لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار؛ ململانێی پارتی و یەکێتی لە بەغداوە بۆ هەرێم دەگوازرێتەوە

١٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٤ پاش نیوەڕۆ

لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار؛ ململانێی پارتی و یەکێتی لە بەغداوە بۆ هەرێم دەگوازرێتەوە

پەنجەرە

هەڵبژاردنی "نزار ئامێدی" وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، کە کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانی گەیاندە بنبەستێکی سیاسی. 

ئەم هەنگاوە کە بەبێ ڕەزامەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا، تەنها هاوسەنگییەکانی بەغدای نەهەژاندووە، بەڵکو پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیشی ڕووبەڕووی سیناریۆی ئاڵۆز کردووەتەوە.


کێشەکان لە بەغدا و گواستنەوەیان بۆ هەرێم

پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر پەراوێزخستنی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ستافە باڵاکانی خۆی لە بەغدا بانگهێشت کردووەتەوە. 

ئەگەرچی پارتی بەهۆی بەرژەوەندییە باڵاکان و پێویستیی مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵی ناتوانێت بەتەواوی لە بەغدا داببڕێت، بەڵام قورسایی تووڕەیی و فشارەکانی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە، ئەمەش وادەکات پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بکەوێتە “دۆخێکی قورسە"وە.


خوێندنەوەی جیاواز بۆ هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان

بنەمای ناکۆکییەکانی ئەم دواییە دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی جیاوازی هەردوو لا بۆ ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، ئەمەش لەتەنیشت دژ بەیەکی بەرژەوەندییەکانیان و خواستی جیاوازی هەژموونگەرییان.

* خوێندنەوەی پارتی وابوو کە ئەمریکا گورزی کوشندە لە هەژموونی ئێران دەوەشێنێت و ئەمەش پێگەی پارتی لە بەغدا بەهێزتر دەکات تا خواستەکانی بسەپێنێت، بۆیە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا بۆ ئەوەی دەرفەتی نوێ بێتە پێشەوەو لەبەغدا بیقۆزێتەوە.

* خوێندنەوەی یەکێتی وابوو کە ئەگەرچی ئێران لاواز دەبێت بەڵام هەر دەمێنێتەوە، بۆیە هەلی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری قۆستەوە بۆ تێپەڕاندنی کاندیدەکەی بەبێ گەڕانەوە بۆ پارتی، ئەمەش لەپێناو رێگرتن لەهەر دەرفەتێک لەداهاتوودا بۆ پارتی بێتە پێش.


پەرلەمان و کێشەی "ژمارەکان"

لە هەرێمی کوردستان، ململانێی کورسییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار:
* پارتی (٣٩ کورسی): دەیەوێت بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکانی، کارنامەی خۆی لە پێکهێنانی حکومەتدا بسەپێنێت، پۆستە گرنگەکان بۆ خۆی بەرێت و  ئەوانیتر بۆ یەکێتی بەجێبهێڵێت.

* یەکێتی (٢٢ کورسی): لەڕێگەی هاوپەیمانێتییەکی تەکتیکی لەگەڵ "نەوەی نوێ"، بەرەیەکی  (٣٧ بۆ ٣٨) کورسی دروست کردووە بۆ ئەوەی ببێتە بەربەست لەبەردەم خواستەکانی پارتی لە بڕیارەکاندا.


سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان

دۆخی سیاسی هەرێم لەبەردەم پێنج ئەگەردایە:

* هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
• بەردەوامیی دۆخی ئێستا: مانەوەی حکومەتی کاربەرێکەر بۆ ماوەیەکی نادیار یان تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
* حکومەتی (٥٠+١): هەوڵی پارتی بۆ کۆکردنەوەی زۆرینە و پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی و جێهێشتنی کۆمەڵێک پۆست بۆی.
* فشاری نێودەوڵەتی: دەستوەردانی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی هەردوولا بە ڕێککەوتن.
* دابڕانی سیاسی: قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان تا ئاستی دوو ئیدارەیی یان دابڕانی تەواو.


خاڵی لاوازی پارتی لەم قۆناغەدا

بە پێچەوانەی خولەکانی ڕابردوو کە پارتی دەیتوانی "بزووتنەوەی گۆڕان" وەک کارتێکی فشار بەرامبەر یەکێتی بەکاربهێنێت و حکومەتی پێ پێکبهێنێت، لە ئێستادا ئەو بژاردەیەی لاوازبووە. نەوەی نوێ لە بەرەی یەکێتییە، ئیسلامییەکان و ڕەوتی هەڵوێست ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە. تەنها کارتی بەردەست بۆ پارتی "پەرلەمانتارە موتەفەریقەکانن" کە کارتێکی ئەوەندە بەهێز نین بتوانێت گۆڕانکاریی گەورەی پێ ئەنجام بدات، گەر دەستیشی بۆ بەرێت دۆخەکە دەگاتە بنبەستی زیاتر.


ئەنجام:

دیمەنی سیاسی هەرێمی کوردستان لە دوای جێگیربوونی نزار ئامێدی لە کۆشکی سەلام، بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و کلیلی چارەسەر لە ئێستادا تەنها لە "ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان دەباشان و پیرمام" دایە، نەک تەنها ئیستحقاقی هەڵبژاردن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو