تەڵەی سیاسی؛ کێشەکانی نێوان مالیکی و سودانی دەگەنە لوتکە
١٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران، کێبڕکێی نێوان جەمسەرە جیاوازەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق گەیشتووەتە لوتکە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی تایبەت بۆ (پانجەرە) چەند زانیارییەکی گرنگی لەسەر دیوی پشتەوەی کۆبوونەوەکان و ناوی کاندیدە بەهێزەکان ئاشکرا کرد.
بەدری؛ کاندیدی بەهێز و جێگەی متمانەی مالیکی
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، تا ئەم ساتە باسم بەدری وەک کاندیدێکی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەردەکەوێت. ئەوەی پێگەی بەدری بەهێزتر دەکات، پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکانی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە، کە دەیەوێت لە ڕێگەی بەدرییەوە هاوسەنگییە سیاسییەکان بپارێزێت.
کاندیدی عەسائیب؛ ڕوانین بۆ واشنتۆن
لە لایەکی دیکەوە، عەسائیبی ئەهلی حەق دیدگایەکی جیاوازیان هەیە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە عەسائیب خوازیاری کاندیدکردنی حەمید شەترییە بۆ ئەو پۆستە. هۆکاری ئەم بژاردەیەش بۆ پەیوەندییە باشەکانی شەتری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە؛ عەسائیب پێیان وایە بۆ ئەم قۆناغە عێراق پێویستی بە کەسایەتییەک هەیە کە بتوانێت بە ژیرییەوە دۆسیەی پەیوەندییەکانی بەغداد و واشنتۆن بەڕێوە ببات.
کێشەی نێوان مالیکی و سودانی؛ “تەڵەی سیاسی"
لە ناو جەرگەی ئەم ململانێیانەدا، محەمەد شیاع سودانی هێشتا هیوای بە وەرگرتنەوەی پۆستەکەی هەیە، بەڵام ڕووبەڕووی بەربەستێکی گەورە بووەتەوە کە ئەویش ناڕەزایەتییە توندەکانی نوری مالیکییە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، سودانی گلەیی و نیگەرانییەکانی گەیاندووەتە مالیکی و پێی ڕاگەیاندووە کە ئەو "گۆڕەپانەکەی بۆ چۆڵ کردووە" تا ڕێگە بۆ کاندیدبوونی خۆش بێت، کەچی ئێستا مالیکی دژی وەستاوەتەوە.
لە بەرامبەردا، مالیکی سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی سودانی و دەڵێت: "سودانی یاری سیاسی لەگەڵ کردووم"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نەمانی متمانە لە نێوان ئەو دوو سەرکردەیەدا.
ئەم ئاڵۆزییانە نیشانەی ئەوەن کە چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی، لە کاتێکدا هەریەکە لە جەمسەرەکان دەیانەوێت کاندیدێک تێپەڕێنن کە بەرژەوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانیان بپارێزێت.