جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: لەگەڵ ئێران نەگەیشتینە رێککەوتن
١٢ نیسان ٢٠٢٦ - ٢:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند دانوستانە چڕەکانیان لەگەڵ ئێران کە چەندین کاتژمێری خایاند، نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەیەکی هەمیشەیی، سەرەڕای ئەوەی وەک خۆی وتی "گفتوگۆی جەوهەری" لە نێوان هەردوولادا هەبووە.
ڤانس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان ڕوونی کردەوە کە گفتوگۆکان ٢١ کاتژمێریان خایاندووە و وتیشی: "هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە کۆمەڵێک گفتوگۆی جەوهەریمان لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجامداوە."
هەروەها وتی: "هەواڵە خراپەکە ئەوەیە کە نەگەیشتینە ڕێککەوتن،" و پێیوابوو کە ئەمە "بۆ ئێران هەواڵێکی خراپە وەک لەوەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خراپ بێت."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە شاندی ئێرانی ڕەتیکردەوە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن قبوڵ بکات، سەرەڕای ئەوەی واشنتن پێشنیاری "تا ڕادەیەکی زۆر نەرم"ی پێشکەش کردووە.
ڤانس وتی: "زۆر هاوکار بووین. سەرۆک داوای لێکردین بە نیازپاکی ئامادە بین و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئێمەش ئەوەمان کرد، بەڵام بەداخەوە هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆمان بەدەست نەهێنا."
هەروەها ئاماژەیبەوە کرد کە خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکان بریتی بووە لە ڕەتکردنەوەی تاران بۆ وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، کە ئەمەشی وەک بەربەستی سەرەکی لەبەردەم گەیشتن بە لێکتێگەیشتن وەسف کرد.
لە کۆتاییدا وتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوەی پێشکەش کردووە کە بە "کۆتا و باشترین پێشنیار" وەسفی کرد، و وتیشی: "دەبینین ئاخۆ ئێرانییەکان قبوڵی دەکەن یان نا."