ئەحمەد ئەلحەمیداوی لە بازنەی ئامانجی ئەمریکادا؛ پاداشتێکی گەورە و وێنەیەکی دەگمەن

١٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٩ پاش نیوەڕۆ

ئەحمەد ئەلحەمیداوی لە بازنەی ئامانجی ئەمریکادا؛ پاداشتێکی گەورە و وێنەیەکی دەگمەن

پەنجەرە 

لە پێشهاتێکی ئەمنی و هەواڵگریی نوێدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاریکرد بۆ هەر کەسێک کە زانیاریی وردی لەسەر شوێنی نیشتەجێبوون یان جووڵەکانی "ئەحمەد ئەلحەمیداوی"، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی هەبێت.

تۆمەتەکان 

لە بەیاننامە فەرمییەکەیدا، واشنتۆن کەتائیبی حیزبوڵڵا و سەرۆکەکەی بە بەرپرسیار دەزانێت لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

 هەروەها تۆمەتبار دەکرێن بە ڕفاندنی هاووڵاتیانی ئەمریکی و دەست هەبوون لە کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی عێراقی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا.

دوا کاری حیزبوڵڵا رفاندنی ژنە رۆژنامەوانێکی ئەمەریکی بوو لە بەغدا، کە دوای زیاتر لە هەفتەیەک ئەو گروپە لەژێر فشاری حکومەتی عێراقدا ئازادیکرد، بەڵام بەومەرجەی خێرا عێراق بەجێبهێڵێت.

ناوەندە ئەمەریکاییەکان لەکاتی گرژیی و ئاڵۆزیدا هۆشیاری بە ئەمەریکاییەکان دەدەن عێراق بەجێبهێڵن، یەکێک لەو گروپانەی مەترسی رفاندنی هاوڵاتیانی ئەمەریکی لێدەکرێت حیزبوڵایە.

وێنەی "پیاوە نادیارەکە" 

گرنگیی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەوەدایە کە بۆ یەکەمجار وێنەیەکی ڕوونی ئەلحەمیداوی هاوپێچ کردووە. لە دوای دامەزراندنی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ساڵی 2007وە، ئەلحەمیداوی وەک کەسایەتییەکی نادیار مابووەوە و هیچ وێنەیەکی فەرمیی بڵاونەکرابووەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی هەواڵگریی ئەمریکا لە دەستکەوتنی وێنەی ئەو فەرماندە باڵایە.

پێگەی خێزانی 

ڕاپۆرتە شیکارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە حەمیداوی لە خێزانێکی خاوەن پێگەیە لە ناو گروپەکەدا. بەپێی زانیارییەکان، زەید ئەلحەمیداوی کوڕی هەڵگری نازناوی "ئەبو عەلی ئەلعەسکەری" وتەبيژی میلیشیاکە بێت لە سۆشیاڵ میدیا.
هەروەها براکانی پۆستی باڵایان لە ناو کەتائیب و گرووپە چەکدارەکاندا هەیە.

دیواری ئەمنی

سەرچاوە نزیکەکان لە گرووپەکانی "حەشدی شەعبی" دەڵێن کە حەمیداوی خاوەن "هەستیاری ئەمنیی زۆر بەهێزە". ئەو بە هیچ شێوەیەک ئامێری پەیوەندیکردن و تەلەفۆنی زیرەک بەکارناهێنێت و تەنها لە ڕێگەی یاریدەدەرە متمانەپێکراوەکانییەوە پەیوەندییەکان ئەنجام دەدات. جووڵەکانی زۆر نهێنین و تەنها بازنەیەکی زۆر تەسک لە کەسە نزیکەکانی شوێنی مانەوەی دەزانن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو