نوێژی پاپا و جەنگی ترەمپ؛ جیابوونەوەی ئایین و سیاسەت و راوەستان دژی یەک

١٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣١ پاش نیوەڕۆ

نوێژی پاپا و جەنگی ترەمپ؛ جیابوونەوەی ئایین و سیاسەت و راوەستان دژی یەک

پەنجەرە

لەو کاتەوەی لە ئایاری ٢٠٢٥دا چووەتە سەر کورسیی پاپایەتی، پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان، بە هەموو شێوەیەک خۆی لە ناوبردنی "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا پاراستووە. 

تەنها یەکجار نەبێت لە ٣١ی ئازاری ڕابردوودا، کە تێیدا داوایەکی  ئاراستەی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سەر ئێران و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ "ڕێگریکردن لەو ڕق و کینەیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو لە زیادبوونە".

سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هیچ دیدارێک لەنێوان پاپا لیۆ و ترەمپدا ئەنجام نەدراوە، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لە ساردییەکی زۆر لە پەیوەندییەکانی نێوان ڤاتیکان و واشنتۆندا دەکەن و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ سەردانێکی نزیکی پاپا بۆ ئەمریکا لە ئارادا نییە.

پاپا نایەوێت ترەمپ ببینێت

پاپا لیۆی چواردەیەم کە لە شیکاگۆ لەدایکبووە، شوێنی پاپا فرانسیسی گرتەوە کە لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بەوەش پاپا لیۆ بووە یەکەم پاپا لە مێژووی کەنیسەی کاسۆلیکیدا کە خەڵکی ئەمریکا بێت.

هەڵبژاردنی ئەم پاپایە کە ڕەگەزنامەی وڵاتی پیرۆشی هەیە، بووە جێی شانازی ئەمریکییەکان و خودی ترەمپیش، کە لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" پیرۆزبایی لێکرد و ڕایگەیاند: "پەرۆشم بۆ دیداری پاپا لیۆ، ئەوە ساتەوەختێکی مێژوویی دەبێت".

هەرچەندە "جەی دی ڤانس" جێگری سەرۆک و "مارکۆ ڕۆبیۆ” وەزیری دەرەوە، کە هەردوکیان کاسۆلیکین، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پاپا لە ڕۆما کرد و بانگهێشتنامەی ترەمپیان بۆ سەردانی واشنتن پێشکەش کرد، بەڵام ڤیدیۆکانی میدیای ڤاتیکان پاپا نیشان دەدەن کاتێک بانگهێشتنامەکە دەخاتە سەر مێزەکەی و تەنها دەڵێت: "لە کاتێکی تردا".

ڕۆژنامەی "فری پرێس" ئاشکرای کردووە کە پاپا بانگهێشتێکی تری ترەمپی بۆ بەشداریکردن لە یادی ٢٥٠ ساڵەی دامەزراندنی ئەمریکا ڕەتکردووەتەوە. ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ڤاتیکانەوە دەڵێت: "پاپا هیچ پلانێکی بۆ سەردانی ئەمریکا نییە تا ترەمپ لەسەر دەسەڵات بێت".

خاڵە ناکۆکەکان؛ لە کۆچبەرانەوە تا جەنگی ئێران

هەرچەندە پاپا خۆی لە ناوهێنانی ڕاستەوخۆی ترەمپ دەپارێزێت، بەڵام بە توندی دژی سیاسەتەکانی وەستاوەتەوە، بەتایبەت لە دۆسیەی کۆچبەران، دەستوەردانی سەربازیی لە فەنزەوێلا و جەنگی ئێران. پاپا چەندین جار ئیدانەی "دیپلۆماسیی هێز"ی کردووە.

ئەم ناکۆکییانە گەیشتنە لوتکە کاتێک پاپا ڕایگەیاند: "خودا نزا و نوێژی ئەو سەرکردانە قبوڵ ناکات کە هەڵگیرسێنەری جەنگن و دەستیان بە خوێن سوورە". ئەم لێدوانە پەیوەندییەکانی لە "ساردییەوە" گۆڕی بۆ "گرژییەکی ئاشکرا".

ئەم دوورکەوتنەوەیەی ڤاتیکان لە واشنتۆن، نیشاندەری جیاوازیی قووڵی نێوان کەنیسە وەک دەسەڵاتێکی ئەخلاقی و ئیدارەی ئەمریکا وەک دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازییە. ئەم ئاڵۆزییانەش دوای ئەوە زیاتر دەرکەوتن کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) نوێنەری ڤاتیکانی لە واشنتن بانگهێشت کرد بۆ ڕونکردنەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو