ناسنامە و ململانێ؛ ژیانی جووەکانی ئێران لەنێو هاوکێشەی سیاسیی "شەیتانی بچووک"دا
١٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەو وڵاتەی کە ئیسرائیل وەک "شەیتانی بچووک" ناودەبات، گەورەترین کەمینەی جوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت ئێران دان بە کەمینەی جوودا دەنێت وەک یەکێک لە سێ کەمینە ئاینییەکە لەپاڵ مەسیحی و زەردەشتیدا.
ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات جووەکانی وڵاتەکەی تەواوی مافە سیاسی و مەدەنییەکان و ئازادی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان پێدراوە، ئەوەش لە ڕێگەی نزیکەی 76 پەرستگاوە، کە 31یان لە تاران و 13یان لە شیرازن.
جوو لە سەردەمی شادا
پەیوەندی جووەکانی ئێران لەگەڵ ڕژێمی "شا"دا بەهێزبوو، ڕەزا پەهلەوی یەکێکبوو لە پشتیوانە بەهێزەکانی جوو لە ئێران و ڕێگەی دەرچواندنی ڕۆژنامە و گۆڤاری پێدان و هەندێکیان بە زمانی عیبری دەردەچێنران.
لەگەڵ هاتنی "محەمەد ڕەزا پەهلەوی" دوایین شای ئێران، کە هەوڵیدا ئازادی گشتی لە ئێران سنوردار بکات و شێوازی حوکمی سەربازیی پەیڕەو بکات، لێرەدا قۆناغێکی نوێ لە لێکنزیکبوونەوە لە نێوان ڕژێم و جووەکانی ئێران سەریهەڵدا، شا ئەوانی لە پرۆسەی "دڵداری سیاسی" نێوان خۆیی و ئیسرائیل و ئەمەریکا بەکارهێنا.
بۆ کۆنترۆڵکردنی تەوژمی ئاینی، پەهلەوی کوڕ ڕێگەی بە دەرکەوتنی زۆرێک لە ڕێکخراوە جووەکان دا، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا دژی ڕژێمی شا و پشتیوانی ئەمریکا بۆ هەندێک تەوژمی ئۆپۆزسیۆن لە ئێران، شا کەوتە دژایەتی جوەکان.
شا پێیوابوو ویلایەتە یەکگرتووەکان لەژێر کاریگەری لۆبی جوودا جیهان بەڕێوە دەبات، بەمەش قۆناغی لێکنزیکبوونەوەی نێوان جووەکان و شا کۆتایی هات.
لە ئەنجامی گرژیی نێوان کەمینەی جوو و ڕژێمی شا لە ئێران، وڵاتەکە دوو شەپۆلی گەورەی کۆچی جووەکانی بەخۆیەوە بینی؛ یەکەمیان دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948، بەڵام کاریگەری ئەوتۆی لەسەر ڕەوەندی جوو لە ئێران نەبوو؛ چونکە بەبێ پێکدادان لەگەڵ ڕژێمی ئێران مانەوە، جگە لە هەبوونی پەیوەندی بازرگانی و سیاسی بەهێز لە نێوان تاران و تەلئەبیب، ئەمەش جووی لە ناکۆکی قورس پاراست. بەڵام شەپۆلی دووەمی کۆچەکە بەهێزبوو لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 1979 و گۆڕانی پەیوەندی نێوان جووەکانی ئێران و کۆماری ئیسلامی.
پەیوەندی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ جووەکان
دوای هاتنی ئایەتوڵا خومەینی بۆ سەر دەسەڵات، ڕووداوی لەسێدارەدانی "حەبیب ئەلقانیان" وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی جوو لە ئێراندا.
ئەلقانیان سەرۆکی کەمینەی جوو و یەکێک لە گەورەترین بازرگانە جووەکان بوو کە بەشدارییان لە بونیاتنانی ئابووری ئێراندا کردبوو لە سەردەمی شادا، یەکەم کەس بوو پیشەسازی پلاستیکی هێنایە وڵاتەکەوە، پڕۆژەی گەورەی لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا هەبوو.
بەڵام لە 9ی ئایاری 1979دا لەسێدارە درا، دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل. ئەم ڕووداوە مایەی شۆک بوو بۆ گەلی ئێران بە گشتی و بۆ جووەکان بەتایبەتی، ترسی زۆری لای جووە ئێرانییەکان دروستکرد.
دوای شۆڕشی ئیسلامی، جووە ئێرانییەکان بڕیاریان دا چاویان بە خومەینی بکەوێت بۆ گفتووگۆکردن لەسەر ئایندەیان لە سایەی کۆماری ئیسلامیدا.
ڕۆژێک دوای لەسێدارەدانی ئەلقانیان، سەرکردەکانی جوو لە شاری قوم چاویان بە ڕێبەری باڵا کەوت، ئەم دیدارەش بووە هۆی ئەوەی خومەینی فەتوا بەناوبانگەکەی دەربکات، بڕیاری پاراستنی جووەکانی ناو ئێرانی دا و ڕێگریکرد لە هێرشکردنە سەریان و ڕایگەیاند: جووەکانی ئێران لە نەوەی موسان و پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە نییە.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل هەوڵیدا جووەکانی ئێران ڕابکێشێت و تەماعی دارایی گەورەی خستە بەردەمیان، دە هەزار دۆلار بۆ هەر تاکێک و 61 هەزار دۆلاری بۆ هەر خێزانێکی جووی ئێرانی تەرخانکرد، ئەمەش لە پێناو هاندانیان بۆ کۆچکردن بۆ تەلئەبیب.
لە ئێستادا ژمارەی ئەو جووانەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە لە ئیسرائیلدا بە زیاتر لە 200 هەزار کەس دەخەمڵێندرێن، کە دیارترینیان سەرۆکی پێشووتری ئیسرائیل "مۆشێ کاتساف" و وەزیری بەرگریی پێشووتر "شائول مۆفاز"ن.
لە سەردەمی شادا و تا سەرەتای هەشتاکان، ژمارەی جووەکان لە ئێران بە نزیکەی 100 هەزار کەس مەزەندە دەکران، کە بەسەر شیراز، یەزد، کرمان، ئەسفەهان و ڕەفسەنجاندا دابەش ببوون، بەڵام زۆربەیان لە تاراندا کۆببوونەوە.
شۆڕش گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە دۆخی جووەکانی ئێراندا دروستکرد، بەهۆی سروشتی ئایدۆلۆژییەوە کە لە بەرژەوەندی زۆرینەی شیعە بوو، ئەمە جگە لە فاکتەری ناکۆکی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
ئەمەش ڕەوەندی جووی لە ئێران خستە بارودۆخێکی زۆر هەستیارەوە کە هەندێک جار دەگەشتە ئاستی تۆمەتبارکردن بە خیانەت؛ نمونەی زیندوش تۆمەتبارکردنی 13 کەس لە ڕەوەندی جوو بوو لە تاران لە ساڵی 1999 بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، کە ئەمەش قەبوڵکردنی ئەوانی لە ناو کۆمەڵگەی ئێرانیدا قورستر کرد.
چارەنووسی کەمینەی جوو لە ئێران
بارودۆخی جووەکانی ئێران تا ڕادەیەک باشتر بوو دوای ئەوەی "حەسەن ڕۆحانی" بوو بە سەرۆک کۆمار، چ لە ڕووی مامەڵەی دەسەڵاتداران لەگەڵیان یان لە ڕووی کارلێکیان لەنێو کۆمەڵگەی ئێرانیدا.
حکومەتەکەی ڕەوحانی نزیکەی 400 هەزار دۆلاری بۆ نەخۆشخانەیەکی جووەکان لە تاران تەرخان کرد، سەرۆک کۆماری ئێران داوای لە تاکە نوێنەری جوو لە پەرلەمان کرد کە لە یەکێک لە دانیشتنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆرک یاوەری بکات.
لە سایەی حکومەتەکەی رەوحانی لە ساڵی 2015دا، شارەوانی تاران مۆنۆمێنتێکی بۆ ڕێزگرتن لەو سەربازە جووانە دروست کرد کە لە جەنگی ئێران-عێراقدا کوژرابوون؛ وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەوان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کۆمەڵگەی ئێرانین.
لە وتارێکیدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2017، ڕەوحانی وتی: "ئێمە هەمان ئەو گەلەین کە جووەکانمان لە دیلی بابل ڕزگار کرد"، ئەمەش بۆ جەختکردنەوە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی کە قەبوڵی بوونی کەمینەی جوو دەکات لە وڵاتدا.
حکومەتی ئێران لە سەردەمی رەوحانیدا پاڵپشتی شوێنە پیرۆزەکانی جووەکانی کرد و 10%ی خەرجیی ساڵانەی بۆ دابین کردن، لە باج و پارەی ئاو و کارەبا و غاز بەخشران، هەروەها ڕێگەی بە جووەکان دا کە خواردنەوە کحوولییەکان بەکاربهێنن، هەرچەندە لە هەموو وڵاتدا قەدەغەبوو.
بەڵام دوای ئەوەی "ئیبراهیم ڕەئیسی" بوو بە سەرۆک کۆمار، مامەڵەی فەرمی لەگەڵ کەمینەی جوو گۆڕا بەهۆی مامەڵەی توندی ڕەئیسی بەرامبەریان.
دۆخ و ژیانی کەمینەی جوو رووی لە سەختی کرد و چوونە ناو ژمارەیەکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لێ قەدەغە کرا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و هاتوچۆکانیان کەوتە ژێر چاودێری ئەمنییەوە، لەپاڵ دوورخستنەوەیان لە زۆرێک لە پۆستە باڵا سەربازیی و کارگێڕییەکان.
هەروەها ڕێگرییان لێ کرا لە کارکردن یان بەشداریکردن لە چالاکییە تایبەتەکان کە بەشێکن لە ئاسایشی نەتەوەیی وڵات، وەک بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
جووەکان گیرۆدەی دەست کاریگەری گوتاری بەرپرسانی ئێران بووون بەرامبەر ئیسرائیل لەسەر خەڵکی ئێران، چونکە هەڵوێستی سیاسی خۆیان بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا تێکەڵ دەکرد لەگەڵ هەڵوێستیان بەرامبەر هاونیشتمانییە جووەکانیان.
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و هەڵگیرسانی شەڕی ئەمەریکا- ئیسرائیل دژ بە ئێران، جووەکانی ئێران زیاتر لە کۆمەڵگەی ئێرانی دابڕاون.
لەپێناو قەبوڵکردنی جەماوەریی، جووەکانی ئێران لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948وە، هەوڵیان داوە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا خۆیان بگونجێنن، لە هەموو بۆنەکاندا پشتگیریی خۆیان بۆ خەباتی فەلەستین و ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئیسرائیل دەربڕیوە.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، "یەهودا کیرامی" حاخامی گەورەی جووەکانی ئێران ڕایگەیاند: قەوارەی ئیسرائیل نوێنەرایەتی جوو ناکات، جووەکانی ئێران نایانەوێت تێوەبگلێن لە ململانێ و جەنگەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا.
جووەکانی ئێران تەنها بە لێدوانی دژ بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلەوە نەوەستان؛ بەڵکو دوای هەڵگیرسانی شەڕی غەزە، خۆپیشاندان لە تاران و ئەسفەهان ئەنجامدرا بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل.
خۆپیشاندانەکان لەلایەن "یونس حەمامی لالەزار" سەرۆکی تائیفەی جوو لە ئێران و "هومایۆن سامیاح نەجەف ئابادی" نوێنەری جووەکان لە پەرلەمان و "هاراڤ یەهودا گەرامی" سەرۆکی ئەنجومەنی شورای جووە ئێرانییەکان سەرپەرشتی دەکرا، بۆ جەختکردنەوە لە شەرمەزارکردنی تاوانەکانی ئیسرائیل.
هەرچەندە جووەکان مێژوویەکی درێژیان لە ئێراندا هەیە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی کۆنەوە تا ئێستا، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بە تەواوی لە ناو کۆمەڵگەی ئێرانیدا بتوێنەوە، بەڵکو لە سایەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراندا بە چاوی گومانەوە سەیریان کراوە. ئێستاش لە سایەی ململانێی ئێران و ئیسرائیلدا، هەوڵدان بۆ ڕەواندنەوەی ترسەکانی کەمینەی جوو لە ئێران، کارێکی قورسە.