کەرکوک؛ نەخشەی نوێی هاوپەیمانێتییەکان و گەڕانەوەی تورکیا بۆ گۆڕەپانەکە
١٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە دوای گۆڕانکارییە خێراکانی ناوخۆی بەرەی تورکمانی و شکستی هاوپەیمانی عەرەبی لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی، جارێکی تر کەرکوک دەبێتەوە بە مەیدانی داڕشتنەوەی هاوسەنگییە هەرێمایەتییەکان. ئەمجارەیان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک "کلیلێک" بۆ کردنەوەی گرێی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە، پۆستی پارێزگار ڕادەستی تورکمانەکان دەکات.
گۆڕینی ئەکتەرەکان و گەڕانەوەی ئەنقەرە
پاش ئەوەی هەریەکە لە "حەسەن تۆران" سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و "راکان جبوری" سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی، بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و پەراوێزخرانیان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پێگەیان لاواز بوو، تورکیا لە ڕێگەی دەموچاوە نوێیەکانەوە گەڕایەوە نێو کێبڕکێکان.
ئێستا "محەمەد سەمعان" سەرۆکی نوێی بەرەی تورکمانی و "محەمەد حەلبوسی" سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم، بوونەتە کاراکتەرە سەرەکییەکانی ئەو ئەجێندا تورکییەی کە دەیەوێت پێگەی خۆی لە کەرکوکدا جێگیر بکاتەوە.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆکی پارتی ئامانجی عەرەبی، لە لێدوانێکدا بۆ "پەنجەرە" ئاماژە بەوە دەکات کە: "ئەجێندای تورکی و ئێرانی لە کەرکوک بوونی هەیە و لایەنەکان بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا دابەشبوون."
ستراتیژی نوێی یەکێتی؛ هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە مێژوویەکی درێژی پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ تاران هەیە، ئێستا پەیڕەوی لە ستراتیژێکی نوێ دەکات. ئەم هەنگاوە هاوشێوەی وڵاتانی کەنداوە کە پاش بێئومێدبوونیان لە واشنتۆن، ڕوویان لە هەمەجۆرکردنی هاوپەیمانە ئەمنییەکانیان کرد.
سلێمانی دەیەوێت لە ڕێگەی "دەروازەی کەرکوک"ەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە ئاسایی بکاتەوە. بەپێی زانیارییەکان، زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لەنێوان بافڵ تاڵەبانی، باڵیۆزی تورکیا، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی بەرەی تورکمانی بەڕێوەچووە، کە تێیدا یەکێتی ڕازی بووە بۆ ماوەی یەک ساڵ پۆستی پارێزگار بداتە تورکمانەکان.
عەرەبەکان و حەلبوسی؛ پاشەکشە لە پێناو مانەوە
پێکهاتەی عەرەب، کە پێشتر لەگەڵ پارتی و بەرەی تورکمانی لە بەرەیەکی جیاوازدا بوون، ئێستا لارییان لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار لەلایەن تورکمانەکانەوە نییە. عەرەبەکان زیاتر نیگەرانی پاراستنی ئەو پۆستانەن کە ئێستا لەبەردەستیاندایە. چاودێران پێیان وایە ئەگەر حەلبوسی فشار نەکات، ڕەنگە عەرەبەکان بە ئاسانی دەستبەرداری پۆستە باڵاکانی تری ناو ئەنجومەن نەبن بۆ یەکێتی.
نیگەرانییەکانی ناو ماڵی یەکێتی
سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە لە ئاستی باڵای سەرکردایەتی یەکێتییدا بڕاوەتەوە، بەڵام لە ناوخۆی کەرکوکدا کاردانەوەی ساردی لێکەوتووەتەوە. بەرپرسانی یەکێتی لە کەرکوک نیگەرانن لەم "قوربانیدانە" سیاسییە.