سەرچاوەیەک بۆ پەنجەرە: هەوڵەکانی قائانی لە بەغدا بێئەنجام بوون و رۆژانی داهاتوو دۆخەکە روونتر دەبێتەوە
١٩ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٤٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، زانیاری نوێ لەسەر پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران ئاشکرا دەکات و ئاماژە بە شکستی هەوڵە نێوەندگیرییەکان دەکات.
سەرچاوە نزیکەکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند؛ لایەنە شیعەکان لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
وتیشی: ململانێی نێوان (نوری مالکی) و (محەمەد شیاع سودانی) وەک هۆکاری سەرەکیی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان دەستنیشان کراوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بە سەردانێکی بەپەلە گەیشتووەتە بەغدا بە مەبەستی لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانی بێئەنجام بوون.
هەروەها وتی: دۆخەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا یان بەرەو رێککەوتن بڕوات یان پەرتەوازەیی زیاتر لە ناو ماڵی شیعەدا دروست بێت.