هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان یان تێچووی دارایی؛ چی ڕێگری لە یاسای سەربازیی زۆرەملێ دەکات
١٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٥٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای (خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ) ئەنجامدا. سەرەڕای ئەوەی خوێندنەوەکە بەبێ ئاستەنگییەکی ئەوتۆ تێپەڕی، بەڵام پڕۆژەکە ڕووبەڕووی چەندین تێبینی و ناڕەزایەتی نهێنی پێشوەختەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوتلە شیعەکان بووەوە.
سیناریۆکانی شکستهێنانی یاساکە
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ (پەنجەرە) ڕایگەیاند: "پێشبینی دەکرێت پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ لە قۆناغەکانی داهاتوودا شکستبهێنێت، چونکە زۆرینەی لایەنە شیعەکان لەگەڵ تێپەڕاندنیدا نین و وەک بەربەستێکی سیاسی و دارایی دەبینرێت."
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، سێ هۆکاری سەرەکی لەپشت ناڕەزایەتی لایەنەکانە شیعەکانەوەیە:
* بە سەربازگەکردنی کۆمەڵگە: مەترسی هەیە ئەم یاسایە عێراق جارێکی دیکە بەرەو سیستمێکی سەربازیی توند ببات و وڵات بکاتە سەربازگەیەکی گەورە.
* تێچووی دارایی: جێبەجێکردنی ئەم یاسایە پێویستی بە بودجەیەکی گەورە هەیە کە لە ئێستادا لە توانای دارایی دەوڵەتدا نییە.
* هاوسەنگیی پێکهاتەی سوپا: لایەنە شیعەکان کە لە ئێستادا زۆرینەی پێکهاتەی سوپا پێکدەهێنن، نایانەوێت لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە ڕێژەی کورد و سوننە لە ناو دامەزراوە سەربازییەکاندا زیاد بکات و هاوسەنگییەکە بگۆڕێت.