تورکیا و ڕووسیا لە پێشەنگدا؛ بۆچی بانکەکان دەستیان بەفرۆشتنی یەدەگی زێڕ کردووە

١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٥ پاش نیوەڕۆ

تورکیا و ڕووسیا لە پێشەنگدا؛ بۆچی بانکەکان دەستیان بەفرۆشتنی یەدەگی زێڕ کردووە

پەنجەرە 

لە وەرچەرخانێکی نائاساییدا لە بازاڕی زێڕ، هەندێک لە بانکە ناوەندییەکان بەشێک لە یەدەگی زێڕی خۆیان فرۆشتووە، لەکاتێکدا ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە خواست لەسەر زێڕ زیاد دەکات.

چی ڕوویداوە؟

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بانکە ناوەندییەکان گەورەترین کڕیاری زێڕ بوون لە جیهاندا، بەڵام بەم دواییانەدا وەبەرهێنەران تێبینی جوڵەی پێچەوانەیان کردووە لە لایەن هەندێک بانکەوە کە بەشێک لە یەدەگەکانیان فرۆشتووە.

دیارترین وڵاتەکان 

* تورکیا: وەک گەورەترین فرۆشیاری زێڕ لەم دواییانەدا دەرکەوتووە. بۆ پشتگیریکردنی دراوی ناوخۆیی (لیرە)، پەنای بۆ فرۆشتنی بڕێکی زۆر لە یەدەگەکەی بردووە. بەپێی شیکارییەکانی کۆمپانیای "میتالز فۆکس"، تەنها لە مانگی ئازاردا یەدەگی بانکی ناوەندی تورکیا بە بڕی 131 تەن کەمی کردووە.

* ڕووسیا: بەشێک لە یەدەگی زێڕی خۆی کەمکردووەتەوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە. بانکی ناوەندی ڕووسیا نزیکەی 15 تەن زێڕی لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا فرۆشتووە، کە ئەمە بەرزترین ئاستی فرۆشتنە لە ساڵی 2002وە.

* وڵاتانی تر: وڵاتی گانا پەنای بۆ فرۆشتنی بەشێک لە یەدەگەکەی بردووە، پۆڵەنداش تاوتوێی بە کاشکردنی زێڕ دەکات بۆ دابینکردنی خەرجییە بەرگرییەکانی، سەرەڕای ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا یەکێک بووە لە گەورەترین کڕیارەکان.

هۆکاری ئەم جوڵەکان

ئەم هەنگاوانە لە سایەی فشارە ئابوورییە زیادبووەکاندا دێن، لەوانە:
١- بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کە باری وڵاتانی هاوردەکاری وزەی قورستر کردووە.
٢- بەهێزیی دۆلار و زیادبوونی تێچووی قەرزکردن.
٣- پێویستی بانکە ناوەندییەکان بە سەرچاوەی خێرای نەختێنە (سیولە) بۆ داپۆشینی خەرجییە زیادەکان.

ئایا قەیرانەکان هاوکێشەکەیان گۆڕیوە؟

"ئادریان ئاش"، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە "بۆلیۆن ڤۆڵت" دەڵێت: بانکە ناوەندییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا زێڕیان وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ کاتی قەیران کۆکردووەتەوە، ئێستاش ئەو قەیرانانە هاتوونەتە پێش، بۆیە هەندێک بانک دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی ئەو یەدەگانە.

کاریگەری لەسەر نرخەکان

"نیکی شێڵز"، شیکەرەوە لە کۆمپانیای "MKS Pamp" ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆریی دەنگۆکان دەربارەی فرۆشتنی زێڕ لە لایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، بووەتە هۆی دابەزینی نرخەکەی بە بڕی نزیکەی 1000 دۆلار لە بەرزترین ئاستی چەند هەفتەی ڕابردووی.

ئایا ئەمە ئاڕاستەیەکی گشتییە؟

"ئیدموند مۆی"، بەڕێوەبەری پێشووی دامەزراوەی لێدانی دراوی ئەمریکی، پێی وایە ئەم جوڵانە تەنها لە چەند بانکێکی ناوەندی سنووردارەوە سەرچاوەی گرتووە و هەر وڵاتێک هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە، بۆیە ناتوانرێت وەک وەرچەرخانێکی گشتی لە سیاسەتی بانکە ناوەندییەکاندا هەژمار بکرێت.

داتاکان چی دەڵێن؟

ئامارەکانی "ئەنجومەنی جیهانیی زێڕ" ئاماژە بە خاوبوونەوەی ڕوونی کڕینی زێڕ دەکەن. لە کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵدا کڕینەکان نزیکەی 31 تەن بووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا 50 تەن بووە.

گۆڕانکارییەکی تاکتیکی

بە کورتی، جوڵەکانی ئەم دواییەی هەندێک لە بانکە ناوەندییەکان گوزارشت لە وەرچەرخانێکی تاکتیکی دەکەن کە فشارە نائاساییەکان سەپاندوویانە، نەک گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە تێڕوانین بۆ زێڕ. لەکاتێکدا هەندێک وڵات ناچار بوون بۆ پێداویستییە بەپەلەکانیان زێڕ بفرۆشن، بەڵام هێشتا هۆکارە بنەڕەتییەکانی پشتگیری لە نرخی ئەم کانزا بەنرخە بەردەوامن.

سەرچاوەکان: فاینانشناڵ تایمز، ئەنجومەنی زێڕی جیهانی، مۆسکۆ تایمز، ئەرقام


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو