تیمی CPTـی ئەمەریکی بۆ پەنجەرە: دواکەوتنی چارەسەر بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی پێشمەرگەکەی کۆمەڵە
١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی، وردەکاریی نوێ لەسەر گیانلەدەستدانی "غەزاڵ مەولان" ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی دواکەوتنی پرۆسەی چارەسەرکردن و وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانەکان، ئەو پێشمەرگەیە گیانی لەدەستداوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی (CPT) تایبەت بە "پەنجەرە"ی ڕاگەیاند: غەزاڵ مەولان، ئەو پێشمەرگەیەی کۆمەڵە کە لە ئەنجامی هێرشی درۆنی ئێران بریندار ببوو، سەرەتا گەیەندراوەتە "نەخۆشخانەی شۆڕش" لە سلێمانی، بەڵام لەوێ بە بیانووی نەبوونی پێداویستی پزیشکیی پێویست، چارەسەری بۆ نەکراوە.
سەردانی چەندین نەخۆشخانەی کردووە
ئەو ئەندامەی (CPT) ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوای نەخۆشخانەی شۆڕش، بریندارەکە براوەتە چەند نەخۆشخانەیەکی ئەهلیی شارەکە، بەڵام لەوێش ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتن و چارەسەرکردنی نیشان نەدراوە.
هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی
بە گوتەی کامەران عوسمان، بەهۆی ئەو کاتە زۆرەی لەنێوان نەخۆشخانەکاندا بەفیڕۆ چوو و دواکەوتنی دەستبەجێی پرۆسەی چارەسەری پزیشکی، دۆخی تەندروستیی غەزاڵ مەولان تێکچووە و دواجار بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.