ناوخۆی ئێران؛ کاتێک میلیشیا بیانییەکان دەبنە قەڵغانی مانەوەی کۆماری ئیسلامی
١٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا وەزیری جەنگی ئەمریکا بە شانازییەوە کۆتاییهاتنی ئەرکی وڵاتەکەی لە جەنگی ٤٠ ڕۆژەی دژ بە ئێران ڕادەگەیاند، هاوکات پەیامێکیشی ئاراستەی گەلی ئێران کە ماڵ و ژیانیان بەهۆی بۆردومانەکانەوە وێران بووبوو.
وەزیری جەنگی ئەمریکا لە یەکەم دەرکەوتنی میدیاییدا دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی، ڕووی لە گەلی ئێران وتی: "حەز دەکەم ببینم خەڵکی ئێران ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە."
بە پێچەوانەی هەوڵەکانی وەزیری جەنگی ئەمریکی بۆ پیشاندانی دیمەنێکی جیاواز، دۆخەکە دەریخست کۆماری ئیسلامی نەڕووخاوە؛ بەڵکو ئەوەی ڕوویداوە تەنها لەناوبردنی چەند سەرکردەیەکی سەرەوەی هەرەمی دەسەڵات بوو لە ڕێگەی بۆردومانی ئاسمانییەوە. وا دیارە ئێستا ئەم دەسەڵاتە لە هەموو کاتێک زیاتر سوورە لەسەر بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ مانەوەی خۆی.
میلیشیا بیانییەکان لە ناو شارەکانی ئێراندا
لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا، شەپۆلێکی تری دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و لەسێدارەدان دەستی پێکردووە. هێزەکانی "بەسیج" کە بە باڵی سەرکوتکەری ناوخۆیی ناسراون، لە ڕێگەی میلیشیا شیعەکانی عێراق، پاکستان و ئەفغانستانەوە بەهێز کراون؛ ئەو گروپانەی کە زۆربەیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە ڕۆژئاواییەکانەوە وەک گروپی تیرۆریستی ناسێندراون.
ڕاوێژکارێکی حکومەتی بەریتانیا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: "دۆخەکە زۆر خراپە، ڕژێم هێشتا سوورە لەسەر شەڕکردن دژی گەلی خۆی."
حەشدی شەعبی
لە کۆتایی مانگی ئازاردا، کاروانێکی گەورەی بارهەڵگرەکانی "دەستەی حەشدی شەعبی" بینراون کە لە سنووری عێراقەوە پەڕیونەتەوە. یەکە چەکدارەکانی وەک "کەتائیبی حیزبوڵڵا" لە شارە ستراتیژییەکانی خوڕەمشەهر و عەبادان جێگیر بوون.
یەکێک لە دانیشتووانی عەبادان بە ماڵپەڕی "Voices of Iran"ی ڕاگەیاندووە کە ئەم چەکدارانە لە بنکەکانی بەسیج و سوپای پاسداران بڵاوەیان پێکراوە و دەڵێت: "چاوەڕێی کۆمەڵکوژییەکی نوێ دژی گەلی ئێران دەکەین."
ترس و شڵەژانی ناوخۆیی
هەرچەندە زمانحاڵەکانی ئێران بە توندی قسە دەکەن، بەڵام پەنابردنی سوپای پاسداران بۆ میلیشیاکانی عێراق و ئەفغانستان (فاتمییون) و پاکستان (زەینەبییون) نیشانەی جۆرێک لە ترس و شڵەژانە.
زۆربەی ئەم چەکدارانە عەرەبن یان بەشتونن و زمانی فارسی نازانن، ئەمەش گومانەکان لەسەر توانای هێزە ناوخۆییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە زیاتر دەکات.
هەندێک لە شایەتحاڵەکان لە تاران باس لەوە دەکەن کە تەنانەت منداڵانی تەمەن ١٢ ساڵانیش لە ناو ڕیزەکانی بەسیجدا لە بازگەکاندا دەبینرێن. یەکێک لە دانیشتووانی تاران دەڵێت: "ئەمە دوایین کارتی دەستی ڕژێمە؛ ئەوە پیشان دەدات کە چوونەتە قۆناغی شەڕی مان و نەمان."
لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی ترساندن
جەنگ و گوشارە دەرەکییەکان نەیانتوانیوە ڕژێم لە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران داببڕن. لە ماوەی سێ هەفتەدا ١٤ کەس لەسێدارە دراون. تۆمەتەکانیش بریتین لە "دژایەتیکردنی خودا" یان ئاگرتێبەردانی بنکەیەکی بەسیج. لە نێوان قوربانییەکاندا "کورش کەیوان" کە خاوەنی ڕەگەزنامەی سویدی بوو، و "ساڵح محەمەدی" پاڵەوانی زۆرانبازی کە لە هەرەمی گەنجیدا بوو.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران دوای چین، دووەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.
کۆتاییەکی نزیک یان دوور؟
سەرەڕای ئەم هەموو سەرکوتکارییە، زۆرێک لە چاودێران وەک پرۆفیسۆر عەلی ئەنساری لە زانکۆی سانت ئەندرۆس، پێیان وایە ئەم ڕۆژە ڕەشە نیشانەی نزیکبوونەوەی کۆتایی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە. بە بڕوای ئەو، شەڕی سوپای پاسداران و بەسیج دژی گەلی خۆیان، شەڕێکی کاتییە و ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت.
تاکە کارتی بەهێز کە ئێستا لە دەستی تاراندا مابێت، کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و بابولمەندەبە (لە ڕێگەی حوسییەکانەوە)، بەڵام ئەم ئەرکەش لەبەردەم ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و گوشارە دەرەکییەکاندا، ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت.