حەلبوسی لەبەردەم بەربەستی شیعەدا؛ ململانێیەک بۆ کەرکوک و ئەنبار درێژ دەبێتەوە
١٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا، پەردە لەسەر نیگەرانییەکانی بەشێک لە هێزە سیاسییە شیعەکان لادەدات سەبارەت بە هەوڵەکانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانی "تەقەدوم"، بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی وەک تاقە نوێنەری پێکهاتەی سوننە لە عێراق.
خەونی "مەرجەعییەتی سوننە"
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە (پەنجەرە)ی ڕاگەیاند: "بەشێک لە لایەنە شیعەکان وا لە جموجۆڵەکانی حەلبوسی دەڕوانن کە جۆرێک لە زیادەڕەوی تێدایە. ئەوان پێیان وایە حەلبوسی دەیەوێت خۆی وەک مەرجەعی سیاسیی عەرەبی سوننە بناسێنێت، ئەمەش وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ تێکدانی هاوسەنگییە باوەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی."
بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهێزبوونی پێگەی حەلبوسی تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی سوننەکان نییە، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ستراتیژیی درێژخایەنی شیعە دەبینرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەهێزبوونی پێگەی عەرەبی سوننە بە پێچەوانەی خواستی ستراتیژیی بەشێک لە هێزە شیعەکانە، بەتایبەت حەلبوسی جگە لە ئەنبار و بەغدا، لە کەرکوک و ناوچەکانی تریش جوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ لاوازکردنی ڕکابەرە سوننەکانی.
پێشتر حەلبوسی بە ئاشکرا دژی کاندیدکردنی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران وەستایەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرچاوە سیاسییەکە پێشبینی ئەوەی کرد کە ئەم نیگەرانییە لە کاتی دابەشکردنی وەزارەتەکان و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا لێکەوتەی هەبێت. وتیشی: "پێدەچێت لایەنە شیعەکان لە کاتی دابەشکردنی پۆستەکاندا، ستراتیژیی سنووردارکردنی هەژموونی حەلبوسی پەیڕەو بکەن و ڕێگە نەدەن هەموو جومگە هەستیارەکانی پێکهاتەی سوننە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی یەک لایەنەوە."