کۆتایی چاوەڕوانییەکی ٦٠ ساڵە؛ پڕۆسەی پێدانی ڕەگەزنامە بە کوردانی بێ ناسنامە لە سووریا دەستی پێکرد

١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٣ پاش نیوەڕۆ

کۆتایی چاوەڕوانییەکی ٦٠ ساڵە؛ پڕۆسەی پێدانی ڕەگەزنامە بە کوردانی بێ ناسنامە لە سووریا دەستی پێکرد

پەنجەرە

لە هەفتەی ڕابردووەوە، سەنتەرەکانی تۆمارکردن لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستیان کردووە بە پێشوازیکردن لەو کوردە سووریانەی بە “بێ ناسنامە”ئەژمار دەکرێن، ئەوانەی بۆ چەندین دەیەیە لە دەرەوەی تۆمارە فەرمییەکاندا دەژین.

بەڕێنمایی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، دەرگای سەنتەرەکان لە چەندین شاردا کرانەوە، لەوانە: قامیشلۆ، حەسەکە و دێرک، جگە لە سەنتەرەکانی تری حەلەب، دێرەزوور، ڕەققە و دیمەشق، بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی و یەکلاییکردنەوەی دۆخی یاسایی ئەو کەسانەی کە ماوەیەکی درێژە چاوەڕێ دەکەن.

ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی مەرسوومێکە کە لەلایەن سەرۆکی سووریا "ئەحمەد شەرع" لە مانگی کانوونی دووەم دەریکرد، کە ناوەڕۆکەکەی جەخت دەکاتەوە لە پێدانی ڕەگەزنامەی سووری بەو هاوڵاتییە بە ڕەچەڵەک کوردانەی لە سووریا نیشتەجێن، ئەوەش دوای دەیان ساڵ لە بێبەشکردنی سەدان هەزار کەسیان لە ڕەگەزنامە. هەروەها مەرسوومەکە دان بە مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورددا دەنێت، لەوانە هەژمارکردنی زمانی کوردی وەک "زمانێکی فەرمی".

مرۆڤی بێ ڕەگەزنامە

لە هۆڵێکی قەرەباڵغ لە ناو یەکێک لە یاریگاکانی شاری قامیشلۆ، فیراس ئەحمەد لە نێو دەیان پیاو و ژنی کورددا وەستاوە و هەر یەکێکیان مەلەفێکی بچووکیان بەدەستەوەیە کە کورتەی تەمەنێکی پڕ لە چاوەڕوانییە.

فیراس لەگەڵ دەیان کوردی تردا کە بەڵگەنامە و وێنەی کەسییان پێیە، چاوەڕێی نۆرەی خۆی دەکات تا داواکاریی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی سووری پێشکەش بکات؛ ئەو مافەی کە بۆ دەیان ساڵ لە هەزاران کەس زەوت کرابوو.

فیراس (٤٩ ساڵ) بە ئاژانسی "فرانس پرێس" ی وتی: مرۆڤی بێ ڕەگەزنامە بە مردوو ئەژمار دەکرێت. تێبگەن کە من نەمدەتوانی منداڵەکانم تۆمار بکەم، یان خانوو بە ناوی خۆمانەوە بکەین. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە "باپیرم ڕەگەزنامەی نەبوو، ئێمەش تا ئێستا بێ بەڵگەنامەی فەرمی دەژیاین."

کاریگەرییەکانی بێبەشبوون لە ڕەگەزنامە

بێبەشبوون لە ڕەگەزنامە ڕەنگدانەوەی بەسەر تەواوی وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەوە هەبووە؛ لە نەتوانینی تۆمارکردنی منداڵ و چەسپاندنی خاوەندارێتی موڵکەوە، تا دەگاتە سەختییەکانی خوێندن، هاتووچۆ، کارکردن و سەفەرکردن. ئەمە وایکردبوو زۆرێک لەوان لە پەراوێزی دەوڵەتدا بمێننەوە بێ ئەوەی دانپێدانانێکی یاسایی تەواو بە بوونیاندا هەبێت.
بێبەشکردنی کورد لە ڕەگەزنامە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکارە نائاساییەکانی پاش سەرژمێرییە مشتومڕاوییەکەی ساڵی ١٩٦٢ لە پارێزگای حەسەکە، کە بەهۆیەوە ڕەگەزنامە لە ٢٠٪ی پێکهاتەی کوردی ئەو کاتە سەندرایەوە.
بەهۆی ئەوەوە، کوردەکان کە ژمارەیان نزیکەی ٢ ملیۆن کەسە (لە کۆی ٢٠ ملیۆن سووری)، بەدەست پەراوێزخستن و چەوساندنەوە لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی سووریاوە دەیناڵاند، بۆ چەندین دەیە خوێندن بە زمانی دایک و ئاهەنگگێڕان لە بۆنە و جەژنەکانیان لێ قەدەغە کرابوو.
گالیا کلەش، دایکی پێنج منداڵە، وتی: دووچاری زۆر سەختی بووینەوە، پێنج منداڵەکەم نەیانتوانی خوێندن تەواو بکەن، هەرگیز نەماندەتوانی گەشت بکەین. تەنانەت تا ئێستا خانووەکەمان بە ناوی خۆمانەوە نییە."

ئامار و داواکارییەکان

بەپێی خەمڵاندنەکانی "تۆڕی قوربانیانی بێ ڕەگەزنامەی کورد" لە حەسەکە، ژمارەی بێ ناسنامەکان لە سووریا ئێستا دەگاتە نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس.
عەلی مووسا، ئەندامی تۆڕەکە، داوا لە دەسەڵاتداران دەکات "نەرمییەک بنوێنن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە بکەن کە لە دەرەوەی سووریا نیشتەجێن" و مەرسوومەکەی شەرع نەیگرتوونەتەوە، بە تایبەت کە زۆرێکیان بەهۆی بارودۆخی شەڕی ئێران و داخرانی فڕۆکەخانەکان یان ترسیان لەدەستدانی مافی پەنابەری لە ئەوروپا، ناتوانن بگەڕێنەوە.

بڕیارە سەنتەرەکانی تۆمارکردن بۆ ماوەی یەک مانگ کراوە بن. عەبدوڵڵا عەبدوڵا، بەرپرسی کاروباری باری شارستانی لە حکومەتی سووریا، دەڵێت: "ماوەی دیاریکراو بۆ تۆمارکردن یەک مانگە و دەکرێت درێژ بکرێتەوە. گەورەترین قەرەبوو بۆ ئەم خەڵکە، بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەیە دوای بێبەشبوونیان بۆ ئەو هەموو ساڵە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو