پارتی بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد؛ هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکات

١٢ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣١ پاش نیوەڕۆ

پارتی بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد؛ هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکات

پەنجەرە

جارێکی دیکە کێبڕکێی نێوان جەمسەرە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەیشتەوە لوتکە. پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای هەشت ساڵ لە هەوڵە سەرنەگرتووەکانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، دوێنی بە فەرمی بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کرد و نوێنەرەکانی گەڕاندەوە بۆ هەرێم.


یاسا یان سیاسیەت؛ کێشەکە لە کوێیە؟

مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی تۆمەتبار کرد بەوەی "پێشێلی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ"یان کردووە. پارتی پێیوایە کاندیدکردنی (نزار ئامێدی) لە دەرەوەی کۆدەنگی لایەنە کوردستانییەکان بووە و تەنها نوێنەرایەتی "حزبێک" دەکات نەک گەلی کوردستان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو کەسەی بەم شێوازە دیاری بکرێت، بە نوێنەری زۆرینەی کوردستان نایزانین و مامەڵەی لەگەڵ ناکەین." ئەمە وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ئەوەی کە پارتی دانی پێدا نانێت ئەگەر ئامێدی وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی بخوات.


سەرچاوەیەکی باڵا:بەغدا گوێ بە هەڕەشەکانی پارتی نادات

لە کاتێکدا پارتی فراکسیۆنەکانی خۆی لە پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵ بانگکردووەتەوە بۆ کوردستان بە مەبەستی "هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە"، سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە بەغدا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ (پەنجەرە) دەڵێت: "پارتی هەڕەشەی کشانەوەی تەواوەتی لە پرۆسەی سیاسی دەکات، بەڵام لایەنە عێراقییەکان زۆر گوێ بەو هەڕەشانە نادەن."

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە عەقڵییەتی سیاسیی بەغدادا کرد و وتی: "سیاسییەکانی ئێستای عێراق دەموچاوی تازەن؛ ئەوان وەک نەوەکانی پێشوو پەیوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ بارزانی نییە، بۆیە لای ئەوان هاوکێشەکە تەنها ژمارەیە و حساب بۆ هەڕەشەکان ناکەن."


هەشت ساڵ لە شکستی دیپلۆماسی؟

ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە پارتی لە دوو خولی ڕابردووی سەرۆکایەتی کۆماردا نەیتوانیوە پۆستەکە لە یەکێتی وەربگرێتەوە. چاودێرانپێیان وایە ئەم بایکۆتکردن و گەڕانەوەیە بۆ هەولێر، نیشانەی گەیشتنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایە بە قۆناغێکی ئاڵۆز کە ڕەنگە نەخشەی هاوپەیمانێتییەکانی ناو حکومەتی داهاتوو بگۆڕێت.

ئێستا چاوەکان لەسەر هەولێرن؛ ئایا پارتی تەنها وەک کارتێکی فشار بایکۆتی کردووە، یان ئەمە سەرەتای بایکۆتێکی جدییە لەو پرۆسە سیاسییەی کە لە دوای ٢٠٠٣وە خۆی یەکێک بووە لە ئەندازیارە سەرەکییەکانی؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو