"کاندیدی ناوەندیی"؛ باسم بەدریی کێیە کە ناوی دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران
١٢ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەنێو کێشمەکێشی دیارییکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ناوی د. باسم بەدریی، وەک کاندیدێکی "ناوەندیی" بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران هاتووەتە ئاراوە. بەدریی کە زیاتر وەک کەسایەتییەکی ئەکادیمی و تەکنۆکرات دەناسرێت، ئێستا لەبەردەم چارەنووسێکی گەورەدایە: ئایا دەبێتە ئەو ناوەی کە چەقبەستوویی بڕیاری شیعەکان تێدەپەڕێنێت، یان ئەویش تەنها ناوێکە و بۆ ئاڵۆزترکردنی زیاتری مەیدانەکە دەهێنرێتە ناوان؟
ناساندنی بەدریی و پاشخانی ئەکادیمی
د. باسم محەمەد یونس بەدری، پرۆفیسۆری یاریدەدەر بوو لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی بەغداد و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئابووریی کشتوکاڵیدا.
ئەو سەرۆکایەتی "دەستەی نیشتمانیی باڵای لێپرسینەوە و دادوەریی (المساءلة والعدالة) دەکات، کە دەستەکە بەرپرسە لە پاکتاوکردنی بیری بەعس لە ناوەندەکانی دەوڵەت.
کاندیدێکی دڵخوازی شیعەکان؟
لەکاتێکدا ململانێیەکی توند لەنێوان باڵی محەمەد شیاع سودانی (بۆ ویلایەتی دووەم) و نوری مالیکی (بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات) هەیە، سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە بەشێکی بەرچاوی هێزە شیعەکان بەدرییان پێباشە.
بەدری لێرەدا وەک "کاندیدی ناوەندیی و تەبایی" دەردەکەوێت؛ کەسێک کە زۆر ڕۆڵی لە گۆڕەپانی سیاسییدا نییە و لەپێناو تێپەڕاندنی دۆخەکەدا پشتی پێدەبەسترێت.
بەڵام ئەوەی وادەکات گومان لە دیارییکردنی هەبێت، نەبوونی ئەزمونێکی ئەوتۆیە. ئەو ئەگەرچی کەسێکی ئەکادیمی و بەرپرسێکی حکومییە، بەڵام تێوەگلانی لە بابەتە سیاسییەکاندا سنووردارە، ئەمەش
وادەکات بە کەسێکی کەم توانا یان لاواز ببینرێت بۆ وەرگرتنی پۆستێک کە نمرە یەکی عێراقە.
بەگشتیش دەرکەوتن و هەڵوێستەکانی ئەو زۆر سنووردارە و شتێکی ئەوتۆی لەبارەوە نازانرێت، بەڵام بەوتەی سەرچاوەکان، ئەوەی شیعەکان دەیانەوێت ڕێک ئەمەیە، چونکە ئەوان کەسێکی بەهێزیان ناوێت کە ئەجێندای خۆی بسەپێنێ "کە ئەمە هۆکاری دوورخستنەوەی مالیکی و سودانییە"، هاوکات کەسێکیشیان ناوێت کە لەسەر بەرەیەک خۆی یەکلاکردبێتەوە، بۆیە لەم نێوەندەدا بەدریی بە کاندیدێکی گونجاو دەزانن.
بەگشتی ئەم هەفتەیە بۆ بەدریی و شیعەکان و عێراقیش چارەنووسساز دەبێت، چونکە بڕیارە لەم هەفتەیەدا چوارچێوەی هەماهەنگیی کۆببێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی کاندیدی سەرۆک وەزیران. یەکێک لەو کاندیدانەش کە لەگەڵ ١١ کەسی تردا ناویان هێنراوە و دەهێنرێت، باسم بەدرییە.
پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەویش بە دەردی ئەو ناوانەی دیکە دەچێت کە پێشتر بۆ وەرگرتنی پۆستەکە دەهێنران و دواتر کپ دەبوون، یان ئەمجارەیان جیاواز دەبێت؟