لە سلێمانییەوە بۆ ئەنقەرە؛ ئایا کەرکوک دەبێتە پردی ئاشتبوونەوەی یەکێتی و تورکیا؟

١٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ

لە سلێمانییەوە بۆ ئەنقەرە؛ ئایا کەرکوک دەبێتە پردی ئاشتبوونەوەی یەکێتی و تورکیا؟

پەنجەرە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە، بڕیاری داوە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ڕادەستی بەرەی تورکمانی بکات. 

ئەم گۆڕانکارییە هاوشێوەی ئەو ستراتیژە نوێیەیە کە وڵاتانی کەنداو پەیڕەوی دەکەن؛ ئەوان کە پێشتر تەنیا پشتیان بە ئەمریکا دەبەست، ئێستا بەهۆی لاوازیی واشنتۆن لە پاراستنیان و هەڕەشەکانی ئێران، ڕوویان لە هەمەجۆرکردنی هاوپەیمانێتییە ئەمنییەکانیان کردووە و دەیانەوێت لەگەڵ ئەوروپاش ڕێککەوتن بکەن. 
یەکێتیش کە پێشتر تەنیا پەیوەندیی لەگەڵ تاران بەهێز بوو، ئێستا دەیەوێت هاوسەنگییەک دروست بکات و گرێی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیاش بکاتەوە.

دیپلۆماسییەتی پێشوەختە و نەخشەی ڕێککەوتنەکە

پێش ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە، زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لەنێوان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، محەمەد حەلبوسی (سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم) و سەرۆکی بەرەی تورکمانی بەڕێوەچووە.

بەپێی زانیارییەکان پەنجەرە، یەکێتی ڕازی بووە بۆ ماوەی ساڵێک پۆستی پارێزگار بداتە تورکمانەکان. ئەگەری ئەوەش هەیە حەلبوسی لایەنی عەرەبی قایل بکات کە ئەو ساڵەی پشکی ئەوانیشە، هەر بۆ تورکمانەکان بێت. 
ئەم هەنگاوەی یەکێتی وەک رێگەچارەیەک دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی ئەنقەرە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا.

پێگەی پێکهاتەی عەرەب لە هاوکێشەکەدا

پێکهاتەی عەرەب لارییان لە وەرگرتنی پۆستەکە لەلایەن تورکمانەکانەوە نییە، چونکە بەرەی تورکمانی بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن. 
بەپێی زانیارییەکانی "پەنجەرە"، عەرەبەکان زیاتر جەخت لە پاراستنی ئەو پۆستانە دەکەنەوە کە ئێستا لەبەردەستیاندایە و کێشەیان نییە گەر بۆ ماوەیەک پۆستی پارێزگاریشیان لا نەبێت.

لەم نێوەندەدا، بەرپرسانی یەکێتی باس لەوە دەکەن کە لە بەرامبەر ئەم بڕیارەدا، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و چەند پۆستێکی تر لە عەرەبەکان وەردەگرنەوە؛ هەرچەندە هەندێک سەرچاوە دەڵێن عەرەبەکان بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پۆستانە نابن و ئەگەر حەلبوسی فشار نەکات، ڕەنگە تەنیا پۆستی جێگری پارێزگار بۆ یەکێتی بمێنێتەوە.

نیگەرانییە ناوخۆییەکانی یەکێتی

لەناوخۆی یەکێتیدا، ئەم بڕیارە بەبێ نیگەرانئ تێنەپەڕیوە. بەرپرسانی ئەو حزبە لە کەرکوک نیگەرانیی خۆیان لەم ڕێککەوتنە دەربڕیوە. لە سەرووی هەمووشیانەوە، ڕێبوار تەها، پارێزگاری ئێستای کەرکوک، بە نیگەرانترین کەس دادەنرێت، چونکە ڕێککەوتنە سیاسییەکە ڕاستەوخۆ لەسەر حسابی پۆستەکەی ئەو ئەنجامدراوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو