پەیامەکانی پشتی ژمارە ٧٠؛ بۆچی وەفدی ئێرانی لە پاکستان هێندە گەورە بوو؟

١٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٠٩ پاش نیوەڕۆ

پەیامەکانی پشتی ژمارە ٧٠؛ بۆچی وەفدی ئێرانی لە پاکستان هێندە گەورە بوو؟

پەنجەرە

لێکۆڵەرێکی  سیاسی، تیشکی خستە سەر شێواز و پێکهاتەی وەفدی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا لە پاکستان و رایگەیاند، وەفدەکانی ئێران و ئەمریکا کە لە پاکستان کۆبوونەوە، دوو وەفدی گەورە و نائاسایی بوون. بەتایبەت وەفدەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە نزیکەی (٧٠) کەس پێکهاتبوو. 

د. سەردار عەزیز، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لە دۆخێکی ئەمنی و سیاسی ئاڵۆزیی لەو شێوەیەدا، بوونی وەفدێک بەو ژمارە زۆرە ، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن لایەنی پاکستانییەوە دەپارێزران، هەڵگری ئاماژەی سیاسی گرنگە.

د. سەردار عەزیز ئاماژەی بەوە کرد ئەم قەبارە گەورەیەی وەفدەکە دەریدەخات کە باڵە جیاوازەکانی دەسەڵات لە ئێران متمانەیان بەیەکتر نییە. هەر باڵێک ویستوویەتی نوێنەری خۆی لەناو دانوستانەکاندا هەبێت بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی هیچ لایەنێک لەسەر حسابی لایەنەکەی تر پەیوەندییەکانی خۆی بەهێز ناکات یان دەستکەوتی تایبەت بەدەست ناهێنێت.

دەشڵێت: زۆریی ژمارەی ئەندامانی وەفدەکە نیشانەی ئەوەیە کە هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە تاران دەیانەوێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاگاداری وردەکاریی دانوستانەکان بن و بزانن کاریگەریی ئەم رێککەوتنانە لەسەر داهاتووی سیاسی و پێگەی ئێران چی دەبێت.

سەرەڕای ژمارە زۆرەکەیان، وەفدەکەی ئێران لە بەرزترین ئاستدا بووە و لەلایەن هەریەکە لە (محەمەد باقر قالیباف) سەرۆکی پەرلەمان و (عەباس عراقچی) وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی کراوە، ئەمەش بایەخی باڵای ئەم دانوستانانە بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە تاران نیشان دەدات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو