گەرووی هورمز؛ گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی دوایین کارتەکانی تاران

١٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٥ پاش نیوەڕۆ

گەرووی هورمز؛ گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی دوایین کارتەکانی تاران

پەنجەرە

لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا، گەروی هورمز وەک گۆڕەپانێکی ڕووبەڕووبوونەوەی ستراتیژیی و یەکلایی کردنەوەی هاوکێشەکان دەردەکەوێت، بەو پێیەی قورسایی ململانێکان لەو گەروەدا چڕ کراونەتەوە.

ئەوەی ڕوودەدات تەنها هەڕەشەی گەمارۆدانی هورمز نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیستماتیکە بۆ داماڵینی تاران لە دوو بەهێزترین کارتی دانوستان کە هێشتا لەدەستیدا ماون و دەیەوێت بەرامبەر ئەمەریکا بەکاریان بهێنێت.

دۆناڵد ترەمپ هێز وەکو ئامرازی فشار بەکار دەهێنێت، بۆیە هەمیشە دۆخەکە دەباتە لێواری ئاڵۆزیی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ستراتیژیی لەکاتی دانوستاندا، چڕ کردنەوەی فشارەکان لەسەر هورمز بەشێکە لەم پلانە.

پێشتر ترەمپ هەوڵیدا لەرێگەی گورزی بەهێزەوە سوپای پاسداران لاواز بکات و رێگە بۆ گۆڕانکاری لە ئێران خۆش بکات، بەڵام بەهۆی گۆڕینی تاکتیکی شەڕ لەلایەن ئێرانەوە ئەم پلانە سەرینەگرت.

چاودێران دەڵێن ئەگەری سەرکەوتنی گەمارۆی دەریایی بەهۆی فاکتەرە تەکنیکی و مەیدانییەکانەوە بەهێزە، چونکە دەروازەی گەروی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە. 
واشنتن بەنیازە ناوچەیەک دروست بکات بە ناوی "ناوچەی ڕێگری دەریایی"، کە تێیدا کەشتییەکان ڕادەگیرێن و دەپشکنرێن و بڕیار لەسەر ڕێگەپێدان یان ڕێگری لێکردنیان دەدرێت.

دەربارەی ئەو مینانەی کە ڕەنگە ئێران بیانچێنێت، چادێران پێانوایە ئەمە خزمەت بە پلانەکەی ئەمەریکا دەکات، چونکە ئەوەی دەیەوێت ڕێگریی لە هاتنە ناوەوەی کەشتییەکان بکات، سوود لە داخستنی گەرووەکە بە مین وەردەگرێت نەک بە پێچەوانەوە. 

تەواو کردنی سیستەمی گەمارۆی سەر هورمز دوو هەنگاوی گرنگی پێویستە، بە ئامانجگرتنی کەشتییە ئێرانییەکان لە هەر شوێنێکی دەریا بن (ژمارەیان کەمە و ناتوانن لە بەرامبەر باڵادەستی ئەمریکا دەرباز ببن)، هەروەها بە ئامانجگرتنی بەندەرەکانی وەک بەندەر عەباس و شوێنانی تر لە کاتی پێویستدا.

سەبارەت بە توانای تاران بۆ وەڵامدانەوەی گەمارۆکان، چاودێران دەڵێن بژاردەکانی ئێران بەکارهێنانی درۆن و موشەکن، بەڵام بۆ پێکانی کەشتییە دەریاییە جوڵاوەکان ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە، بەوپێیەی کەشتییەکان بەردەوام لە جوڵەدان و بە ئامانج گرتنیان قورسە.

ئامانجی ئەمەریکا لە جوڵەکردن بە ئاراستەی هورمز دەرهێنانی دوو کارتی دانوستانە دانوستانە لە دەست ئێران، کارتی یەکەم بریتییە لە بەرەی حزبوڵا و باشووری لوبنان، کارتی دووەمیش گەرووی هورمزە.

مەرجەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراو و موشەکی بالیستی و هێزە پرۆکسییەکانی ئێران روونن، بەڵام لە ئێستادا گەروی هورمزیشی بۆ زیادکراوە.

وەرگرتنەوەی کارتەکان لەئێران وا دەکات واشنتۆن مەرجەکانی بسەپێنێت بەسەریدا، لەکاتێکدا گەر ئێران دانوستان رەتبکاتەوە وێرانکردنی تەواوی ژێرخانی لە هێڵی ئاسن، وێستگەکانی شەمەندەفەر، بەندەرەکان و تۆڕەکانی کارەبا، وەک کۆتا بژاردە دەمێننەوە و ئێستا کارتی هەڕەشەی ترەمپن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو