بۆسە بۆ تیمی FBI لە بەغدا؛ ئەو نهێنییانەی پەیوەندییەکانی سودانی و ئەمەریکایان گەیاندە ئاستی ئاڵۆزیی

١٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ

بۆسە بۆ تیمی FBI لە بەغدا؛ ئەو نهێنییانەی پەیوەندییەکانی سودانی و ئەمەریکایان گەیاندە ئاستی ئاڵۆزیی

پەنجەرە

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی عێراق تایبەت بۆ (پەنجەرە) ڕایگەیاند، حکومەتی ئەمەریکا بە تەواوی متمانەی بە محەمەد شیاع سودانی لاوازبووە. بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئاستی وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکانی سودانی لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ خوار ئاستی وەزیری دەرەوە دابەزیوە، ئەمەش نیشانەی ساردییەکی توندی دیپلۆماسییە لە نێوان هەردوو لادا.

سەرچاوە باڵاکەی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند:لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیاکان، دەرگای بنکەکانی سوپای عێراق بەڕووی ئەو گرووپانەدا کراونەتەوە و وەک پەناگە بەکارهێنراون، ئەمە ئەمەریکای لە سودانی نیگەران کردووە.

سەرچاوەکە دەڵێت:سەرۆکوەزیران تۆمەتبار دەکرێت بەوەی دەستی میلیشیاکانی واڵا کردووە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە بۆ پەنجەرە، واشنتۆن سودانی بە "لاواز" دەبینێت و پێیوایە توانای نییە سنوورێک بۆ چالاکییە چەکدارییەکانی دەرەوەی یاسا دابنێت.

سەرچاوەکە وتی: حکومەتی عێراق نەیتوانیوە ڕۆژنامەنووسێکی خانمی ئەمەریکی لە بەغدا ڕزگار بکات؛ ئەوەی هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە، تیمێکی (FBI) هاتوونەتە بەغدا بۆ دانوستان و ئازادکردنی خانمە رۆژنامەنوسەکە، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیاندا لەرێگەی فڕۆکەخانە بۆسەیان بۆ دانراوە و ئیستیفزاز کراون.

سەرچاوەکە وتیشی: ئەم هۆکارانە بوون بەهۆی بانگهێشتکردنی باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆن و پچڕانی پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو