کەرکوک لەبەردەم گۆڕانکارییەکی پڕ کێشەدا؛ یەکێتییەکان دژی گۆڕینی ڕێبوار تەهان
١٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٢٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پڕۆسەی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەنێوان (ڕێبوار تەها) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و (محەمەد سەمعان) سەرۆکی بەرەی تورکمانی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی جدی بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئەندامانی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگا تا ئەم ساتە ئامادە نین دەنگ بە گۆڕینی پارێزگار بدەن و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کردووە؛ تا ئێستاش ڕوون نییە ئەو کۆبوونەوەیە سبەینێ پێنجشەممە ئەنجام دەدرێت یان نا.
ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و مەترسییەکانی سەر ڕێککەوتنەکە
بەرپرسان، کادیران و جەماوەری یەکێتی لە کەرکوک بە توندی دژی ئەم گۆڕانکارییە دەوەستنەوە، ئەمەش وای کردووە ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکی یەکێتی و بەرەی تورکمانی بکەوێتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە و جێبەجێکردنی ناڕوون بێت.
بەرپرس و کادیرانی یەکێتی پێیانوایە گۆڕینی (ڕێبوار تەها) لەم کاتەدا، کاریگەری دەروونی خراپی لەسەر جەماوەری کورد دەبێت و لێکەوتەی نەرێنی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەبێت.
هەڵوێستی توندی بەرپرسانی کەرکوک
بەرپرسێکی یەکێتی لە کەرکوک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (پەنجەرە) نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند: "کەس وەک مام جەلال دڵی لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانی ڕانەدەگرت، کەچی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوێستیان نەبوو و هەر دژی کورد بوون، بۆیە گۆڕینی ڕێبوار تەها بە هەڵەیەکی مەترسیدار دەزانین."
بەرەی دژبەر فراوانتر دەبێت
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ناڕەزایەتییەکان تەنها لەناو یەکێتیدا قەتیس نەماون، بەڵکو لایەنە شیعەکانی کەرکوکیش دژایەتی خۆیان بۆ پێدانی پۆستی پارێزگار بە (محەمەد سەمعان) نیشان داوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی شارەکە بەرەو قۆناغێکی نوێ دەبات.