"چوارچێوەی هەماهەنگی" دابەشی سێ بەرە بووە
١٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ناکۆکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە کاندیدی سەرۆکی حکومەتی نوێ، گەیشتوونەتە لوتکە، لەگەڵ دەرکەوتنی ٣ بەرە لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا کە هەریەکەیان و کاندیدێکی دەوێت.
رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتی لەندەنی بڵاویکردوەتەوە: بەپێی چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی، جیاوازییەکانی ناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، لە جیاوازیی دیدگاوە گۆڕاون بۆ درووستبوونی بەرە و باڵ.
ڕوونیدەکاتەوە: باڵی یەکەم لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، پێداگری لەسەر کاندیدکردنی "نوری مالیکی" سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، یان هەر کەسایەتییەک دەکات کە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەو بەدەستبهێنێت. لە کاتێکدا باڵی دووەم فشار دەکات بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی "محەمەد شیاع سودانی"، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر. بەڵام باڵی سێیەم، پێی باشترە کاندیدێکی "سازان" پێشکەش بکرێت کە لە ناوخۆ و دەرەوەی ماڵی شیعەدا قبوڵکراوییەکی فراوانتری هەبێت.
لیستی ناوە پێشنیارکراوەکان، جگە لە مالیکی و سودانی، هەر یەک لە: (باسم ئەلبەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و نزیک لە پارتی دەعوە)، (عەلی یوسف شوکری، سەرکردەی پێشوو لە ڕەوتی سەدر)، (حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری)، (عەبدولئیلاهـ نائیلی، نزیک لە ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا) و (موحسین مەندەلاوی، یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی) لەخۆدەگرێت.
ئەم ناکۆکییەش لەکاتێکدایە کە هاوپەیمانێتییەکە کەمتر لە ١٠ رۆژی ماوە بۆ ئەوەی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پێشکەش بکات.