تراژیدیای غەزاڵ مەولان؛ کاتێک ترس لە هێرشەکان دەبێتە بەربەست لەبەردەم کاری پزیشکی

١٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٣٠ پاش نیوەڕۆ

تراژیدیای غەزاڵ مەولان؛ کاتێک ترس لە هێرشەکان دەبێتە بەربەست لەبەردەم کاری پزیشکی

پەنجەرە

ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ئامارێکی مەترسیدار لەبارەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات بڵاو دەکاتەوە و پەردە لەسەر کەیسێکی هەستیاری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لادەبات.


زیانە گیانی و سەربازییەکان

بەپێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، لە دەستپێکی گرژییە ناوچەییەکانی ئەم دواییەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بە شێوەیەکی چڕ و بەردەوام بارەگا و کەمپی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج. 

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە:

* لانی کەم ١٧١ جار هێرشی موشەکی و درۆنی ئەنجام دراوە.
* بەهۆی ئەم هێرشانەوە ٦ پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە.
* لانی کەم ٣٥ پێشمەرگەی دیکە بە سەختی بریندار بوون.


کەیسی غەزاڵ مەولان؛ لە نێوان هێرش و پشتگوێخستندا

بەشێکی تری ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر چیرۆکی تراژیدیی "غەزاڵ مەولان". بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو و گەواهیی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، غەزاڵ دوای برینداربوونی گەیەندراوەتە چەندین نەخۆشخانەی حکوومی و تایبەت لە سلێمانی، بەڵام رووبەڕووی رەتکردنەوە بووەتەوە.

بەڕێوەبەری ئەو ناوەندە تەندروستییانە بە بیانووی "ترس لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران"، ئامادە نەبوون چاودێریی پزیشکیی پێویست بۆ ئەو بریندارە دابین بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێکی کشانەوە لە بەرپرسیارێتی مرۆیی و پیشەیی هەژمار دەکرێت.


تەندروستی سلێمانی رەتیدەکاتەوە 

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت بۆ چارەسەری غەزاڵ مەولام پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان نەکراوە.

دکتۆر سەباح هەورامی، دەڵێت "بۆ چارەسەری غەزاڵ مەولان پەیوەندی بە هیچ نەخۆشخانەیەکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانییەوە نەکراوە".

بەپێی نوسراوێک کە هاوڕێکانی بڵاویانکردووەتەوە، سەرەتا سەردانی "نەخۆشخانەی شۆڕش"یان کردوە و دواتر سەردانی دوو نەخۆشخانەی ئەهلیشیان کردوە.

سەباح هەورامی وتیشی "ئەگەر ئەو بریندارە بهێنرایەتە نەخۆشخانە حکومییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بێگومان وەکو هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی چارەسەری پێویستمان بۆ دەکرد.

جەختیکردەوە، وەکو بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین بەدەر لە بیروبۆچوونی سیاسی هەر کەسێک بۆ چارەسەری پزیشکی پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانمانەوە بکات وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی چارەسەری پزیشکیی بۆ دەکەین".


بەخشین؛ پێویستی بە نوسراو هەبوو

ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەریی، لەپەیامێکدا لەبارەی هۆکاری چارەسەرنەکردنی غەزاڵ مەولان، پێشمەرگەکەی رۆژهەڵات دەڵێت: لپرسیارم لە نەخۆشخانەی بەخشین کرد، دەڵێن ئێمە بەپێی یاساو ڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی کاردەکەین، هەر حاڵەتێکی لەو جۆرە پێویستە نوسراوی پۆلیسی هەبێت، تا چارەسەریی بۆ بکەین ".

بەرپرسانی نەخۆشخانەی بەخشین بە عومەر گوڵپییان وتوە،"  ئەگەر حاڵەتێک بێتە لامان نوسراوی نەبێت تەنها چارەسەریی سەرەتایی بۆ دەکەین و ڕەوانەی حکومی دەکەین، چونکە ئەوان کارمەندی پۆلیسی نەخۆشخانەیان هەیە، ئەم بریندارەش پێشتر چارەسەریی سەرەتایی لە شۆڕش بۆ کرابوو ".


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو