خەلیل نادری بۆ پەنجەرە : ئامانجی ئێران لە بۆردومانکردنی بارەگا چۆڵەکان ڕێگرییە لە ڕێکخستنەوەی هێز
١٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ “پەنجەرە" ئاماژەی بە دوایین پەرەسەندنەکانی ململانێی نێوان حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
خەلیل نادری، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات مێژوویەکی درێژی هەیە و گرێدراوی هیچ ململانێیەکی دەرەکی نییە. بۆیە حزبە کوردییەکان بەشێک نین لە کێشە و شەڕەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنانەت ئەگەر شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتەش بوەستێت، خەباتی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بەردەوام دەبێت.
وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان ئاشکرایکرد ئێران بە مەبەست بارەگا چۆڵکراوەکانیان بۆردومان دەکات. وتیشی: "ئێران باش دەزانێت ئەو شوێنانە چۆڵکراون، بەڵام ئامانجی لەم کارە تەنها پەرشوبڵاوکردنی هێزە کوردییەکانە بۆ ئەوەی ڕێگری لە کۆبوونەوە و ڕێکخستنەوەیان بکات."
نادری لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لە ورەی بەرزی هێزە کوردییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "ئیرادەی حزبە کوردییەکان زۆر لەوە بەهێزترە کە بەم هێرشانە بشکێت."