ململانێی مالیکی و سودانی چوارچێوەی هەماهەنگی گەیاندووەتە بنبەست
١٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەهۆی قووڵی ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە دواخرا، سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگاداریش ڕایدەگەیەنێت کە کێشەی سەرەکی لەسەر پرسی کاندیدی داهاتووی سەرۆکوەزیرانە.
سودانی و مالیکی؛ کێبڕکێ لەسەر کورسیی ئەنجوومەنی وەزیران
سەرچاوەیەکی سیاسی تایبەت لە بەغداوە بە (پەنجەرە)ی ڕاگەیاند: "هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی کۆبوونەوەکە بۆ سووربوونی محەمەد شیاع سودانی لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران دەگەڕێتەوە، لە بەرامبەردا نوری مالیکی بە توندی دژی کاندیدکردنەوەی سودانی وەستاوەتەوە و ڕەتیدەکاتەوە جارێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە."
بەنبەست و هەوڵە نوێیەکان
بە وتەی سەرچاوەکە، لایەنە شیعەکان تاوەکو ئەم ساتە گەیشتوونەتە بنبەست بۆ دیاریکردنی کاندیدی کۆتایی، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی بڕیارە چارەنووسسازەکان.
بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو لایەنەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەم قەیرانە سیاسییە و یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدێک کە جێگەی ڕەزامەندی هەمووان بێت.