حەلبوسی؛ ئەندازیاری لەیەکترنزیککردنەوەی تورکیا و یەکێتی

١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥١ پاش نیوەڕۆ

حەلبوسی؛ ئەندازیاری لەیەکترنزیککردنەوەی تورکیا و یەکێتی

پەنجەرە

پەنجەرە زانیاریی نوێ و ورد لەبارەی هەنگاوەکانی سەرەتای ڕێککەوتنی نێوان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بڵاودەکاتەوە، کە تێیدا محەمەد حەلبوسی وەک ئەندازیار و نێوەندگیری سەرەکیی پرۆسەکە رۆڵی بینیووە.

دەسپێشخەرییەکەی حەلبوسی و سەرسوڕمانی تورکیا

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، محەمەد حەلبوسی لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کردووە. لەو دیدارەدا حەلبوسی پێشنیارێکی "کوتوپڕ"ی خستووەتە ڕوو کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "لەگەڵ یەکێتی هاوڕاین پۆستی پارێزگار (کەرکوک) بدرێتە بەرەی تورکمانی." 
ئەم پێشنیارە باڵیۆزی تورکیای تووشی سەرسوڕمان کردووە، بەڵام هاوکات خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەربڕیوە.

لە دیداری نهێنییەوە بۆ ڕاگەیاندنی فەرمی

دواتر بە هەمان نێوەندگیری، بافڵ تاڵەبانی پێشوازی لە محەمەد سەمعان کردووە. هەرچەندە بڕیار وابووە کۆبوونەوەکە بە نهێنی بێت، بەڵام دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن، هەردوولا بڕیاریاندا وێنەی دیدارەکە بڵاوبکەنەوە و ڕێککەوتنەکە ئاشکرا بکەن.

هۆکارەکانی نیگەرانیی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەم جوڵە سیاسییە پارتی توڕە و نیگەران کردووە، هۆکارەکەشی بۆ دوو خاڵی سەرەکی دەگەڕێتەوە:
ڕۆڵی حەلبوسی: پارتی پێیوایە حەلبوسی بۆ دژایەتیکردنی ئەوان ئەم نێوەندگیرییەی کردووە تا یەکێتی و تورکیا لە یەکتر نزیک بکاتەوە.

کەمکردنەوەی فشارەکان: یەکێتی دەیەوێت لە ڕێگەی حەلبوسییەوە ئەو فشارە سیاسی و ئەمنیانە کەم بکاتەوە کە لەلایەن تورکیاوە لەسەریەتی.

هاوکێشە هەرێمییەکان و تورکیا

ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و تورکیا ساردی تێکەوتووە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە:
* پارتی لە ئێستادا زیاتر لە بەرەی ئیمارات نزیکە (کە خاوەن ڕێککەوتنی ئیبراهیمییە لەگەڵ ئیسرائیل).

*ئەم نزیکبوونەوەیەی پارتی و ئیمارات بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ تورکیا، چونکە ئەنقەرە هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر ئیسرائیل هەیە.

ئەم جوڵە سیاسییەی یەکێتی و حەلبوسی، نەخشەی هاوپەیمانێتییەکان لە ناوچەکە دەگۆڕێت و تورکیاش وەک دەرفەتێک بۆ لاوازکردنی پێگەی نەیارەکانی و بەهێزکردنی تورکمانەکان سەیری دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو