لە ئاگربەستەوە بۆ شۆڕشی برسییەکان؛ قەیرانی ئابووریی ئێران دەگاتە لوتکە
١٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخی ئابووری و بژێوی گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.
بەردەوامی پچڕانی ئینتەرنێت هاوکات لەگەڵ ئیفلیجبوونی بازاڕ و شەپۆلێکی نوێی بێکاری، فشارێکی گەورەی خستووەتە سەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان.
گرانبوونی نرخەکان و لەدەستدانی هەلی کار
ماڵپەڕی "ئیندپێندێنتی فارسی" بڵاویکردەوە کە ژمارەیەک لە شارەکان، بەتایبەتی تاران، بینەری هەڵکشانی لەناکاوی نرخەکان و داکشانی بەرچاوی داهاتن.
شەڕ و ئاڵۆزی هۆکاری لەدەستدانی هەلی کارە، ئەمەش وایکردووە چینێکی فراوانی دانیشتووان بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر ببنەوە.
یەکێک لە دانیشتووانی تاران لە پەیامێکدا دەڵێت:دۆخی دەروونی و دارایی زۆر خراپترە لەوەی لە دەرەوە دەبینرێت؛ ئینتەرنێت بڕاوە، زۆر کەس کارەکانیان لەدەستداوە، خەڵکی بۆ کڕینی خۆراک کەلوپەلە دەستییەکانیان وەک زێڕ یان کەلوپەلی ناوماڵ دەفرۆشن. هەمووان تووڕە و ماندوون؛ گرانی، بێکاری، فشارە ئەمنییەکان و دەستگیرکردن، چیتر هیچ هیوایەک نەماوە."
ئاژانسی حکومی "ئیلنا" لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە بازاڕی کار لە تاران و خوزستان (ئەهواز) ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕی ئەم دواییە زیانی گەورەی بە کەرتە بەرهەمهێنەر و خزمەتگوزارییەکان گەیاندووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، دەیان هەزار کەس کارەکانیان لەدەستداوە، تەنها لە پارێزگای خوزستان ژمارەی بێکاران بە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت.
پیشەسازییە سەرەکییەکانی وەک پترۆکیمیایی، پۆڵا و وێستگەکانی کارەبا زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی کار لە سەرتاسەری ئێراندا هەبووە. لە تاران، سەرچاوەکان دەڵێن کە زۆرێک لە یەکە پیشەسازییەکان هێشتا دەستیان بە چالاکی نەکردووەتەوە و پڕۆسەی دەرکردنی کرێکاران لە کۆمپانیا بچووک و گەورەکاندا بەردەوامە.
قەیرانی ئینتەرنێت و ئابووریی دیجیتاڵی
بەپێی ماڵپەڕی "نێت بلۆکس" (NetBlocks)، پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران چووەتە ڕۆژی ٤٨ەم و ماوەکەی لە ١١٢٨ کاتژمێر تێپەڕی کردووە، ئەمەش زیانی ئابووریی بە بڕی ١.٨ ملیار دۆلار لێکەوتووەتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی زۆری ئابوورییە بچووکەکان لە ئێران پشتیان بە سۆشیاڵ میدیا، بەتایبەت "ئینستاگرام" دەبەست، بەڵام پچڕانی ئینتەرنێت بژێوی ملیۆنان کەسی تێکداوە. یەکێک لە دانیشتووانی ئەسفەهان دەڵێت:پێشتر کارکردن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە یارمەتی دەداین بژین، بەڵام ئێستا نە کار هەیە، نە ئینتەرنێت و نە هیوا."
قورسترین دۆخی ئابووری لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا
چاودێران پێیان وایە کۆمەڵێک هۆکاری وەک:
* تەرخانکردنی بودجە بۆ بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکان.
* پاڵپشتیکردنی هێزە دەرەکییەکان لەبری ئابووری ناوخۆ.
* سزاکان و لەناوچوونی ژێرخانەکان.
ئەمانە دۆخێکی ئابوورییان خوڵقاندووە کە لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردووی حوکمڕانی ئێراندا بە قورسترین دادەنرێت. لێکۆڵەران هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی ئەم دۆخە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی "شۆڕشی برسییەکان".
حکومەت بودجە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوخۆ تەرخان ناکات
لە کاتێکدا دانیشتووانی ناوخۆ لە دۆخێکی خراپدان، فاتیمە موهاجەرانی، وتەبێژی حکومەتەکەی مەسعوود پزیشکیان ڕایگەیاندووە کە حکومەت هیچ بودجەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ماڵانە تەرخان ناکات کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵانی پێشتر بەرپرسانی حیزبوڵڵای لوبنان دانیان بەوەدا نابوو کە ئێران تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ماڵە زیانلێکەوتووەکانی ئەوانی بە دۆلار دابین کردووە.