سەپاندنی باج لە گەرووی هورمز: ئاڵەنگارییەک بۆ ئاسایشی وزەی جیهانی
١٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تاران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی سەپاندنی باج و رسومات بەسەر ئەو کەشتییانەی کە بەگەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەرووەکەدا بچەسپێنێت.
گەرووی هورمز
گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی ئاوییە کە کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومان دەبەستێتەوە و دەکەوێتە نێوان ئاوە هەرێمییەکانی هەریەک لە ئێران و شانشینی عومان. دەکرێت وەک گرنگترین ڕێڕەوی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا وەسف بکرێت، چونکە نزیکەی ٢٠٪ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
درێژی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە نزیکەی ١٠٤ میل (١٦٧ کیلۆمەتر) دەبێت و پانییەکەی دەگۆڕێت، لە تەسکترین خاڵیدا دوو ڕێڕەوی هەیە بە پانی دوو میل بۆ هاتووچۆی کەشتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، کە ناوچەیەکی دابڕێنەر بە پانی دوو میل لەیەکدییان جیا دەکاتەوە.
ئێران لە دوای ئەو هێرشانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردیانە سەر وڵاتەکە، گەرووەکەی بە "دیفاکتۆ" (بە ئەمری واقیع) داخستووە و داوای مافی "رسوماتی تێپەڕبوون" دەکات وەک مەرجێکی پێشوەختە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
یاسا نێودەوڵەتییەکان
ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان لە ساڵی ١٩٨٢ پەسەند کرا و لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە کاری پێ دەکرێت.
ماددەی ٣٨ی ڕێککەوتننامەکە جەخت لەسەر مافی کەشتییەکان دەکاتەوە بۆ تێپەڕبوونی بێ بەربەست لە زیاتر لە ١٠٠ گەرووی جیهاندا، کە گەرووی هورمز یەکێکیانە.
ڕێککەوتننامەکە ڕێگە بە هەر وڵاتێک دەدات کە لەسەر گەروویەک بێت، تێپەڕبوون لە ناو "ئاوە هەرێمییەکانی" خۆیدا ڕێکبخات، تا مەودای ١٢ میلی دەریایی لە سنوورەکانییەوە، لەگەڵ ڕێگەدان بە "تێپەڕبوونی بێ لەمپەر".
تێپەڕبوون ئەوکاتە بە بێ زیان دادەنرێت ئەگەر مەترسی بۆ سەر سەلامەتی و سیستم و ئاسایشی دەوڵەتەکە دروست نەکات. ڕێگە بە چالاکییە سەربازییەکان، پیسبوونی مەترسیدار، سیخوڕی یان ڕاوە ماسی نادرێت. چەمکی "تێپەڕبوونی بێ لەمپەر" بنەڕەتی بوو لەو بڕیارەی کە دادگای نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٤٩ سەبارەت بە کەناڵی کۆرفۆ لە کەناراوەکانی ئەلبانیا و یۆنان دەرچوو.
نزیکەی ١٧٠ وڵات و یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ یاسای دەریاکان پەسەند کردووە. بەڵام ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەسەندیان نەکردووە. ئەمەش پرسیارێک دروست دەکات ئاخۆ یاساکانی ڕێککەوتننامەکە کە ڕێگە بە ئازادی دەریاوانی دەدەن بوونەتە بەشێک لە یاسای نێودەوڵەتی باو، یان تەنها بۆ ئەو وڵاتانە پابەندکەرن کە پەسەندیان کردووە.
شارەزایان دەڵێن ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان بووە، یان بە شێوەیەکی گشتی وەک یاسای نێودەوڵەتی باو سەیر دەکرێت. هەندێک وڵات کە پەسەندیان نەکردووە دەتوانن بڵێن پابەند نین بە جێبەجێکردنی.
رێگرتن لە باج
هیچ میکانیزمێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان نییە. دادگای نێودەوڵەتی بۆ یاسای دەریاکان لە هامبۆرگی ئەڵمانیا، کە لەلایەن ڕێککەوتننامەکەوە دامەزراوە، و دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای (هۆڵەندا) دەتوانن بڕیار دەربکەن بەڵام ناتوانن جێبەجێیان بکەن.
وڵاتان و کۆمپانیاکان میکانیزمی دیکەیان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی باجەکان:
* هەر دەوڵەتێک یان هاوپەیمانێتی وڵاتان دەتوانن کار بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە بکەن.
* ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت بڕیارێک دژی سەپاندنی باجەکان دەربکات.
* کۆمپانیاکان دەتوانن ڕێڕەوی بارەکانیان بگۆڕن و لە گەرووی هورمز دوور بکەونەوە، کە پێشتر هەندێکیان دەستیان پێکردووە.
• وڵاتان دەتوانن مەودای ئەو سزایانە فراوانتر بکەن کە مامەڵە داراییەکان دەکەنە ئامانج و وا دەبینرێت سوود بە حکومەتی ئێران بگەیەنن، ئەویش لە ڕێگەی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کە ئامادەن رسوماتی تێپەڕبوونەکە بدەن.