لەژێر دروشمی “إذا جاء نصر الله والفتح"؛ چۆن هورمز فریای ئێران کەوت؟

١١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٣٧ پاش نیوەڕۆ

 لەژێر دروشمی “إذا جاء نصر الله والفتح"؛ چۆن هورمز فریای ئێران کەوت؟

پەنجەرە

ململانێی چل رۆژەی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراوی بەدوای خۆیدا هێنا، پەردەی لەسەر کاریگەریی بەهێزترین کارتی فشاری ئێران لابرد کە گەروی هورمز بوو.

لە سەرەتای جەنگەوە وا دەبینرا ئامانجی هێرشەکان بۆ گۆڕینی ڕژێم بێت لە ئێران، لە ڕێگەی هەڵمەتێکی چڕی بۆردومانکردنی پێگە هەستیارەکان و کوشتنی سەرکردە دیارەکانەوە. 

ئێران بە هەڵدانی موشەک و درۆن بۆ سەر هاوپەیمانانی ئەمریکا لە کەنداو وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، بەڵام لەگەڵ ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە، کارتی داخستنی هورمزی بەکار هێنا ئەو گەروەی کەنداو بە بازاڕی جیهانەوە دەبەستێتەوە.

داخستنی هورمز فشاری زۆری خستە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، کە پشت بە بەردەوامیی گواستنەوەی نەوت و غاز لەو گەروەوە دەبەستن. 

بەرپرسانی سوپای پاسداران پێیانوابوو داخستنی  ئەم ڕێڕەوە دەریاییە گرنگە، دەبێتە فشارێکی گەورە لەسەر ئەمەریکا و جیهان.

وزە وەک چەکێکی سیاسی

ئێران لە ڕێگەی داخستنی هورمزەوە گرفتی گەورەی بۆ وزەی جیهان دروستکرد، واشنتۆنی ناچار کرد پێداچوونەوە بەحساباتی خۆیدا بکاتەوە، دواجار کردنەوەی هورمز بووە مەرجی دانوستان و ئاگر بەست.

هەرچەندە ئێران پێشتریش چەندینجار هەڕەشەی داخستنی گەروەکەی کردووە، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی داینەخستووە، تەنانەت لە سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێرانیشدا (١٩٨٠-١٩٨٨) سەرەڕای بە ئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، گەروەکە دانەخرا. 

لە ئێستادا سەرکردە و بەرپرسانی ئێران تاوتوێی هەژموونی وڵاتەکەیان بەسەر گەروەکەدا دەکەن بۆ قۆناغی داهاتوو، لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران پێشنیازێکی ئامادە کردووە بۆ سەپاندنی "باج و ڕسومات" بەسەر ئەو کەشتیانەی پێیدا تێپەڕ دەبن. 
پەرلەمانتارێکی ئێرانی پێشنیازی کردووە کە لە بەرامبەر هەر سێ بەرمیل نەوت کە لە تەنگەکەوە تێپەڕ دەبێت، بڕی یەک دۆلار وەک باج وەربگیرێت.

گوتاری سەرکەوتن و واقیعی ناوخۆیی

میدیا فەرمییەکانی ئێران دوای ئاگربەستەکە هەوڵیان وڵاتەکەیان وەکو براوەی جەنگ وێنا بکەن. باڵیۆزخانەی ئێران لە کوەیت گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕێبەری پێشووی ئێرانی بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی "إذا جاء نصر الله والفتح"، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئێران توانیویەتی لە بەرامبەر گوشارە دەرەکییەکاندا خۆڕاگر بێت.

ئاژانسی "فارس" ڕایگەیاند کە پلانی ئاگربەستی ئێران بریتییە لە: لابردنی سزاکان، قەرەبووی جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. 
جێگری سەرۆک کۆمار ئاگربەستەکەی وەک سەرکەوتنی "عەقیدەی خامنەیی" وەسفکرد (ئاماژە بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران کە لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگەکەدا کوژرا). 

هەروەها موحسن ڕەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، هۆشداریدا لەوەی هێزەکانی ئێران هێشتا لە ئامادەباشیدان و "دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە".
بەڵام لە پشت ئەم گوتارە گەرم و گوڕانەوە، واقیعێکی لەرزۆک هەیە:
* سوپای ئێران زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
* ئابووری وڵات کە بەدەست سزاکانی ئەمریکاوە دەیناڵاند، زیاتر داڕماوە.
* لانیکەم ١٣ کەس لە کاتی شەڕەکەدا لەسێدارە دراون، کە زۆربەیان بە تۆمەتی سیخوڕی و هەندێکیشیان لە خۆپیشاندانەکانی مانگی یەکی وڵاتەکەدا دەستگیرکرابوون.
ئەم هەنگاوانە نیشانەی نیگەرانی قووڵی ڕژێمەکەن لە ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی.

ململانێی یاسایی و سیاسی بەردەوامە

کردنەوەی هورمز داواکاریی سەرەکی ئەمریکا بوو پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی، بەڵام وا دیارە هەنگاوێکی ئاسان نییە. ئێران هۆشداریداوە لەوەی هەر کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی سوپای پاسداران تێپەڕێت "دەکرێتە ئامانج و تێکدەشکێنرێت".

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند سەرۆک ترەمپ لەم ڕاپۆرتە "قبوڵنەکراوانە" ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد ئەوەی لە پشت پەردەوە دەوترێت جیاوازە لەوەی بە ئاشکرا ڕادەگەیەنرێت. 
سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، بە بی بی سی ڕاگەیاند کە ئێران "تێپەڕبوونی ئارام" لە گەروەکەدا دابین دەکات، بەڵام وتیشی: کردنەوەی تەواوەتی تەنها کاتێک دەبێت کە "ئەمریکا دەستدرێژییەکانی ڕابگرێت"، مەبەستی هێرشەکانی ئیسرائیل بوو بۆ سەر لوبنان. 
ناوبراو جەختیکردەوە گەروی هورمز بەشێک نییە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و تێپەڕبوونی سەلامەت بەستراوەتەوە بە "نیەتی باشی ئێران و شانشینی عومان".

داهاتوو چی دەبێت؟

پێشنیازەکەی پەرلەمانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی گەروەکە لە ٩ خاڵ پێکدێت، لەوانە:
١. ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی "دوژمن".
٢. ناچارکردنی کۆمپانیاکان بۆ پێدانی باج بە دراوی ئێرانی و کردنەوەی هەژماری بانکی لە ئێران.
٣. ناچارکردنی کەشتییەکان بۆ ئاشکراکردنی جۆری بارەکانیان.

 پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمە قبوڵ دەکەن؟ کاردانەوەکان پیشاندەری ئەوەن ناکۆکی توند هەیە، چونکە ئازادیی کەشتیوانی بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ئەمریکا. ئەگەر ئێران سەرکەوتوو بێت، دەبێتە سەرکەوتنێکی ستراتیژی و سیمبولی گەورە، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی یەکگرتنی وڵاتانی ناتۆ و هێزە ناوچەییەکان دژی ئێران، ئەمەش ڕەنگە وەڵامدانەوەی دیپلۆماسی، ئابووری یان تەنانەت سەربازیی لێبکەوێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو