تەنگەی هورمز لە نێوان گەمارۆی ترەمپ و هەڕەشەکانی ئێراندا؛ جەنگی وزە جیهان هەژێنێت

١٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٨ پاش نیوەڕۆ

تەنگەی هورمز لە نێوان گەمارۆی ترەمپ و هەڕەشەکانی ئێراندا؛ جەنگی وزە جیهان هەژێنێت

پەنجەرە

لەگەڵ بێ ئەنجامبوونی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران، بازاڕەکانی وزە لە جیهان و بەتایبەت لە ئەوروپا ڕووبەڕووی شۆکێکی گەورە بوونەتەوە. بڕیاری کۆشکی سپی بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا و داخستنی کردەیی گەروی هورمز، نەک تەنها نرخی سووتەمەنی بۆ ئاستێکی زۆر بەرزکردووەتەوە، بەڵکو مەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیریشی هێناوەتە ئاراوە.

ستراتیژی "ئەوپەڕی فشاری "ی ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی بە هێزەکانی "سێنتکۆم" کردووە کە ڕێگری لە هەر کەشتییەک بکەن کە ڕوو لە بەندەرەکانی ئێران دەکات یان لێیانەوە دەردەچێت. ترەمپ لە پەیامێکی تونددا هۆشداری داوە: "هەر لایەنێک پارەی تێپەڕبوونی نایاسایی بداتە ئێران، رێوشوێنی توندی بەرامبەر دەگیرێتە بەر."

ئامانجی ئەم هەنگاوەی ترەمپ روونە:
* بڕینی شادەماری ئابووری ئێران و وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتی تاران.
*گوشار خستنە سەر چین (وەک گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران) بۆ ئەوەی تاران ناچار بە ڕێککەوتن بکات.
* بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی خێرا پێش هەڵبژاردنە نیوەییەکانی کۆنگرێس لە مانگی نۆڤەمبەردا.

گرەوی تاران لەسەر کات 

لە بەرامبەردا، تاران گرەو لەسەر "کات" دەکات، بەرپرسانی ئێران پێیانوایە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و گوشارە ئابوورییەکان، دواجار ئەوروپا ناچار دەکات پشت لە واشنتن بکات و گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە "بە هەر نرخێک بێت".
وتەبێژێکی سەربازی ئێران هۆشداری داوە کە هەر جوڵەیەکی ئەمریکا بە "چەتەی دەریایی" دادەنرێت و ڕایگەیاندووە: "ئەگەر بەندەرەکانی ئێران بکەونە مەترسییەوە، هیچ بەندەرێکی کەنداو و دەریای عومان بە ئارامی نامێنێتەوە."

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

ئەم بڕیارەی ترەمپ تەنها ئێرانی توڕە نەکردووە، بەڵکو لە ناوخۆی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیشدا نیگەرانی قووڵی دروست کردووە:

* ناڕەزایەتی ناوخۆیی ئەمریکا: مارک وارنەر، سیناتۆری دیموکرات، ڕەخنەی توند لە لۆژیکی ئەم گەمارۆیە دەگرێت و دەڵێت: "کاتێک نرخی بەنزین گەیشتووەتە ٤ دۆلار و ٢٥٪ی گازی جیهان بەوێدا تێدەپەڕێت، چۆن گەمارۆدانی تەنگەکە دەبێتە هۆی کردنەوەی؟"

* پێگەی ئەوروپا: فەڕەنسا و بەریتانیا ڕایانگەیاندووە کە بەشداری گەمارۆکەی ترەمپ ناکەن. ئیمانوێل ماکرۆن باسی لە پێکهێنانی "نێردەیەکی نێودەوڵەتی ئاشتیخواز" کردووە بۆ پاراستنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی، بەڵام تەنها دوای کۆتایی هاتنی ململانێکان.

* نیگەرانی ئەڵمانیا: فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا، هۆشداری دا کە ئابووری وڵاتەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە قوربانی ئەم 
قەیرانی وزەیە.

ئایا جەنگێکی نوێ لە ڕێگەیە؟

مەترسییەکە لێرەدایە؛ کاتێک کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا هەوڵی پشکنینی ئەو کەشتیانە دەدەن کە نەوتی ئێران دەگوازنەوە، ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپای پاسداران بەهێز دەبێت. ئێران هەڕەشەی کردووە کە لە ماوەی ٣٠ خولەکدا هێرش دەکاتە سەر هەر کەشتییەکی جەنگی کە سنوورە دەریاییەکانی ببەزێنێت.

جیهان ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ لە لایەک ترەمپ دەیەوێت بە "داخستنی هورمز" یارییەکە کۆتایی پێ بهێنێت، لە لایەکی تریشەوە ئێران دەیەوێت جیهان بخاتە بەردەم دووڕیانێک: یان ئاسایشی وزە بۆ هەمووان، یان پشێوی بۆ هەمووان. ماوەی چەند مانگی داهاتوو و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئاراستەی ئەم دۆخە ئاڵۆزە دیاری دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو