەکی سەرەکی پشت ئەستورە بە داهاتی وزە ، بۆیە لەمپەر لەبەردەم جوڵەی بازرگانی لە گەروەکەدا زیانی گەورەی داراییان لێدەدات.
گرنگی هورمز تەنها لە هەناردەکردنی وزەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەروازەیەکی سەرەکی هاوردەکردنی کەلوپەل و خۆراک، ئامێرە پیشەسازییەکان، تەکنەلۆژیا، ئۆتۆمبێل و ماددەکانی بیناسازییە، ئەمەش وایکردووە رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە سەقامگیری بازاڕەکاندا.
پێگەی جوگرافی گەرووی هورمز قورساییەکی ستراتیژی گەورە دەداتە وڵاتانی ناوچەکە؛ هێزە گەورەکانی وەک ئەمریکا، چین و یەکێتی ئەوروپا هەوڵی زامنکردنی سەقامگیرییەکەی دەدەن، بەهۆی ئەو رۆڵە گرنگەی هەیەتی لە دابینکردنی وزە و پاراستنی هاوسەنگی ئابووری جیهانی.
لە کاتی راگەیاندنی ئاگربەستدا، تاران جەختی لەسەر مانەوەی هەژموونی خۆی بەسەر هورمزدا کردەوە، ئەمەش دەستکراوەی دەکات بۆ ئەوەی هەرکات بیەوێت ئابووری وڵاتانی کەنداو بخنکێنێت.
چاوەڕوان دەکرێت داهاتووی هورمز یەکێک بێت لە دیارترین پرسە جێناکۆکەکان لە میانی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد.
لە نێوان گرژیی و هێورکردنەوەدا
وا دیارە وڵاتانی کەنداو لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە داهاتوودا هاوڕا نەبن؛ ئیمارات هەڵوێستی توندە، لە کاتێکدا وڵاتانی تر مەیلیان بەرەو هێورکردنەوە و بونیاتنانەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ تاران.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە پێدەچێت ئیمارات لە پشت هێرشێکەوە بێت بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی دوورگەی "لافان" کە چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕوویدا، بەڵام ئەبوزەبی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم تۆمەتانە نەداوە.
سعودیە و ئێران یەکەم پەیوەندی فەرمییان لە دوای هەڵگیرسانی ئاڵۆزییەکان ئەنجامدا، ئەویش لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان وەزیرانی دەرەوە کە تێیدا باسیان لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی گرژی و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە کرد.
بەدر موسا سەیف، مامۆستا لە زانکۆی کوەیت، بە پێویستی دەزانێت وڵاتانی کەنداو پێداچوونەوە بە سیستەمە ئەمنییەکەیاندا بکەن لە ڕێگەی هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزە ناوچەییەکانی وەک تورکیا، لەبری پشتبەستنی تەواوەتی بە ئەمریکا.
جەختیشیکردەوە، لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە بازنەی ململانێ بەردەوامەکان بۆ ڕێکخستنەوەی ئەولەوییەتە ئابوورییەکان .
لە قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی گاردیان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتانی وەک تورکیا و پاکستان، کە خاوەنی توانای سەربازی گەورەن، دەتوانن ڕۆڵی زیاتر لە ئەمنیەتی کەنداودا بگێڕن، بەتایبەت کە پێشتر هەنگاوی لەو شێوەیە نراوە وەک ڕێککەوتنی بەرگریی نێوان سعودیە و پاکستان و هاوبەشی بەرگریی نێوان ئیمارات و هیندستان.
هەروەها سعودیە، ئیمارات و قەتەر لە کاتی جەنگەکەدا پەلەیان کرد لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەرگری لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی درۆنەکانی ئێران.
سەبارەت بە ئەگەری دروستکردنی "ناتۆی ئیسلامی"، ئەم پێشنیازە بە دوور دەبینرێت، بەتایبەت بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی پەیوەندیدار و جیاوازی ئەولەوییەتەکانیان، جگە لە هەستیاری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران.
ڕەنگە بەریتانیا ڕۆڵی هەبێت لە سیستەمە ئەمنییە نوێیەکەدا، بەتایبەت دوای بەشداریکردنی لە پاراستنی ئاسمانی کەنداو لە کاتی جەنگەکەدا. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە باسی لە بەهێزکردنی هاوکارییە بەرگرییەکان کردووە.
عەبدولخالق عەبدوڵا، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە ئیمارات، پێیوایە پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەمریکا بەهێزتر دەبن، هاوتەریب لەگەڵ چوونە ناوەوەی وڵاتانی دیکە بۆ ناو پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، کە هاوکاری سەربازیی و هەواڵگریش دەگرێتەوە.
ئیمارات زۆرترین هێرشی لەلایەن ئێرانەوە کرایە سەر، لەمڕووەوە عەبدولخالق عەبدوڵا پێیوایە ئێران بووەتە "دوژمنی یەکەم" بۆ ئیمارات و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی، ئەمەش وایکردووە هەمیشە لە دۆخی ئامادەباشیدا بن.
ئەندریاس کریگ، شرۆڤەکاری بەریتانی دەڵێت: وڵاتانی کەنداو دەستبەرداری ئەمریکا نابن، بەڵام هەوڵی هەمەجۆرکردنی هاوبەشە ئەمنییەکانیان دەدەن بەتایبەت لەگەڵ ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەشکرد ئەمریکا هێشتا گرنگترین هێزی سەربازی دەرەکییە لە کەنداودا، بەڵام متمانەی سەرکردەکانی ناوچەکە پێی کەمتر بووەتەوە، چونکە ئێستا وەک هاوبەشێکی گرانبەها و کەم متمانە لێیدەڕوانرێت. بنکە ئەمریکییەکان دەمێننەوە، بەڵام چیتر وەک قەڵغانێکی پارێزەر نابینرێن، بەڵکو وەک فاکتەرێک دەبینرێن کە ڕەنگە مەترسی بەدوای خۆیاندا بهێنن.